بە پێی ئەو هەواڵ و زانیارییانەی کە لە ناوچەی سەوڵاواوە گەیشتوون، رۆژی پێنجی مانگی رەشەمەی ئەمساڵ سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی لە رێگای “بونیادی عەلەوی” جێگیر لە سەوڵاوا لە گوند و ئاواییەکانی ئەم ناوچەیە و بە هاوکاری شوورای دێهاتەکان،لە کردەوەیەکی فریودەرانە وقیزەوندا دەستیان کردووە بە دابەش کردنی خۆراک بەسەر بنەماڵەکاندا. بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی کە بە دەستی ئێمە گەیشتوون ئەم برە خۆراکانە کە لە برنج و رۆن ونۆک و نیسک و پێداویستی سەرتایی پێکهاتوون کە بەهای کۆی گشتیان دەکاتە نزیکەی ٥٠٠ هەزار تمەن.
ئەم کردەوە چەواشەکارانەیەی دامودەزگا سەرکوتگەرەکانی رژیمی ئیسلامی لە کاتێکدایە کە لە ئاکامی سیاسەتی دوژمنکارانەی حکوومەتی ئیسلامی و دواکەوتووراگرتنی بە ئەنقەست و سیتماتیکی کوردستان لە رووی پیشەسازی و فەرهەنگییەوە و، لە ئاکامی سیاسەتی ملیتاریزەکردنی کوردستان وتەقەی راستەوخۆ و کوشتاری رۆژانەی کاسبکاران وکۆڵبەرانی زەحمەتکێش لە ناوچە سنوورییەکان و، قۆرغکردنی هەموو دەرفەتەکانی بازاری کار لە لایەن خودی دامەزراوەکانی سەر بە دەوڵەتەوە،بێکاری گرانی و دۆخێکی نالەبار و نەخوازراوی ئابووری باڵی بەسەر ژیانی خەڵکی هەژار و زەحمەتکێشی ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستاندا کێشاوە.