دوێنێ هەینی 27ی مارس لەسەر داوای چالاكانی مەدەنی ئەفغان گردبوونەوەیەكی ناڕەزایی بە سوتاندنی ژنێك لە ئەفغانستان لە ناوەندی شاری فرانكفۆرتی ئاڵمان و شاری ئالبۆرگی دانمارک بەڕێوەچوو كە تێیدا وەفدی كۆمەڵە بەشداربوون.
لە چالاكییەكەدا كە لەژێر ناوی “عەداڵەت بۆ فەرخوندە” بەڕێوەچوو، چەندین وتار پێشكەش كراو تێیدا ئایین بە گشتییو ئیسلام بە تایبەتی، وەك سەرچاوەی توندوتیژییو كوشتنی ژنان پێناسەكرا.
لەگردبوونەكەدا بەشداربووان خوازیاری بەردوامیی ئەو جۆرە چالاكییانە بوون، هەروەها داوایان لەحكومەتی ئەفغانستان كرد 31 هەڵسوڕاوی مەدەنی بەندكراو ئازاد بكەن كە لەخۆپیشاندانێكدا ئیدانەی سوتاندنی فەرخوندەیان كردبوو.
وەفدی كۆمەڵە كە لەهاوڕێیان نەوید مێهراوەر، خەلیل دەشتیو مزەفەر ئەحمەدی پێكهاتبوون، بەشداری گردبوونەوەكە بوون، بە ئیدانەكردنی سوتاندنی فەرخوندە هاوپشتی خۆیان بۆ خەباتی چالاكانی مەدەنی ئەفغان دووپاتكردەوە.
هاوكات مەراسیمێكی هاوشێوە لەشاری ئالبورگ لە وڵاتی دانمارك بەڕێوەچوو كە تێیدا هاوڕێ كوێستان جەعفەری ئەندامی كۆمیتەی دانماركی كۆمەڵە لە ئالبورگ بەشداری رێوڕەسمی ئیدانەكردنی سوتاندنی فەرخوندە بوو و تێیدا سەرەڕای ئیدانەكردنی ئەو تاوانە، هاوپشتی كۆمەڵەی بۆ خەباتی هەڵسوڕاوانی مەدەنی بۆ مافەكانی ژنان دووپات كردەوە.