خەڵكی مافخوازی كوردستان!
ڕۆڵە وشیارەكانی گەلی كورد لە ڕۆژهەڵاتی نیشتمان!
هۆگران! پارێزەران و بەرگریكارانی زمانی كوردی لە وڵاتی ئێران!
وەك دەزانن ٢١ی فێوریەی هەموو ساڵێك (ئەمساڵ ٢ی ڕەشەمە) لە ئاستی جیهانیدا وەك ڕۆژی زمانی دایك ناسراوە و لەنێو گەل و نەتەوەكانی جیهاندا بە شێوازی جۆراوجۆر یادی دەكرێتەوە.
مرۆڤ،بوونەوەرێكی شوناسخوازە و زمان لە نواندن و سەلماندنی ئەو شوناسەدا پێگەیەكی تایبەتی هەیە. زمان پڕرەنگترین نوێنگەی شوناسی مرۆڤە. مرۆڤ بە رێگەی زمان، ژیان و شوناسی خۆی و دەوروبەر مانا دەكاتەوە. زمانی دایك، نەك هەر زمانی ئاخاوتن، بەڵكوو زمانی عاتیفە،زمانی هەست و بیركردنەوەی مرۆڤەكانە. هەر ئەم ڕاستیانەش وای كردوە ناوەندە نێودەوڵەتییەكانی بەرگری لە مافی مرۆڤ، گرنگی بە مافەكانی پێوەندیدار بە زمان بە تایبەتی پاراستن و پەرەپێدانی زمانی دایك بدەن. بەشێك لەو مافانە لە پەسندكراوە نیودەوڵەتییەكانی وەك ڕاگەیەندراوی جیهانیی مافەكانی مرۆڤ، ڕێككەوتننامەی نێونەتەوەیی مافە مەدەنی و سیاسییەكان، كۆنوانسیۆنی نەهێشتنی هەڵاواردن لە سیستمی پەروەردە و فێركاریدا، كۆنوانسیۆنی مافەكانی منداڵان، كۆنوانسیۆنی نێونەتەوەیی لابردنی هەرچەشنە هەڵاواردنێكی نژادی، بەیاننامەی مافی كەمینە مەزهەبی، نەتەوەیی، ئێتنیكی و زمانییەكان و ڕاگەیەندراوی جیهانیی مافە زمانییەكاندا، ڕەنگیان داوەتەوە و پێیان لە سەر داگیراوە.
ئێران لە رووی پێكهاتەی زمانی،نەتەوەیی،ئایینی و كولتوورییەوە،وڵاتێكی فرەچەشن و فرە نەتەوەیە. بەڵام دەسەڵاتە یەك لە دوای یەكەكانی ئێران لە جیاتی داننان بە بوونی ئەو نەتەوانە و بە ڕەسمی ناسینی مافەكانیان و یەك لەوان قبووڵكردنی خوێندن بە زمانی خۆیان، ئینكار و سەركوت و لە پەڕاوێز خستنی ئەو زمانانەیان كردوە بە سیاسەتی خۆیان. بە فەرمی نەناسینی مافی خوێندن بە زمانی دایك بۆ ئەم نەتەوانە، لە رووی دەروونی،پەروەردە،كولتووری و زمانییەوە بووە بە سەرچاوەی گرفتی گەورە و زیانی قەرەبوونەكراو. لێكدانەوە و خوێندنەوەی ئیدئۆلۆژیك و سیاسی لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە، ئەم مافەی بەرەو ئاقارێكی دیكە بردووە. سیستمە شوینیستیەكان،شوناسی خۆیان تێكەڵكێشی زمانی باڵادەست كردوە و وەك ئامرازێك بۆ سەركوت و لەپەراوێزخستنی زمانی نەتەوە بندەستەكانی ئێران بە كاریان هێناوە. دەسەڵاتداران لە پەیوەندی لە گەڵ مافی زمانی و مافەكانی دیكەی پێكهاتەكانی ئێران، كۆمەلێك پاساو و هۆكار دێننەوە كە لە بنەڕەتدا بەلارێدا بردنی واقعی كێشەكەیە، بۆ نموونە بە كارهێنانی چەمكی “كەمینە” و “وردە فەرهەنگەكان”. بە تەواوی ئاشكرایە كە كۆی كەمینەكان(نەتەوە ژێردەسەتەكان)،زۆرینەی دانیشتوانی ئەم وڵاتە پێكدێنن لە كاتێكدا لە سەرەتاییترین مافەكانیان بێبەشن. ئەم چەمكانە لەسەر بنەمای هەڵاواردن و بە فەرمی نەناسینی جیاوازییەكان و نكۆڵی كردن لە مافە سروشتی و سیاسیەكانی سەرجەم پێكهاتە نەتەوەیی و زمانی وئایینیەكانی ئەم وڵاتە بنیات نراوە. ئەمەش راستەوخۆ دەكەوێتە چوارچێوەی سەركوتێكی سیستامتیكەوە كە لایەنێكی یاسایی پێدراوە.
