خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان!
دۆستان و دڵسۆزانی کۆمەڵە!
بەمجۆرە رادەگەیەنین کە بەداخەوە کاک سدیق مورادی ناسراو بە سدیقی حاجی عەلی،کەسایەتی ناسراو و سیمای خۆشەویستی ناوچەکانی ساراڵ و بەرپلەی ساراڵ و،باوکی هاورێی گیانبەختکردوومان هاورێ ئیقباڵ مورادی کە پاییزی ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی گیانی لە پێناو ئامانجە بەرزەکانیدا بەختکرد و،هەروەها باوکی ئازیزی هاورێیان عوسمان مورادی و ئیدریس مورادی،بە هۆی نەخۆشییەوە دڵی پر لە هیوا و ئاواتی بە رزگاریی بۆ هەمیشە لە لێدان کەوت.
کاک سدیق کە کەسایەتیەکی خەباتکار و جێی متمانەی خەڵکی ناوچەکە بوو، بە بیانووی بوونی کورەکانی لە ریزەکانی کۆمەڵە و هەروەها لە زیندانەکانی رژیمدا،بە بەردەوامی لە ژێر گوشاری دام ودەزگا ئەمنییەتی و سەرکوتگەرەکانی رژیمدا بوو،کە هەمیشە بە خۆراگری و سەربەرزییەوە بەکرێگیراوانی رژیمی بە چۆکدا دەهێنا.
ئێمە بە بۆنەی مەرگی کاک سدیقی مورادی لەلایان هەموو ریزەکانی کۆمەڵەوە وێرای دەربرینی غەم و پەژارەمان،پر بە دڵ سەرەخۆشی لە بنەماڵەی سەربەرزیان و بە تایبەت لە هاورێیان کاک عوسمان و کاک ئیدریس مورادی(شانشین) و،هەموو خەڵکی ناوچەی ساراڵ و بەرپلەی ساراڵ دەکەین.
بێگوومان ناو و یادی کاک سدیق وەک هەموو ئەو تێکۆشەر و خەباتکارانەی کە بە گیان و بە ماڵ لە خزمەت شۆرشی کوردستاندا بوون،بۆ هەمیشە بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
بژی یادی ئازیز و خۆشەویستی.
سکرتاریەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
١٢ی رەشەمەی ١٣٩٨ی هەتاوی
٢ی مارسی ٢٠٢٠ی زایینی