رۆژی پێنجشەممە 17ی خاكەلێوەر، وەفدێكی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان بەشداری لەكۆبوونەوەی 6 لایەنی سیاسی رۆژهەڵاتی كوردستان لەسەر پرسی هەڵبژاردنەكانی داهاتووی ئێران كرد كە لە بنكەی سەرەكی كۆمەڵە – رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمۆنیستی ئێران بەڕێوەچوو.
وەفدی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان بریتی بون لە هاوڕێیان: رەزا كەعبی، بەرپرسی دەستەی كارگێڕیی كۆمەڵەو عەتا ناسرسەقزی، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیو بەرپرسی پەیوەندییەكانی كۆمەڵە لەسلێمانی كە پێشنیوەرۆی ئەو رۆژە لەگەڵ پێنج لایەنی سیاسی دیكە: حیزبی دیموکراتی کوردستان، حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئیران، ( کۆمەڵە) ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمونیستی ئێڕان ، کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران ، سازمانی خەباتی کوردستانی ئیران كۆبوونەوە .
لەو کۆبوونەوە یە دا نوێنەرانی هەر کام لە لایەنەکانی بەشدار، وێرای ئاماژە بە ناتەبایی سیستەمی کۆماری ئیسلامی لە گەڵ هەڵبژاردنی ئازاد و، ناوبردنی کۆسپ و ئاستەنگەکانی بەردەم هەڵبژاردنی ئازاد لە كۆماری ئیسلامی هەر کامیان لە ڕوانگەی خۆیانەوە کەشوهەوای سیاسیی ئەم دەورەیە و تایبەتمەندیی ململانێیەکان لە هەر دوو هەڵبژاردنی سەرکۆماری و شوراکانیان دا شیکردەوەو زۆربەی بۆچوونەكان سوورن بوون لەسەر بایكۆتكردنی هەڵبژاردنەكان كە بڕیارە 29ی مانگی گوڵان لە ئێران بەڕێوەبچێت.
پاش كۆبوونەوەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسی ئەنجامی كۆبوونەوەكە بۆ میدیاكان باسكراو راگەیەنرا لەماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا لایەنە سیاسییەكان لە هەمان شوێن كۆدەبنەوە بۆ ئەوەی لەو كۆبوونەوەیەدا بڕیار لەسەر راگەیاندنێكی هاوبەشی شەش لایەنی سیاسی رۆژهەڵاتی كوردستان لەسەر هەڵبژاردنەكان بدرێتو میكانیزمەكانی بایكۆت كردنێكی چالاك قسەوباسی زیاتر لەسەر بكرێت.