ماشینی كوشتاری كۆماری سێدارەی ئیسلامی راناوەستێ
بزوتنەوەی دژایەتی لە گەڵ كوشتنی مرۆڤ لە ژێر ناوی ئیعدام و یاسا رۆژ لە گەڵ رۆژ زیاتر پەرە دەسێنێت و زۆرتر لە لایەن مرۆڤە پێشكەوتوو و ئازادیخوازەكان مەحكوم و شەرمەزار دەكرێت.
كۆماری ئیسلامی بەردی بناغەی یەكێك لەهارترین رژیمەكانی هاوچەرخی بە سێدارەدان ئەویش لە جۆری نامرۆڤانەترین شێواز واتە ئیعدام لە پێش چاوی خەڵك، داناوە. شەپۆلی ئیعدامەكانی دەیەی شەست بە ئیعدامی هەزاران زیندانی سیاسی لە خەرمانانی 1367 رەهەندێكی ترسناكی لە خۆ گرت. هیچ نیشانەیەك لە وەستانی ماشینی سەركوت وكوشتنی كۆماری ئیسلامی بەدی ناكرێت و حكومەتی ؛ئیعتداڵ؛ی ئێستا كە بە ؛نەرمشی قارەمانانە؛ و سەفەرە دیپلۆماتیەكان دەیهەوێت سیمایەكیتر لە سیستەم و كۆماری سێدارەی ئیسلامی نیشان بدات، بە بەردەوامبوونی ماشینی كوشتاری ئیعدام بەرەو پێش دەچێت. لە كاتی هاتنەسەركاری روحانیەوە هەموو رۆژێك دوو كەس لە سێدارە دەدرێن.
دوای هاتنە سەركاری كۆماری ئیسلامی، شەپۆلی ئیعدامی خەباتگێڕانی سیاسی و خەڵكی مەدەنی لەكوردستان لە پادگان و لە بیابان و پەنای دیوارەكان، یەكەم حزوری ئەم رژیمە لە كوردستان بوو كە بە ئیعدامی ژنان و تازە لاوان و خەباتگێرانی سیاسی، رەهەندێكی ترسناكی لە خۆ گرت.
ئێستاكە زیاتر لە سی زیندانی سیاسی كوردستان بە مەرگ مەحكوم كراون و هەموو رۆژێك ئەگەری لە سێدارەدانی ئەوان لە ئارادایە. ساڵانێكە ئیعدامی سیاسی تەنیا لە كوردستان جێبەجێ دەكرێت و كۆماری ئیسلامی، كوردستان و سەركوت وبێ مافی ئەوان، وەك پێوەر و هەڵسەنگاندنی سەركوت و چاوترسێن كردنی كەسانیتر بە كار هێناوە.
هاودەنگ لە گەڵ كۆمەڵگای جیهانی و ئازاد و شارستانی دنیای ئەمرۆ، دژایەتی و بێزاری خۆمان دژی سزای ئیعدام دەردەبڕین و خەبات بۆ هەڵوەشاندنەوەی لە ئاجێندای كاری خۆمان دادەنین و وەك یەكێك لە بنەماكانی بەرنامەی ئێمە دێتە ئەژمار كە دەبێ لە ریزی چالاكیەكانی ئۆرگان و تەشیكلاتەكانی كۆمەڵە دابنرێت.
كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
10ی ئۆكتۆبری 2013