بە پێی هەواڵێک کە لە ناوچەی کرماشانەوە بە ناوەندی راگەیاندنی کۆمەڵە گەیشتووە،رۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیە بە هۆی رووداوی پێکدادانانی ئۆتۆمبیل کەسێک گیانی لەدەست داوە و کەسێکی تریش بە سەختی بریندار بووە.
بە گوێرەی وردەکاری ئەم هەواڵە رووداوەکە لە شەقامی نێوان شارەکی کیانشاروکرماشان روویدداوە کە لە ئاکامی ئەم رووداوەدا شۆفێری یەکێک لە ئۆتۆمبیلەکان کە لە جۆری پەیکان بووە گیانی لەدەست دەدا و هاوژینەکەی بە سەختی بریندار بووە. لە لایەکی دیکەوە شەوی رابردوو لە شاری مهاباد و لە شوێنێک بە نێوی جەزیرە لە سەر جادەی نێوان مهاباد بۆ سەردەشت، لە ئاکامی پێکدادانی دوو ئۆتۆمبیل لە جۆرەکانی سەمەند و پراید کەسێک بریندار بووە. لەو رووداوەدا بێجگە لە بریندار بوونی کەسێک، هەرتک ئۆتۆمبیلەکە زەرەوزیانێکی زۆریان پێگەیشتووە.
شیاوی باسە کە لە ئێران بە هۆی خراپی رێگاوبانەکان و لەخوارەبوونی چۆنییەتی و نائیستانداردبوون و نزمبوونی ئاستی تۆکمەبوونی ئۆتۆمبیلەکان بەبەراورد لەگەڵ پێوەرە ستانداردە جیهانییەکان،ساڵانە کارەسات و رووداوی تۆتۆمبیل گەلێک خەساری گیانی و ماڵی تووشی دانیشتوانی وڵات دەکات.