ڕۆژی یەکشەممە ٦ی پووشپەری ١٤٠٠ی هەتاوی ڕێکەوتی ٢٧ی ژوئەنی ٢٠٢١ی زایینی، لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا بڕوانامەی دوکتۆرای فەخری لە لایەن زانکۆی “کۆیە”وە پێشکەش بە بەڕێز “عومەر شێخ موس”، سیاسەتوانی ناسراوی کورد و یەکێک لە دامەزرێنەرانی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان کرا.
لەم ڕێوڕەسمەدا کە بە ئامادەبوونی کۆمەڵێک لە بەرپرسانی باڵای حکومی و حیزبی و، هەروەها کەسایەتییە سیاسی و ئاکادێمیکەکان بەڕێوەچوو،لەسەر بانگهێشتی رەسمیی سەرۆکایەتی زانکۆی کۆیە هەیئەتێکی کۆمەڵە بە سەرپەرستی هاورێ “عومەر ئیلخانیزادە”، سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لەو رێورەسمەدا ئامادە بوون و، پیرۆزبایی وەرگرتنی ئەو پلە زانستییەیان لە بەرێز عومەر شێخ مووس کرد.
کاک “عومەر شێخ مووس” لە شاری”عامودا” لە کوردستانی رۆژاوا لەدایکبووە و، ساڵی ١٩٧٢ بڕوانامەی ماستەری لە زانکۆی ستۆکهۆڵم بەدەستهێناوە، دواتر لەگەڵ هاوژینەکەی گەڕاونەتەوە بۆ پێشمەرگایەتی و لە ساڵی ١٩٧٥دا یەکێک لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەری یەکێتی نیشتمانیی کوردستان بووە. شایانی باسە کە کاک عومەر شێخ مووس وەک کەسایەتییەکی چەپ و پێشکەوتنخواز و خەباتکار دۆستایەتی و نزیکایەتییەکی گەرمی لەگەڵ کۆمەڵە و بەتایبەت هاورێ عومەری ئیلخانیزادە دا بووە و کۆمەڵەش بەچاوی رێزەوە لەو دۆستایەتییەی روانیوە.