شەوی چوارشەممە لە سەر پێنجشەممە ٨ی نۆڤامبری ٢٠١٧ لە کردەوەیەکی تیرۆریستیدا ئەحمەد مولانیسی، رێبەر و یەکێک لە دامەزرێنەرانی بزوتنەوەی ئازادیخوازی ئەلئەحواز لە شاری لاهەی وڵاتی هولەند گیانی لە دەستدا.
بێگۆمان ئەم کردەوە تیرۆریستییە راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە لایەن دەزگا تیرۆریستیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بەڕێوەچووەوە و ئەمە یەکەمجار نیە کە کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی دەست بۆ کاری قێزەونی تیرۆر دەبات و پێیوایە بە کۆشتن و لە ناوبردنی تێکۆشەران دەتوانێ بزوتنەوە ڕەواو ئازادیخوازانەکان لە باربەرێ، تا ئاوات و ئارەزوکانی خەڵکی تینوی ئازادی لە ئێران لە گۆڕ بنێ.
بەڵام ئەمە تەنیا ئارەزوویەکە و قەد بۆ کۆماری نگریسی سێدارە بە دی نایە و گەلی کوردیش لەم بارەوە هەم ئەزموونی هەیە و هەم لە قوربانیداندا پشکی شێری بەرکەوتوو، کەچی بزووتنەوەی رزگاریخۆازی خەڵک لە رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ئازادی و یەکسانی و پێکەوە ژیان رۆژ لە رۆژ بەتایبەت لە رووی مرۆییەوە گەشە دەستێنی و یەکگرتوویی و هاوخەباتی خەڵک بووەتە چەقڵی چاوی داگیرکەرانی کوردستان و بەگشتی هێزە سەرکوتگەرەکانی کۆماری ئیسلامی.
ئێمە سەرەڕای لە قاودان و مەحکومکردنی ئەو کردەوە تیرۆریستییە، هاوخەمیمان بۆ بنەماڵە و کەسوکاری ئەحمەد مولانیسی و هاوڕێیانی لە بزووتنەوەی ئەل ئەحواز دەردەبڕین و وڵاتی هولەند لە بەرانبەر ئەم کارە قیزەونە دا بە بەرپرسیار دەزانین و خوازیارین دەستی کۆماری سێدارە لە بەرانبەر پڕکردنی گیرفانی خۆیان دا ئاوەلە نەکەن و چیدی دادگای لاهە لەمە زیاتر شەرمەزار نەکەن.
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
کومیسۆنی دەرەوەی وڵات
١٠ی نۆڤامبری ٢٠١٧