کۆنفرانسی ساڵانەی ئەندامانی کۆمەڵە لە وڵاتی ئاڵمان لە رۆژانی ٢٢،٢١ و ٢٣ی مانگی یۆنی ٢٠١٩ لە شاری کۆڵن بە بەشداری کادر و ئەندامان بەرێوە چوو. دوانیوەرۆی رۆژی جومعە کە هاوکات بوو لە گەڵ ٣١ی جۆزەردان رۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵە، کۆنفرانس بە سرودی بانگەواز سرودی رەسمی کۆمەڵە دەستی پێکرد و دواتر چەن ساتێک بێدەنگی بۆ رێز گرتن لە یادی هاورێ سەعید موعینی ناسراو بە خانە یەکەم گیانبەختکردووی کۆمەڵە و سەرجەم گیانبەختکردووانی کۆمەڵە و بزوتنەوەی رزگاریخوازانەی کوردستان راگیرا. دوای شکاندنی بێدەنگیەکە، هاورێ ئاسۆ عەلیخانی ژیاننامەی هاورێ خانەی موعینی و هەروەها شێعرێک بۆ پێشمەرگەی پێشکەش بە بەشداربووان کۆنفرانسەکە کرد.
لە درێژەدا دەستەی بەرێوەبەری کۆنفرانس بە دەنگی ئەندامان هەڵبژێردرا کە بریتی بوون لە هاورێیان فەریبا محەمەدی، ئازاد شاوەیسی و مزەفەر ئەحمەدی. دەستەی بەرێوەبەری ئاجێندا و سەعات کاری کۆنفرانسی خستە بەر دەنگدان و دوای قسە و باس لەوبارەوە ئاجێندا و سەعاتی کاری دیاری کرا و بەمشێوەیە یەکەم رۆژی کۆنفرانس کۆتایی پێهات.
رۆژی شەممە واتە دووهەم رۆژی کۆنفرانس بە راپۆرتی تەشکیلاتی و سیاسی کۆمیتەی ئاڵمان کە لە لایەن هاورێ فەریبا محەمەدی وەک بەرپرسی کۆمیتە پێشکەش کرا دەستی پێکرد. لەو راپۆرتە بە وردی ئاماژە بە کار و چالاکیەکانی یەک ساڵی رابردوو کرا و دوای گفتۆگۆ و را و نەزەری بەشداربووان، راپۆرتی کۆمیتە بە کۆی دەنگ پەسند کرا. لە بەشێکیتری کۆنفرانس قسە لە سەر ئەرک و مافی ئەندامان و پلان بۆ دەورێکی نوێ لە کار و چالاکی ئەندامان لە دەرەوەی وڵات کرا. لەم بەشە ئاماژە بە دۆخی ناوچەکە و گۆرانکاریەکان و دەور و نەقشی کۆمەڵە لە داهاتووی بزاڤی ئازادیخوازانەی کوردستان کرا و هەروەها جەخت لە سەر ئەکتیڤ بوونی ئەندامان لە دەرەوەی وڵات کرا.
دوایین باسی کۆنفرانس لە رۆژی دووهەم تایبەت بوو بە کۆنگرەی ١٤ی کۆمەڵە و هاورێ رەزا کەعبی دەبیری هیاتی ئیجرایی کۆمەڵە لەمبارەوە قسەی کرد. هاورێ رەزا راپۆرتی لە کاری کۆمیسیۆنی ئامادەکاری بۆ کۆنگرە پێشکەش کرد و جەختی لە سەر بەشداری چالاکانەی ئەندامان لە باسی کۆمیسیۆنەکانی پەیوەندیدار بە کۆنگرەوە کرد. هەروەها قسەی لە سەر هەلومەرجی ئێستای کۆمەڵە و کەڵک وەرگرتن لەو دەرفەتانە کرد کە لە بەر دەم کۆمەڵەی زەحمەتکێشاندایە. لەم بەشەش ئەندامان بەشداری چالاکانەیان لە باسەکە کرد و بۆچوونی خۆیان دەربری. جێگای ئاماژەیە جگە لە کاتی دیاریکراوی کۆنفرانس، ئەندامان بۆ تاوتوێ چەند مەسەڵەیەک لە پەراوێزی کۆنفرانس کۆبوونەوەیان گرت و بە گشتی کۆنفرانسێکی پڕ ناوەرۆک و پڕ دەسکەوت بوو.
رۆژی یەکشەممە ٢٣ی مانگ واتە دوایین رۆژی کۆنفرانس تەرەخان کرا بۆ هەڵبژاردنی کۆمیتەی نوێی ئاڵمان. دوای قسوباس و جەخت کردنەوە لە سەر بەشداری راستەوخۆی ئەندامان لە بەرێوە بردنی کارەکانی کۆمیتە،پێنج کەس لە هاورێیان وەک ئەندامی ئەسڵی کۆمیتە و دوو کەسیش وەک جێگر هەڵبژێردران.
لە کۆتاییدا هاورێ عوسمان خەلیلی وەک بەرپرسی کۆمیسیۆنی دەرەوەی وڵات قسەیەکی کورتی کرد و وتی ئەم کۆنفرانسە زۆر سەرکەوتوو بوو، چۆن ئەندامان لەوپەڕی ئامادەیی بۆ کار و چالاکی کۆمیتەی نوێیان هەڵبژارد و ئەمەش دەسکەوتێکی گرنگە. هەروەها کۆنفرانس بە وتەیەکی هاورێ رەزا کەعبی کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێنا.
٢٠١٩/٦/٢٤