شەوی 18ی بەفرانباری 1395 خاتوو زارا خودامورادپور، ژنە تێکۆشەری کوردستان و کۆمەڵە و شاری سنەی سەربەرز، دایکی هاوڕێی گیانبەختکردوو جەمشید ناوە و دایکی هاوڕێی دێرینی کۆمەڵە هاوڕێ جەلال ناوە مالئاوایی له ژیان کرد.
له ساڵەکانی سەخت و دژواری دەیەی شەست له ناوچەی سنە خەبات و تێکۆشان و ماندویی نەناسی و ئازایەتی و چالاکی دەیان دایک به خەباتی گەلی کورد و به کۆمەڵە و رێبازەکەی ورە و خۆراگری و خۆشەویستی زۆرتری بەخشی. خاتو زارا یەکێک لەم دایکانە بوو که زۆر چالاکانە له نیوان شار و شاخ پێوەندی زۆر پتەوی ساز کرد. له شارەوە شت و مەک و پێداویستی نەک تەنیا بۆ روڵەکانی خۆی بەڵکو بۆ بەشێکی بەرچاوی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە لەم ناوچەیەو له ڕێگا سەخڵەتەکان به شان و به ماندوبونی خۆیی دابین دەکردو، له گەڕانەوەشدا راگەیاندنەکان، گۆڤار و پەیامە نهێنیەکانی بۆ تێکۆشەرانی نهێنی شار دەگواستەوە. زۆربەی ئەم دایکانە و خاتوو زارایش به هۆی چالاکی و فیداکاری زورەوە بوون به ئەندامی کۆمەڵە.
خاتو زارا و ئەم دایکانە، قارەمانان و رێبوارانی نەناسراوی رێبازی کۆمەڵە بوون که هیچکات له پێناو هیچ پلەیەکی تەشکیلاتی و پاداشێک کاریان نەکرد و زۆر زۆر مرۆڤانە و ئازادیخوازانە چاویان لە خەبات و له داهاتوی ئەو خەباتە دەکرد و پێوەندی قوڵی ئینسانی و متمانە بە یەکیان دروست دەکرد.
کۆمەڵەی زحمەتکێشانی کوردستان سەرەخۆشی گەرمی خۆیی پێشکەش به هەموو خانەوادەی ناوە و خودامورادپور و به تایبەت پێشکەش به هاوڕێی دێرین هاوڕێ جەلال ناوە و هاوسەری بەڕێزی و هاوڕێی خۆشەویستمان مێهری گودازگەر دەکات.
ناو و یادی خاتو زارا بۆ هەمیشە بەرز و بەڕێزە
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
١٩ بەفرانباری ١٣٩٥
وێنە.. خاتوو زاراو و هاوڕێی گیانبەختکردوو جەمشید ناوە