ماوەی چەند ڕۆژێکەلە لایەن ژمارەیەک لە هاوڕێیانەوە هەندێک مەسەلە سەبارەت بە ناوخۆی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان لە مێدیاکاندا وروژێندراوە کە، دورن لە راستی. بۆ ئاگاداری هەموان سەرنجتان بۆ ئەم خاڵانەی خوارەوە رادەکێشین:
١. ڕۆژی ٦. ٤. ٢٠١٤ بەرابەری ١٧ خاکەلێوەی ١٣٩٣ هەتاویی ژمارەیەک لە هاوڕێیان لە نوسراوێکدا بۆ کومیتەی ناوەندیی و سکرتێر نوسیبویان کە فراکسیۆن رادەگەیەنن و لەسەر وەڵام رانەوەستان و بێ پڕۆسەی قانونی و گوێدان بە پێڕەوی ناوخۆ راگەیاندنیان دەکرد. سەرەرای ئەوەش لە وەڵامدا هەر ئەو ڕۆژە هاوڕێ عومەر ئێلخانیزادە ئەم نامەیەی بۆ نوسین کە پەسەندی هاوڕییانی کومیتەی ناوەندیش بوو، دەقەکەی لێرەدا دەخەینە بەرچاوی هەموان تا بتوانن خۆیان قەزاوەت بکەن و راستی و دروستی ئیدیعاکان هەڵسەنگێنن.
“هاوڕێیانی خۆشەویستی خوازیاری دامەزراندنی فراکسیۆن!
سلاوێکی گەرمی هاوڕییانە. ئەمشەو نامەی ئیوەم بینی کە نوسیوتانە فڕاکسیۆن رادەگەیەنن، بۆیە سەرنجتان بۆ ئەم بنەمایانەی پێڕەوی ناوخۆ لەمەڕ راگەیاندن و رەسمیەتی فراکسیۆن لە کۆمەڵەی زەحمەتکێشاندا، رادەکێشم:
١. بە پێی پێرەوی ناوخۆ ئەو کۆ و کەسانەی وا دەیانهەوێ وەک فراکسیۆنێکی حیزبی کار بکەن، دەبێ پلاتفۆرمی سیاسی خۆیان بە نوسراو بنێرن بۆ کومیتەی ناوەندیی تا بە رەسمی لە لایەن کومیتەی ناوەندییەوە لە ناو ئەندامانی حیزبدا بڵاو بکرێتەوە بۆ ئەوەی قسەوباسی لەسەر بکرێ.
٢. دوای بلاوبوونەوەی ئەم بەڵگە و پلاتفۆرمە سیاسیە و قسەوباس لەسەرکردنی لە ناو تەشکیلات و ئەنداماندا، ئەو ئەندامانەی وا دەیانهەوێ لە ژێر پلاتفۆرمی پێسکەشکراودا وەک فراکسیۆنێک کار بکەن، پێویستە بە رەسمی و بە نوسراو ئەم مەیلەی خۆیان بە تەشکیلاتەکانی حیزب رابگەیەنن.
٣. کاتێک هەموو ئەم پڕۆسە جێبەجێکرا و کۆی ئەندامانی پەیوەست بوو بە پلاتفۆرمەکە گەیشتە لانیکەم دە لە سەدی هەموو ئەندامانی حیزب، ئەوکات فراکسیۆنی حیزبی رەسمیەتی دەبێ. واتە ئەو کاتەیە کە دەتوانن لە مافەکانی فراکسیۆن بە پێی پێرەوی ناوخۆ کەڵک وەربگرن.
هاوڕێیان! ئێوە لە هیچکام لەو قۆناغانە تێپەر نەبون و مەرجەکانی پێڕەوی ناوخۆ پڕ ناکەنەوە. خۆ نەگوتراوە هەر چەند کەس بە مەیلی خۆیان دەتوانن فراکسیۆن پێکبێنن و رەسمییە. زۆر خۆشحاڵم کە خۆتان بە پارێزەری پێرەوی ناوخۆ و پڕۆگرام بزانن، بەڵام ناکرێ لە هەوەڵین داخوازیدا مەرجەکانی پێڕەوی ناوخۆ لە لایەن خۆتانەوە پێشیل بکرێ.
