جارێكیتر دەرفەتی ئەوە پێش هات تا لە 8ی مارس رۆژی جیهانیی ژن، سەرنج و بیرورای جیهانی و میدیاكان بۆ لای بارودۆخ و پێگە و ژیانی ژنانی جیهان بە گشتی و كوردستان بە تایبەتی رابكێشین. ئەگەر لێكدانەوەیەكی گشتیمان لە 8ی مارس پارەوە تا ئەمساڵ هەبێت، دەبێ چەند مەسەلە و رووداوی گرنگ لە پەیوەند لە گەڵ ژنان لەبەرچاو بگرین.
ساڵی رابردوو هاتنی هێزێكی دڕندە و دژە مرۆیی وەك داعش بە گشتی ناوچەكەی تووشی ئاڵۆزی و شەڕ و ماڵوێرانی كرد و لەم نێوەدا دوو بەشی كوردستان كەوتنە نێو ئاگری ئەم شەڕە نابەرابەرە كە زیاترین خەسار بەر ژنی كورد كەوت. هێزی درندەی داعش لە باشووری كوردستان بە شێوەیەكی وەحشیانە لە شنگال دەستی دایە جینایەت و جینۆساید لە دژی ئیزەدیەكان و بە سەدان و هەزاران ژن بەدیل گیران و فرۆشران. ئەمە هەڵسوكەوتە نامرۆڤانەیە كە دەگەرێتەوە بۆ سەدە نێوراستیەكان، سوكایەتی و بێحورمەتی بە مرۆڤ و مرۆڤایەتی بوو. هاوكات لە گەل شەنگال هێرش كرایە سەر كۆبانێ، بەڵام خۆراگری و بەرخۆدانی خەڵك و بە تایبەت ژنانی كۆبانێ، لاپەرەیەكی نوێی لە خەباتی ژنی كورد لەم سەردەمە هەڵدایەوەو نیشانی دا كە ژنی كورد دەتوانێ لە بەرانبەر هارترین و دەمارگرژترین هێزی جیهان بوەستێتەوەو پارێزگاری لە وڵاتەكەی بكات.
خۆراگری ژنانی كۆبانێ درێژەی هەمان خەباتی چەندین دەیەی ژنی كورد لە دژی داگیركاران بوو كە لە هەموو بەشەكانی كوردستان لە ئارادا بووە و هەیە، لە رۆژهەڵاتی كوردستان كاتێك رژیمی كۆماری ئیسلامی هاتە سەر كار، ئەوە ژنانی كورد بوون كە بە هۆی دژایەتی لە گەڵ دواكەتوویی و كۆیلەتی، ئیعدام كران و لە زیندانەكان خرانە ژێر ئەشكەنجە و توندوتیژی. لە سەنگەری خەباتی بزاڤی گەلی كوردیش لە رۆژهەڵات، ئەوە دیسان هەر ئەوان پێشەنگی خەبات بوون و یەكەم دەستەی پێشمەرگەی ژن لە نێو ریزەكانی كۆمەڵە دامەزرا و دەورێكی نوێ لە خەباتیان دەستپێكرد. هەر بۆیە ئەمرۆ بە دەرس وەرگرتن لە هەموو ئەو ئەزمونانە و بە تایبەت ئەزمونی ژنانی كۆبانێ، دەبێ ژنی كورد زیاتر لە جاران ریزەكانی خۆی پتەو بكات و بە هاودەنگی و یەكگرتوویی لە هەموو بەشەكانی كوردستان، بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كورد زیاتر رەنگ و بۆنی یەكسانیخوازی پێ بدەن و ژن خاوەن پێگە و دەنگی خۆی بێ لە نێو دەسەڵاتی سیاسی و بزوتنەوەكەدا.
ژنانی رۆژهەڵاتی كوردستان وەك باقی ژنانی سەرتاسەری ئێران هێشتا بە دەست رژیمێكی دواكەوتوو و دژە ژنە یەخسیرە و مافە سەرەتاییەكانیان پێشێل دەكرێت. لە ساڵی رابردوو شاهێدی جۆرێكیتر لە خەباتی ژنانی ئێران دژی حیجابی ئیسلامی بووین كە بە “ئازادی یواشەكی” ناسراوە. ژنان لە ئێران هەر لە سەرەتای هاتنە سەركاری كۆماری ئیسلامی و فەرمانی خومینی بۆ سەپاندنی حیجابی ئیجباری، لە 8ی مارسی ساڵی 1357 هاتنە سەر شەقامەكان و نارەزایەتیان دەربڕی. بۆیە نارەزایەتی بە حیجاب هەتا ئێستا بەردەوام بووە و ژنان توانیویانە پاشەكشە بە رژیمیش بكەن. بەڵام ژنی كورد هەر ئەو كاتیش بوێرانەتر دژایەتی حیجابی كرد و سەلماندی كە ژن نە تەنیا كەمتر لە پیاو نییە، بەڵكوو دەتوانێ لە هەموو ئەو بوارانە كە بۆ ژن قەدەغە كراوە، كار بكات و بەرەو پێش بڕوات.
رێكخراوی ئاسۆی ژنی كورد لە 8ی مارسی ئەمساڵدا جارێكیتر جەخت لە سەر یەكریزی ژنانی كورد لە هەموو بەشەكان و بە تایبەت رۆژهەڵاتی كوردستان دەكات و بۆ بەرەو پێش بردنی خەباتی یەكسانیخوازی ئامادەی هەر جۆرە هاوكاری و كاری هاوبەشە. لە هەمانكاتیش بڕوای وایە كە دەبێ ئێمە ژنانی رۆژهەڵاتی كوردستان خاوەن پلاتفۆرمێكی هاوبەش بین بۆ خواست و داواكاریەكانمان و یەكدەنگ و یەكگرتوو خەبات بۆ بەدیهاتنی بكەین.
لە كۆتاییدا پیرۆزبایی 8ی مارس رۆژی جیهانیی ژن لە سەرجەم ژنانی گشت جیهان و بە تایبەت ژنانی كورد دەكەین.
سەركەوێ بزاڤی یەكسانیخوازی ژنان
ئاسۆی ژنی كورد
12ی رەشەممەی 1393ی هەتاوی، 3ی مارسی 2015ی زایینی