زۆر بەداخەوە ئێوارەی ئەمرۆ پێنجشەممە ٢٤ی رەزبەری ١٣٩٩ی هەتاوی،کاک شێخ سەدرەدین کەسایەتی ناسراو و جێ متمانەی خەڵکی ناوچەی پشدەر و تێکۆشەری دێرینی بزووتنەوەی رزگاریخوازی خەڵکی کوردستان کە بەشدار و هەڵسووراوی دیاری چەندین نەبەرد و شەری قارەمانە بووە لە شۆرشی باشووری کوردستاندا، بە هۆی نەخۆشی ماڵئاوایی لە ژیان کرد. کاک شێخ سەدرەدین شێخ حەسەن،کەسایەتیێەکی نیشتمانپەروەر و جێگای رێز و متمانەیەکی بەرزی کۆمەڵایەتی لە نێو بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی کوردستان و،دۆستێکی نزیک و بە ئەمەگی کۆمەڵە و بزووتنەوەی رزگاریخوازی خەڵکی کوردستانی رۆژهەڵات بوو. بێگوومان بە مەرگی کاک شێخ سەدرەدین بنەماڵەی بەرێزی و خەڵکی ناوچەکە کەسایەتێکی خاوەن پێگە وپلەی بەرزی کۆمەڵایەتی و،کۆمەڵەش دۆستێکی نزیکی خۆی لەدەستدا. ئێمە بەم بۆنەوە لە لایەن هەموو ریزەکانی کۆمەڵەوە پربە دڵ سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەرێزی کاک شێخ سەدرەدین و خەڵکی نیشتمانپەروەر و کۆمەڵە خۆشەویستی ناوچەی پشدەر دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٢٤ی رەزبەری ١٣٩٩ی هەتاوی ١٥ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٠ی زایینی