لە روانگەی دەسەڵاتدارانەوە، زمانی دایكیش هەڕەشەیە بۆ سەر “بەرژەوەندی نەتەوەیی”،”یەكپارچەیی خاك” و لە هەمانكاتدا، بیانوویەكە بۆ جیابوونەوە و سەربەخۆیی خوازی. هەر بۆیە پێیان وایە كە ئەم چەمكە فەرمییانە دەبێت كۆڵەكە سەرەكییەكانی” شوناسی رەسەنی” ئێرانی بن.
لایەنگرانی سیاسەتی تەك زمانی، بریتین لەو كەسایەتی، رەوت و لایەنانە كە تەنها خاڵی هاوبەشیان،رەنگە هەمان زەروورەتی پاراستی پێگەی پاوانخوازانەی زمانی نەتەوەی باڵادەست بێت. ئەمە لە هەمان كاتدا بووەتە هۆی بە كەم گرتنی زانست و ئەدەب و كولتووری نەتەوەكانی دیكە و بێ بایەخ كردن و تواندنەوەیان. گرتنەبەری ئەمسیاسەته، لە راستیدا بنەمای فكری، سیاسی و ئیدئۆلۆژیی دەسەڵاتدارانی ئێران و رەوتە بێدەسەڵات و هاوبیرەكانیان بووە بە درێژای مێژوو تا دەگاتە ئێستا.
ئەم جۆرە روانین و سیاسەتە،بە كردەوە گورزێكی مەترسیداری لە پێكهاتەی فرەچەشن و رەنگاڵەیی ئێران داوە و مەترسی لەناوچوون و لەپەراوێزخستنی شوناسی نەتەوەیی نەتەوەكانی دیكەی بەدواوە بوو. بەڵام، بێ توانایی و لاوازیی پێكهاتەیی سیستمی سیاسی لە بەرەوپێشبردنی رەوتی یەكسانسازی و ئاسێمیلاسیۆنی فەرهەنگی و زمانی لە لایەك و وشیاریی نەتەوە بندەستەكان و بەرگریكردنیان لە زمانی خۆیان،هۆكاری سەرنەكەوتنی بووە.
ئەم ئیدیعایە كە بە فەرمی ناسینی زمانەكانی غەیرە فارسی، دەبێتە هۆی بەهێزبوونی ویست و ئۆگری بە جیابوونەوەی نەتەوەكانی غەیرە فارس،زۆرتر لە ژێر كاریگەری “تئوری توگئه” و ماهییەتی پاوانخوازانەی دەسەڵات و دەسەڵاتداراندا بووە. ئاشكرایە كە سەپاندنی زمانێكی تایبەت دەكەوێتە چوارچێوەی زمان كوشتن و سەركوتێكی سیستماتیك بە تەواوی ماناوە. لە كاتێكدا لەم سەردەمەدا بە دەیان وڵاتی جیهان زیاتر لە یەك زمانی فەرمییان هەیە،سیستمی پەروەدرە وفێركارییان چەند زمانەیە و زۆربەشیان خاوەنی سیستمێكی سیاسی سەقامگیر و دێموكراتیكن.
