بە بۆنەی رۆژی جیهانی كرێكار رێوڕەسمێكی شكۆدار لە ناوەندی سەركرایەتی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان بەڕێوەچوو.
پاش نیوەرۆی رۆژی هەینی 1 مانگی مەی ساڵی 2014، بەشداری كادرو پێشمەرگەو ئەندامانی كۆمیتەی ناوەندیو لایەنگرانی كۆمەڵەو ژمارەیەك میوان، رێوەڕەسمێكی شكۆدار بە بۆنەی رۆژی كرێكار لە هۆڵی شەهید ئێحسان فەتاحیان لە ناوەندی سەركردایەتی كۆمەڵە بەڕێوەچوو.
سەرەتای رێوڕەسمەكە بە سرودی ئەنترناسیۆناڵ، سرودی هاوپشتی چینی كرێكار دەستی پێكرد، پاشان بۆ رێزگرتن لە یادی هەموو گیانبەختكراوانی رێگای ئازادیو سوسیالیزم چەند ساتێك بێدەنگی راگەنرا.
پاشان راگەیاندنی كۆمیتەی ناوەندیی كۆمەڵە لەلایەن هاوڕێ وەلی رۆستەمی، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی كۆمەڵە خوێنرایەوە.
بەدوای ئەوەدا پەیامی رێكخراوەكانی كۆمەڵە بە بۆنەی رۆژی كرێكار لەلایەن هاوڕێ سنور حەنیفی پور لە رێكخراوی ئاسۆی ژنی كورد خوێندرایەوە.
بەشی دووەمی مەراسیمەكەش بۆ شاییو هەڵپەڕكێ تەرخان كرابوو.