بە پێی هەواڵی گەیشتوو لە مهابادەوە بە داخەوە کاتژمێر ١٢ی شەوی رابردوو ٤ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی،رەعنا خانمی زەبیحی دایکی هاورێی گیانبەختکردوو نەرمین کەریمی لە شاری مهاباد ماڵئاوایی لە ژیانکردووە.
هاورێ نەرمین کەریمی مانگی خەرمانانی ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی هاورێ لەگەڵ چوار ژنی تێکۆشەریتر لە لایەن رژیمی سەرکوتگەری کۆماری ئیسلامییەوە بێ سەروشوێن کران.
رەعنا خانم بێجگە لەوەیکە ژمارەیەک لە رۆڵە وجگەرگۆشەکانی بە ریزەکانی کۆمەڵە وبزووتنەوەی رزگاریخوازانەی خەڵکی کوردستان پەیوەست بوون،هاوکات خوشکی نووسەر و سیاسەتوانی ناسراوی کورد مامۆستا عەبدوڵرەحمانی زەبیحی لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد(ژێکاف) بوو. رەعنا خانم کە ئەندامی بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر و خەباتکاری شاری مهاباد بوو،بە هۆی دڵسۆزی و بەپەرۆشبوونی بۆ پرسی گەلەکەی،زۆرجار کەوتە ژێر ئازار و ئەزییەتی دەزگای ساواکی حکوومەتی پەهلەوی ودەزگا ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی.
زۆر بەداخەوە ئەم دایکە دڵسۆزە شەوی رابردوو بە هۆی چوونەسەری تەمەن دڵە گەورەکەی بۆ هەمیشە لە لێدان کەوت و ئازیزانی بەجێهێشت.
ئێمە بە بۆنەی ماڵئاوایی لە ژیانکردنی رەعنا خانمی زەبیحی پر بەدڵ سەرەخۆشی لە کەسوکار وبنەماڵەی ئازیزی،بە تایبەت سەرەخۆشی لە کاک عەلی وکاک عەباس وکاک حوسێن وپەروین خانمی کەریمی ومونیرە وپرشەنگ خانمی بلووری و خەڵکی تێکۆشەری شاری مهاباد دەکەین وخۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.
یادی ئازیزی رەعنا خانمی زەبیحی بەرزوبەرێز بێت.
سکرتاریەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٤ی خەرمانانی ١٤٠٠ی هەتاوی
٢٦ی ئاگوستی ٢٠٢١ی زایینی