بەپێی راگەیەنراوی فەرمی رێكخراوی موجاهیدینی خەلقی ئێران، رۆژی پێنجشەممە 7ی خەزەڵوەر، هێزەكانی سەر بە كۆماری ئیسلامی چەندین موشەكیان ئاراستەی كەمپی لیبرتی لە نزیك بەغدا كرد كە بەداخەوە بوو بەهۆی گیان لەدەستدانو برینداربوون ژمارەیەك لە ئەندامانی رێكخراوی موجاهیدین كە نیشتەجێی كەمپەكە بوون.
تاوانەكانی رژیمی ئیسلامی ئێران دژی هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن، لەماوەی نزیكەی چوار دەیە دەسەڵاتی رەشی ئەم رژیمە، بابەتێكی ئاشكرایەو كارنامەی ئەم رژیمە پڕە لە تاوانو جینایەت دژ بە هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنو دەستی بە خوێنی هەزاران هەڵسوڕاوی سیاسیو ئازادیخواز سوور بووە.
لەبارودۆخی ئێستاشدا كە كۆماری ئیسلامی دەستی لەناو كاروبای عێراقو چەندین وڵاتی دیكەدا وەرداوە، زیاتر لە جاران دەتوانێت لە رێگەی تیرۆرو تەقینەوەو كاری تیرۆریستییەوە زیان بە هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنو ئازادیخوازان بگەیەنێتو لەماوەی رابردوودشدا چەندین هەوڵی تیرۆرو كاری تیرۆریستی لە باشوری كوردستان دژ بەكۆمەڵەو حیزبەكانی دیكە ئەنجامداوە.
ئێمە ئەم كردەوە تیرۆریستییەی كۆماری ئیسلامی بە توندی مەحكوم دەكەین كە لەڕێگەی میلیشیا شیعەكانو دەستوپەیوەندییەكانی خۆی لە عێراق ئەنجامی داوەو، داوا لە هەموو رێكخراوو ناوەندە نێودەوڵەتییەكانی مافی مرۆڤ دەكەین دژ بە تاوانەكانی كۆماری ئیسلامی بێدەنگ نەبن.
هەروەها داوا لە هەموو حیزبو رێكخراوە سیاسیەكانی كوردستانو ئێران دەكەین بە هەڵوێستی هاوبەشو بەشێوازی جۆراوجۆر تاوانەكانی كۆماری ئیسلامی لەقاوبدەنو سیمای دژە ئینسانیو دژە ئازادی كۆماری ئیسلامی زیاتر بۆ رای گشتی جیهان ئاشكرا بكەن.
لەم رێگەیەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی كەسوكارو هاوڕێیانی قوربانیانی ئەم كردەوە تیرۆریستییە دەكەینو هیوای زوو چاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین.
سكرتاریەتی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
30 ئۆكتۆبری 2015 _ 8ی خەزەڵوەری 1394