کاتژمێر ٢ی پاش نیوەرۆی ئەمرۆ یەکشەممە ١ی مانگی مەی ٢٠٢٢ی زایینی لە ناوەندی سەرکردایەتی کۆمەڵە رێورەسمێک بۆ رێزگرتن لە رۆژی جیهانیی کرێکار بەرێوە چوو.رێورەسمەکە کە ژمارەیەکی بەرچاو لە هاورێیانی پێشمەرگە و کادر و ئەندامانی کۆمەڵە تێیدا بەشدار بوون بە سروودی ئەنترناسیۆناڵ و راگرتنی دەقیقەیەک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە یادی هەموو گیانبەختکردووانی رێگای ئازادی و بەرابەریی ئێنسان دەستی پێکرد.دواتر هاورێ رەزا کەعبی جێگری سکرتێری گشتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بە بۆنەی رۆژی جیهانی کرێکار قسەوباسێکی پێشکەش کرد کە تێیدا وێرای پیرۆزباییکردنی ئەو رۆژە لە کرێکاران،تیشکی خستەسەر بارودۆخی ئێستای جیهان و ئەو قەیران و نەهامەتییانەی خستەروو کە بەهۆی ناکارامەیی نیزامی سەرمایەداریەوە رووبەرووی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بووەتەوە.هاورێ رەزای کەعبی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وێرای ئاماژە بە بزووتنەوە جەماوەری و مافخوازانەی چین و توێژە جواروجۆرەکانی کۆمەڵگای ئێران، لەسەر پێویستی یەکریزی و رێکخراوبوونی کرێکاران بۆ دابینکردنی ماف و داخوازییەکانیان پێداگری کرد. هەروەها سەبارەت بە دۆخی کرێکارانی کوردستان وێرای ئاماژەکردن بە سیاسەتی دوژمنکارانەی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە گەلی کورد و بە ئەنقەست دواکەووراگرتنی کوردستان لە بواری ئابووری و پیشەسازی و نەزۆک هێشتنەوەی هەموو جۆرە پرۆژەیەکی گرینگ و بنەرەتی ئابووری لە کوردستان،باسی بەتاڵانبردنی سامانی سرووشتی کوردستان و داڕماندنی ژێرخانی ئابووری کوردستانی لە لایەن حکوومەتی ناوەندی ئێرانەوە کرد و،لەسەر پێگە و کاریگەریی و لێکهەڵپێکانی بزووتنەوە جەماوەری و کرێکارییەکانی کوردستان لەگەڵ بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستانی کرد.ئەم رێورەسمە بە بڵاوکردنەوەی سروودی شۆرشگێرانە و لە نێو شایی و هەڵپەرکێی بەشداربوواندا کۆتایی پێهات.