خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان!
کۆر و کۆمەڵ و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی!
بنەماڵە وکەس وکاری سەربەرزی گیانبەختکردووانی ژینگە!
هەواڵی ئاگرکەتنەوە لە دارستانەکانی ” بووزین” و “مەرەخێڵ” لە ناوچەی پاوە و،گیانلەدەستدانی سێ کەس لە ژینگەپارێزانی ئەنجوومەنی ژینگەی ژیوای ئەو شارە و،بریندار بوونی ژمارەیەکیتر لە چالاکانی ژینگەپاریز لە کاتی کۆنترۆڵکردن وکووژاندنەوەی ئاگرەکەدا ،شەپۆلێکی بەرینی لە خەم وپەژارە و،لە هەمانکاتدا هاوخەمی و هاوپشتی لە نێو جەماوەری مافخوازی کوردستان لە لایەک،نەفرەت و بێزاری لە حکوومەتی کوماری ئیسلامی لەلایەکیتر خستۆتە رێ.
زۆر بەداخەوە ماوەی چەند سالێکە دیاردەی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی کوردستانی رۆژهەڵاتدا لە پەرەسەندن دایە و،زۆربەی جارەکان شوێنپەنجەی تاوان وپیلانگێری کۆماری ئیسلامی و دام ودەزگا سەرکوتگەرەکانی وەک سپای پاسدارانی رژیم حاشاهەڵنەگر وبەڵگە نەویستە.ئیتر لە کەس شاراوە نییە کە رژیمی کۆماری ئیسلامی لە رێگای جۆراوجۆر وبە پیلان وشێواز و پرۆژەی لە پێشدا دارێژراو و،لە درێژەی سیاسەتی سیستماتیکی ئاسێمیلەکردن و سرینەوەی شوناسی نەتەوەی گەلی کورد لە کوردستانی رۆژهەڵات،زۆربەی جاران بە ئاگرخستنەوەی بە ئەنقەست و بە بۆردمان وتۆپبارانکردنی دارستان ولێڕەوارەکانی کوردستان،و زۆربەی هەرەزۆری جارەکانیش بە کەمتەرخەمی و خەمساردی لە حاند دیاردەی ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکاندا،سیاسەتی چەپەل و دوژمنکارانەی شێواندن ولەناوبردنی ژینگەی کوردستانی کردۆتە پیشە.ئەم رژیمە کە لە گرتنەبەری سیاسەتی دوژمنکارانە بەرامبەر بە گەلی کورد لە هیچ پیلانگێریەک دەستی نەپاراستووە،لە ماوەی ساڵانی رابردوودا لە رێگای دزی و بە تاڵانبردنی سامان وداهاتی سروشتیی کوردستان و هەوڵدان بۆ لەناو بردن وتێکدانی ژینگەی کوردستان،زۆر زیاتر لە پێشوو کەوتۆتە بەر رق و نەفرەتی خەڵکی مافخواز و وەزاڵەهاتووی کوردستان.بەبەر چاوی هەموو دنیا وە چالاکانی مەدەنی و هەلسووراوانی ژینگەیی لە کوردستان پێشمەرگەئاسا لە مەیدانی خەبات وبەربەرەکانێدان بەرامبەر بەو سیاسەتە قیزەون و دوژمنکارانەیەی کوماری ئیسلامی بەرامبەر بە گەڵی کورد لە کوردستانی رۆژهەڵات.
خەڵکی تێکۆشەر وئازادیخوازی کوردستان!
گیانلەدەستدانی “شەریف باجوەر” و “رەحمەت حەکیمی نیا” و “ئومید حوسێن زادە” و “موحەممەد پەژووهی” لە چالاکانی ژینگەپارێز لە سالانی رابردوودا و،کارەساتی دلتەزێنی گیانبەختکردنی ئەم دواییەی ژینگەپاریزان
“موختار خەندانی” و “یاسین کەریمی” و “بیلال ئەمینی”و،بریندار بوونی ژمارەیەکی تر لە ژینگەپارێزەکان و،هەرەشەی دەزگا ئەمنییەتی و سەرکوتگەرەکانی رژیم لە بنەماڵە ولە ئەندامانی ئەنجوومەنە ژینگە پاریزەکان، ئەو راستیە دەسەلمێنن کە ئیمەی گەلی کورد لە کوردستانی رۆژهەڵات لەپاراستنی ژینگە وسامانە سرووشتیەکانماندا ،بەرامبەر بە رژیمی سەرکوتگەر وتاڵانچی کۆماری ئیسلامی لە شەرێکی راستەوخۆ داین.ئەو ئازیزانەی لەو پێناوەدا گیانیان بەختکرد هەڵگری ئەو پەیامە گرینگە بوون کە لە پێناو پاراستنی کوردستاندا هەموومان پێشمەرگە وهاوخەباتین.
ئێمە وێرای ئەوەیکە بە تووندی سیاسەتی تاوانکاری و دوژمنکارانەی رژیمی ئیسلامی بەرامبەر بە ژینگە وسرووشتی کوردستان مەحکووم دەکەین و ،لەگەڵ هیوای هەرچی زووچاکبوونەوەی بریندارەکانی ئەو کارەساتە دڵتەزێنە،لە ناخی دڵەوە سەرخۆشی لە بنەمالە وکەس وکاری کاک موختار خەندانی و یاسین کەریمی و بیلال ئەمینی و هەموو چالاکان و هەڵسووراوانی رێکخراوە مەدنییەکان وخەڵکی کوردستان دەکەین.
سڵاو لە گیانی پاکی هەموو گیانبەختکردوانی پاراستنی ژینگەی کوردستان.
ئاوەدانی و سەرسەوزی بۆ کوردستان
مەرگ وسەرشۆری بۆ دوژمنانی ژینگەی کوردستان.
سکرتاریەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٩ی پووشپەری ١٣٩٩ی هەتاوی
٢٩ی ژووئەنی ٢٠٢٠ی زاینی.