خولقێنەرانی مێژووی خود
کاتێک رۆژی ٢٨ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی، خومەینی فەرمانی هێرشی هەمەلایەنەی بۆ سەر کوردستان دەرکرد، نە کەس چاوەڕوانی ئەوەی دەکرد و نە پانتایی تۆقێنەری ئەو جەنایەتانە لە کەس روون بوو کە لەلایەن سەربازانی ئیسلام و خەڵخاڵی و پاسدارانەوە خوڵقا.
بەڵام کۆماری ئیسلامی هەر لە یەکەم رۆژەکانی قۆرخ کردنی دەسەڵاتەوە، نەوەک هەر دژایەتیی خۆی لەگەل کوردستان، لەگەڵ خەڵکی راپەڕیوی کوردستان لە قۆناغێکی گونجاوی مێژووییدا بۆ گەیشتن بە مافەکانیان،لە بەرامبەر حیزب و رێکخراوە سیاسییەکان و هەر بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیی نەگونجاو لەگەڵ پیلانەکانی دەسەڵاتدارانی رژێم، نەشاردەوە، بەڵکوو هەر لە رۆژانی سەرەتاوە کەوتە بیانووگرتن و دەست کەوتنی دەرفەتێک بۆ هێرش و پێشگیری لە گەشەی بزووتنەوەی کوردستان. سەرەتا لە یەکەم رۆژەکانی دوای ٢٢ی رێبەندان و بە هێرشی پڕوپاگەندە و میدیایی دەستیان پێکرد و تۆمەتی ناڕەوا و درۆی گەورەیان بۆ گەلی کورد هەڵبەست. پاشان نەورۆزی خوێناویی سنەیان بەسەر خەڵکی خەباتکاری شاری سنە و کوردستاندا سەپاند و سڵیان لە هیچ پیلانێک نەکردەوە بۆ هێرش کردنە سەر کوردستان و بزووتنەوە رزگاریخواز و جەماوەرییەکەی کە لەگەڵ رووخانی دەسەڵاتی پاشایەتی، دەرفەتی گەشەی بۆ رەخسابوو.
بەڵام گەلی کورد و حیزبە سیاسییەکانی و لە پێشەوەی هەموویان کۆمەڵە وەک هێزێکی نوێخواز و چەپ و سۆسیالیستی بە رێبەرایەتیی کاک فواد، بە جۆش و خرۆشێکی جەماوەریی یەکگرتووانە، جاودێریی رووداوەکانی دەکرد و بە هیوایان بە داهاتوو و گەشەی بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی کوردستان، قۆناغێکی تایبەتی تێپەڕ دەکرد. گەلی کورد یەکگرتووانە و بە ورەیەکی پۆڵایین و بە بیری تیژ و بە دروشمی “ئێمەشەڕمانناوێتبەڵامکۆڵیشنادەین” کەئەوکاتلەسیاسەتیکۆمەڵەولەکەسایەتییکاکفواددابەرچاو بوو، بەرەوپیری رووداوەکان دەچوو. بزووتنەوەی سیاسی و جەماوەریی مانگەکانی دوای هاتنە سەر کاری رژێم، لە کوردستان پەرەی دەسەند.
کۆماری ئیسلامی، کوردستان و ئەو بزووتنەوە سیاسییەی پێ قەبووڵ نەدەکرا کە چوارچێوەی نوێی حکوومەت بۆ دژایەتی کردنی پێکهاتبوو. هەر بۆیە فەرمانی هێرش و فەتوای سەرکوتکردنی کوردستان درا. گەلی کورد بە کەمترین ئامادەیی و کەرەستەی پێویست، بەڵام بە ورەیەکی پۆڵایین، خۆڕاگریی کرد. کۆمەڵە بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک لە ژێر ناوی “گەلی کورد لە بەردەم تاقیکردنەوە” ئەم ورە و خواستەی سەلماند. لەشکری ئیسلام و خومەینی و خەڵخاڵی و سپای پاسداران، بە هزری داگیرکەرانە هاتنە ناو کوردستان. شار و دێهاتیان دایە بەر هێرش و کوشتن و لەسێدارەدانی کوردیان دەست پێکرد. رەشەکوژی و جینۆسایدیان کردە بەرنامەی سەرەکییان.
بەڵام پێشڕەویی رژێم لە کوردستان، سەرەڕای ئەو هەموو جەنایەتەی کە لە ماوەیەکی کورتدا خوڵقاندیان، لەلایەن هێزی پێشمەرگە و راپەڕینی جەماوەرەوە بەرپەرچ درایەوە. ئەم قۆناغە کە بە شەڕی ٣ مانگە ناوی دەرکرد، رژێمی هەتا ناو سەربازخانەکان پاشەکشە پێکرد و ناچاری کرد وەفدی دانوستان -ئەگەرچی بە مەبەستی کات کڕین بۆ خۆ رێکخستنەوە- بەرەو کوردستان بنێرێت.
٣٥ ساڵ لەو سەردەمە تێپەڕی. گەلی کورد مێژووی خۆی خوڵقاند، بەڵام نەک لە هەلومەرجی گونجاوی خۆیدا. ٣٥ ساڵ پاکتاو و کومەڵکوژی و گۆڕینی کوردستان بۆ سەربازخانەیەکی گەورە، بووە بە تێکشکانێکی گەورە و ریسواییەکی بەرین بۆ کۆماری ئیسلامی. خوێنڕێژترین بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی، ئێستا ناویان ئاوێتەی کۆمەڵکوژی و کوشتاری خەڵکی کوردستان بووە. بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی کوردستان، پتەوتر و بەرینتر لەوکات، هەر بەردەوامە. پانتایی جوگرافیای سیاسیی بزووتنەوەی کوردستان و وشیاریی نەتەوەیی و رۆڵی ژنان لە خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتی، بەرینتر بووە. ناوی بزووتنەوەی کوردستان و پێشکەوتووترین هزری مرۆیی و یەکسانیخوازانە و سۆسیالیستی لە هەناوی ئەم بزووتنەوەیەدا، بەرز و خۆشناوترە. بزووتنەوەی کوردستان هەڵگری بەهای بەرزی مرۆڤایەتی و دێمۆکراتیک و پێشکەوتووانەیە کە سەرەڕای خواستە سەرەکییەکەی و گەیشتن بە مافی چارەنووس، ئەم بزووتنەوەیەی لە رووی ناوەرۆک و پەیام و بانگەشەکەیەوە، زۆر بەرینتر کردووە.
لە ٢٨ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٥٨ هەتا ئێستا، بە هەزاران ژن و پیاوی خەباتکاری بزووتنەوەی کوردستان، بە خۆڕاگری و ورەی پۆڵایینەوە، لە بەرەکانی بەرەنگاریی خەڵکی کوردستن و لە ناو زیندان و ئەشکەنجەگاکان و لە خەباتی پێشمەرگانەدا، لە بۆمباران و هێرش بۆ سەر شار و دێهاتی کوردستان، گیانی خۆیان فیدا کردووە و ناویان بووەتە مێژووی نەتەوەیەک کە لە بارودۆخێکی زۆر دژوار و نەخوازراودا، مێژوویەکی پڕ لە شانازییان خوڵقاندووە کە بێگومان سەرچاوەی ئەزموون و شانازی و هیوا بە داهاتووە.
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٢٨ی گەلاوێژی ١٣٩٣