رۆژی 31ی جۆزەردان رێوەڕەسمێك بە بۆنەی رۆژی پێشمەرگەی كۆمەڵە لەسەر گڵكۆی هاوڕێ سەعیدی موعینی ناسراو بە خانە، یەكەمین گیانبەختكردووی كۆمەڵە، بە بەشداری سكرتێرو ئەندامانی سەركردایەتیو ژمارەیەك لە كادرو پێشمەرگەكانی كۆمەڵە بەڕێوەچوو.
رێوڕەسمەكە بە سرودی بانگەوازو راگرتنی چەند ساتێكی بێدەنگی بۆ یادی كاك سەعیدی موعینیو هەموو گیانبەختكردوانی كۆمەڵە دەستی پێكرد. پاشان هاوڕێ عومەر ئێلخانیزادە، سكرتێری گشتیی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان بەبۆنەی ئەم رۆژەوە چەند وتەیەكی پێشكەش كردو لە وتەكانیدا بە ئاماژە بە كارو خەباتی هاوڕێی گیانبەختكردوو كاك سەعیدی موعینیو دەورونەقشی كۆمەڵە لە بزوتنەوەی حەقخوازانەی خەڵكی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان جەختی لەسەر بەهێزبوونی بەرەی چەپ لە ناوچەكە كردەوەو پێداگریی لەسەر هەوڵو تێكۆشانی زیاتری كۆمەڵە كردەوە بۆ دەستەبەركردنی مافەكانی خەڵكی كرێكارو زەحمەتكێشی كوردستان.
پاش قسەكانی هاوڕێ عومەر، پەیامی رێكخراوی ئاسۆی ژنی كورد لەلایەن هاوڕێ ئاوا خوێندرایەوە. لەكۆتایی رێوڕەسمەكەدا بە دانانی گوڵ لەسەر گڵكۆی هاوڕێ سەعیدی موعینی لەلایەن پێشمەرگەكانی كۆمەڵە كۆتایی بە رێوڕەسمەكە هات.