بەداخەوە شەوی شەممەی رابردوو، ٦ی مانگی فێورییە،دایە هەمین حوسێن لە شاری وانکۆڤێری کانادا و بەهۆی نەخۆشی لە تەمەنی ٧٩ ساڵیدا دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت و ماڵئاوایی لە ژیان کرد.
دایە هەمین خەڵکی شاری رانیەی کوردستانی باشوور و پاڵپشتێکی قایمی پێشمەرگەکانی کۆمەڵە لە ناوچەی پشدەر بوو.کچان و کورانی دایە هەمین کە پەروەردەی دەستی دایکێکی بەهەڵوێست و گۆشکراوی بنەماڵەیەکی نیشتمانپەرەور و ئازادیخواز بوون، پێوەندییەکی تووندوتۆڵ و نزیکیان لەگەڵ هاورێیانی کۆمەڵە لە ناوچەی پشدەر هەڵبەستبوو،و لە رێگای وەئەستۆگرتنی ئەرک وکاری شۆرشگێرانە لە نێو ریزەکانی کۆمەڵەدا بناغەی پێوەندییەکی هاورێیانی قایمیان لەگەڵ کۆمەڵە دامەزراندبوو کە هەتا ئێستاش بەردەوامە.ئەم ئازیزانە لە زۆربەی قۆناغە جۆراوجۆر ودژوارەکانی خەباتی کۆمەڵەدا لە ناوچەی پشدەر، ئەرک و بەرپرسیارەتی شۆرشگێرانەیان وەئەستۆگرتووە.دەرگای ماڵی دایە هەمین لە شاری رانیە هەمیشە بەرووی هاورێیانی کۆمەڵەدا کراوە بووە و،وەک دایکێکی مێهرەبان و بنەماڵەیەکی جێگای متمانە پاڵپشت ویارمەتیدەری پێشمەرگەکانی کۆمەڵە بوون.
لەم ماوەی دواییدا دایە هەمین تووشی نەخۆشی شێرپەنجە ببوو کە بەداخەوە شەوی شەممەی رابردوو لە شاری وانکۆڤێری وڵاتی کانادا دلە گەورە ومێهرەبانەکەی بۆ هەمیشە لە لێدان کەوت و ئێمە و هەموو ئازیزانی بەجێهێشت.
ئێمە بە بۆنەی ماڵئاوایی لە ژیانکردنی دایە هەمین حوسێن، لە لایەن هەموو ریزەکانی کۆمەڵەوە وێرای دەربرینی خەم وپەژارەی خۆمان، پربەدڵ سەرخۆشی لە بنەماڵە و کەس وکاری و بە تایبەت سەرەخۆشی لە بەدیعە و شکۆ،مریەم،شەوبۆ،لەتیفە و شەهلا خانم و کاک خالید،سەعید،عەلی،فەرهاد و،هاورێیان حوسێن شەبەق،یۆنس بلووری، موسا دانشفەر و سامان قەرەنی دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەم وپەژارەیان دەزانین.
یادی ئازیزی دایە هەمین حوسێن بەرز وبەریز بێت.
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
١٩ی رێبەندانی ١٣٩٩ی هەتاوی
٧ی فێورییەی ٢٠٢١ی زایینی