بە بۆنەی 25ی نۆامبر رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان
(ژنانی كۆبانی رەمزی خۆراگری و ئیرادەی ژنی كوردن)
توندوتیژی ئەو دیاردە نامرۆڤانەیە كە لە هەموو كۆمەڵگاكان و بە شێوازی جۆراجۆر بەرچاو دەكەوێ و بە گشتی هەموو تاكەكانی كۆمەڵگا و بە تایبەتی ژنان و منداڵان دەكاتە ئامانج. دەست نیشانكردنی رۆژێك وەك رۆژی جیهانیی بەرەنگار بوونەوە لە گەڵ توندوتیژی دژی ژنان لە ئاستی نێونەتەوەیی لە 17ی دسامبری 1999 لە لایەن رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكانەوە دیاری كرا و كاریگەری بووە لە سەر راكێشانی سەرنجی دەوڵەت و دەسەڵاتداران لە سەر دیاردەی توندوتیژی و لە هەمانكاتیش وەخۆ خستنی ئەوان بۆ چارەسەر یان كەم كردنەوەی ئەم دیاردەیە.
توندوتیژی دژی ژنان بە شێوازی جۆراجۆر لە هەموو كۆمەڵگاكان بوونی هەیە و لەو كۆمەڵگایانە كە لە باری ئابووریەوە دواكەوتوون و نەریتە كۆنەكان وەك خۆیان ماونەتەوەو ئایین باڵادەستە زیاترین توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان دەكرێت. لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی بە هۆی بوونی كلتوری پیاوسالاری و تێكەڵ بوونی ئایین و دەسەڵات زیاترین توندوتیژی دژی ژنان هەیە و هەموو ژیانی ئەوانی تەنیوەتەوە. بە داخەوە بوونی شەری تایفەیی و شەری ئایینی لەم وڵاتانە ئەوەندەی دیكە دۆخەكەی بە زەرەری ژنان ئاڵۆزتر و خراپتر كردووە. بوونی شەر لە هەر ناوچە و وڵاتێك، كاریگەری هەیە لە سەر دووپات بوونەوەو بەرهەم هێنانی توندوتیژی بە گشتی لە كۆمەڵگا و بە تایبەتی دژی ژنان. زۆر جار لایەنەكانی شەڕ بۆ تۆڵەسەندنەوە لە یەكتر پەنا دەبەنە بەر هێرش كردن و دەستدرێژی كردن بۆ سەر ژنانی لایەنی دیكە و بەم شێوەیە دەیانهەوێ كەرامەت و شەرەفی یەكتر تێك بشكێنن. بە چاوخشاندنێك بە سەر هەموو شەرە جیهانیەكان ئەو راستیەمان بۆ دەردەكەوێ كە لە كاتێكدا ژنان كەمترین رۆڵ و دەوریان هەبووە لە سەر هەڵگیرسانی شەڕ، بەڵام زیاترین قوربانیان داوەو بوونەتە ئامرازێك بۆ تۆڵەسەندنەوە. نمونەیەكی هەر زیندوو هێرشی داعش بۆ سەر وڵاتانی عێراق و سوریەیە كە چۆن بێرەحمانە بەرانبەر بە ژنان جوڵایەوە. بە تایبەت كە داعش هێزێكی ئیسلامی توندرەو و دەمارگرژ و زیاترین لە هەر هێزێكیتر دژی ژنانە. رفاندنی ژنانی شەنگال و فروشتنیان وەك كۆیلە، نمونەیەكی هەر زەقە كە تراژدیایەكی تاڵی بەرهەم هێنا.
ئەگەر لە وڵاتانی پێشكەوتووی ئەمرۆ، ژنان بە هۆی خەبات و بەرخۆدانی بێ وچانی خۆیان توانیویانە لە بوارە جیاجیاكان تا رادەیەكی زۆر بگەنە ئاستی یەكسانی و توندوتیژی وەك كردەوەیەكی نامرۆڤانە چاوی لێدەكرێت و سزای قورسی هەیە، بەڵام لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی توندوتیژی بەشێك لە یاساكانی خودی دەسەڵاتە و دەسەڵاتداران بەرێوەبەر و هۆكاری سەرەكی توندوتیژی دژی ژنانن. كۆماری ئیسلامی خۆی بەرهەم هێنەری توندوتیژی دژی ژنانە و لە ماوەی دەسەڵاتداری خۆیدا هەوڵی داوە كلتوری پیاوسالاری بە هێزتر بكا، پاڵپشتی نەریت كۆنەكان بووە و بە یاسا كۆسپ و تەگەرەی خستووەتە سەر رێگای ژنان. نایەكسانی و نادادپەرەوەری لە هەموو بوارەكانی ژیانی ژنان لە ئێران بوونی هەیە، لە مافی جیابوونەوە بگرە تا مافی خوێندن و كاركردن و بەشداری لە پرۆسەی سیاسی، هەمووی پرە لە نایەكسانی. لە ماوەی یەك مانگی رابردوو تێزاب پژاندن بە سەروچاوی ژنان لە چەند شاری ئێران، كەشێكی ترسناكی بۆ ژنان هێنایە پێش كە نەتوانن ئازادانە بێنە دەرەوە، كەسانێك لە خودی رژیم بە بیانووی بێحێجابی تێزاب بە سەروچاوی ژنان دەكەن و جەستە و ناخی ئەوان وەها بریندار دەكەن كە چیتر ناتوانن وەك مرۆڤێكی ئاسایی بژین. ئەگەر سەیری مێژووی دەسەڵاتداری كۆماری ئیسلامی بكەین، كلتوری تێزاب پژاندن بە ژنان هەر لە سەرەتای هاتنە سەركاری كۆماری ئیسلامی بوونی هەبووە. كاتێك خومینی لە رەشەممەی ساڵی 57 بریاری حیجابی زۆرەملی دا و ژنانی ئازادیخواز دژی وەستانەوە، حزبوڵایەكان هاتنە سەر شەقامەكان و تێزابیان بە سەروچاوی ژنانی بێ حێجاب دەكرد و دروشمیان لە دژی ژنانی بێ حێجاب لە سەر هەموو دیوارێك دەنوسی و بەم شێوە، دۆخێكی نالەبار و پڕ لە ترس و دڵەراوكێیان بۆ ژنان پێك هێنا. هەر بۆیە ئەمرۆ جارێكیتر پەنا بردن بەر ئەم كارە قێزەونە لە لایەن كەسانێك درێژەدان بە هەمان كلتوری نامرۆڤانەی كۆماری ئیسلامیە بۆ دژایەتی لە گەڵ ژنان.
لێرەدا جێی خۆیەتی كە ئاماژەیەك بە قارەمانەیەتی و ئازایەتی ژنانی كۆبانی بكەین كە لاپەرەیەكی دیكەیان لە خەبات و بەرخۆدانی ژن بە گشتی و بە تایبەتی ژنی كورد نیشان دا. ئەوان نیشانیاندا كە ژن لە شەردا تەنیا قوربانی نییە و دەكرێ هێز و ئیرادەی خۆیان وەگەڕ بخەن و بۆ پاراستنی خاك و وڵاتی خۆیان بێنە مەیدان و دژی درندەترین دوژمن شەڕ بكەن. ژنانی كۆبانی رەمزی خۆراگری و ئیرادەی ژنی كوردن.
نا بۆ توندوتیژی دژی ژنان
3ی سەرماوەزی 1393ی هەتاوی
24ی نوامبری 2014ی زایینی
رێكخراوی ئاسۆی ژنی كورد