ئێمەی نەتەوەی كوردیش، وەك نەتەوەیەكی خاوەن فەرهەنگ و شارستانیەت، لە رابردوو و تەنانەت لە ئێستاش كە زمان و كولتوورمان لەلایەن كولتوورە زاڵ و باڵادەستەوكانەوە مەترسیی سڕینەوە و لەناوچوونی لەسەرە، بە ئەركێكی نیشتمانی هەر تاكێكی كوردی دەزانین پرسی زمانی دایكی و پاراستنی بە هەند وەربگرێ و هەوڵی پاراستن وگەشەپێدانی بدات.
بانگاوازی ئێمە:
ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران وێڕای پیرۆزبایی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایك لە نەتەوەی كورد و نەتەوەكانی دیكەی ئێران، بە ڕێز و پێزانینەوە ئاوڕ لە هەوڵ و خەباتی دڵسۆزانەی ڕووناكبیران، مامۆستایان، نووسەران،تویژەران و وێژەوانانی كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و نیوخۆی ئێران دەداتەوە كە سەرەرای گوشار و هەرەشە و كارشكێنیی دام و دەزگا حكوومەتییەكان، لە پاراستنی زمانەكەیان و خزمەتكردن و بووژاندنەوەی غافڵ نین.
لە پێشوازی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایكدا بانگەوازی ئێمە بۆ تێكڕای ڕۆڵەكانی گەلەكەمان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان ئەوەیە: ڕۆژی زمانی دایك بكەن بە دەرفەتێك بۆ دەنگ هەڵبڕێن دژی سەركوتی زمانی و پێشێلكردنی مافی نەتەوەیی كورد و پێكهاتە جیاوازەكانی دیكەی ئێران. بەڕێوەبەرانی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی نزیكەی ٤٠ ساڵە تەنانەت لە سەر ڕێی جێبەجێبوونی ئەو لانیكەمە لە مافی زمانیی پێكهاتەكانی ئێرانیش كە لەقانوونی ئەساسیدا هاتوە،بوون بە كۆسپ و ڕێگر و كردوویانە بە هەوێنی بانگەشەی مۆرەكانی خۆیان لە بە ناو هەڵبژاردنەكاندا و، بەم جۆرە گاڵتە بە شوعوور و ویستی ئەو پێكهاتە نەتەوەیی و زمانییانە دەكەن.
ئێمە داواكارین لە ڕۆژانی داهاتوودا و بە تایبەتی لە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایكدا، بە ئامانجی مەحكوومكردنی ستەم و سەركوتی زمانی و نەتەوەیی لە ئێران و، بەرزڕاگرتنی زمان و شوناسی نەتەوەیی خۆتان ببن بە یەكپارچە چالاكی. چاوەروانیی ئێمە ئەوەیە لە زانكۆكان، قوتابخانەكان،ئیدارەكان، بنكە و ناوەندە كولتوورییەكان، تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، لەو ڕاگەیەنانەی دەنگتان پێیان دەگا، بەو پەڕی ڕاشكاوی و بوێرییەوە نارەزایەتی و بێزاریی خۆتان لە سیاسەتی زمانی و نەتەوەیی كۆماری ئیسلامی نیشان بدەنەوە. داوامان لە سەرجەم چین و توێژەكانی كۆمەڵگای كوردستان،مامۆستایان، قوتابیان، خوێندكاران و چالاكانی فەرهەنگی و مەدەنی ئەوەیە كە بە هەر شێوەیەك بۆیان دەگونجێ،لە پێشوازی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایكدا، یەكگرتوانە و بە كردەوە دەنگی مافخوازانەی خۆیان بەرز بكەنەوە.
بە هیوای هەر چی پڕ شكۆتر بەڕێوەچوونی ڕۆژی زمانی دایك لە كوردستان
ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران
٢٨ی ڕێبەندانی ١٣٩٦ هەتاوی
١٧ی فێورییەی ٢٠١٧ی زایینی