رۆژی سێشەممە رێکەوتی ١٧ی بەفرانباری ١٣٩٨ی هەتاوی(٧ی ژانویەی ٢٠٢٠ی زایینی) شازدەهەمین کۆبوونەوەی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستی بەرپرسی دەورەیی ناوەند (حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران) بەرێوە چوو.
کۆبوونەوەکە بە بەشداری لایەنەکانی ئەندامی ناوەند دەستی بە کار کرد و پاشان دەستووری کاری جەلەسەکە لە لایەن “کاک محەممەد نەزیف قادری “ بەرپرسی دەزگای گشتی پەیوەندییەکانی حدکا و هەروەها بەرپرسی دەورەیی ناوەند خرایە بەر باس و هەر یەك لە بەشداربووان تێبینی و بۆچوونی خۆیان لەسەر خاڵەکانی دەستووری جەلەسەکە بە وردی خستە روو .
بەشێکی دیکەی کاری جەلەسەکە پەیوەندی بە وەزعیەتیی ئێستای ناوچەکە و هەروەها باروودۆخی ئێستای ئێران و هەروەها تەئکید کردنەوە لە سەر بایکۆتی “فەعالی ” هەڵبژاردنەکانی پارڵمانی ئێران بوو و لەو پەیوەندییەدا بریاری پێویست دران.
بە هۆی نزیک بوونەوە لە رۆژی ٢ی رێبەندان، ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری کوردستان ، ئەندامانی ناوەندی هاوکاری هاوڕا بوون لە سەر پێک هێنانی سمینارێکی بەرین بە بەشداری هەموو لایەنەکان و هەروەها راگەیەنەکان .
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا چەندین تەوەری دیکەی پەیوەندیدار بە کاروباری ناوەند تاوتوێ کرا ولەو پەیوەندییەدا بریاری پێویستیان لە سەر درا.
کۆبوونەوەکە دوای چەند کاتژمێر کاری چڕ و پڕ کۆتایی پێهات.
ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران
١٨/١٠/١٣٩٨هەتاوی
٨/١/٢٠٢٠زاینی