من خۆم لە هەموو ئەندامێکی کۆمەڵە زۆرتر بە پارێزەری پێرەوی ناوخۆ دەزانم و پێموایە لە هەندێک بواردا لە ناو ک.ن.ک، بە ئێوەشەوە، مەرجەکانی پێرەوی ناوخۆ رەچاو ناکرێن و زۆریش لەگەڵ ئەوەم بە پێی پێرەوی ناوخۆ و بەرنامە بجوڵێینەوە و خواریەکان راست بکەینەوە و پڕەنسیپە ئەساسنامەییەکان بە قورسی و قایمی زیندوو کەینەوە.
بۆیە ئاگادارتان دەکەم ئەو فڕاکسیۆن راگەیاندنەی ئێوە هیچ شەرعیەت و رەسمیەتێکی پێرەوی ناوخۆی لە پشت نیە. تەنیا داخوازییەکە، ئەویش بە ناتەواوی و لە کاناڵی جیا لە پێرەوی ناوخۆی کۆنگرەی سێزدە. بۆ ئەوەی داواکەتان وەگەڕ بکەوێ، تکایە سەرنج بدەنە ئەم بەندانەی پێرەوی ناوخۆ و مەرجەکانی و، رەچاوی بکەن(بە تایبەتی ئێوە ژمارەیەکتان ئەندامی کومیتەی ناوەندین و حەق وایە بە وردی سەرنج بدەنە پێرەوی ناوخۆ و ملکەچی مەرجە ئەساسنامەییەکان بن). هەرکات بەم شیوە جوڵانەوە، هەم من وەک ئەرکی تەشکیلاتی هاوکارتان دەبم و هەم دڵنیام کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان خۆی پابەند بە پێرەوی ناوخۆ دەبینێ و بەو پێیە دەجوڵێتەوە. لە کۆمەڵەی زەحمەتکێشاندا بە خۆشیەوە مەیدان بۆ دیالۆگ و دەربڕینی نەزەر ئاواڵە و فراوانە و ئەوە پێناسەیەکی باشی حیزبەکەمانە.”
هاوڕێتان عومەر ئێلخانیزادە
٦. ٤. ٢٠١٤
٢. ئەو هاوڕێیانە بێ ئەوەی گوێ بدەنە ئەم بڕگانەی پێڕەوی ناوخۆ کە لە لایەن هاوڕێ عومەر ئێلخانیزادەوە بۆیان دووپات کرابوەوە، چونکە دەیانزانی لە لایەن ئەندامانەوە بە هەند وەرناگیرێ و بە مەبەستی جەنجاڵ لە دونیای مەجازی، هەر ئەو ڕۆژەی نامەکەیان بۆ کومیتەی ناوەندی ناردبوو، بێ ئەوەی مەحتەلی وەڵامێک بن بە چەند خولەک دوایی گەیاندیانە دەست لایەنی دیکە و دەیان کەسی غەیرە حیزبیش. لەم کردارەیان رەخنە گیرا و ژمارەیەک هاوڕێ لە خۆیان قبوڵیان کرد و قەولیاندا کە زەبت و رەبتەکانی پێڕەوی ناوخۆ ڕەچاو بکەن و شتی ناوخۆیی نەبەنە دەرێ. بە داخەوە ئەوەیان نەکردو، جیا لەوە، بەشێک لە دەنگی تۆمارکراوی سمینارێکی ناوخۆیی حیزبیشیان بڵاو کردەوە کە تەنانەت سایتی” بۆڵتەن نیوز”ی سەر بە ئیتیلاعاتی کۆماری ئیسلامیش بڵاوی کردەوە، کە دیسان لەم ڕۆژانەی پلێنۆمدا رەخنەیان لێگیرا و دیسان کەسانێک لەو هاوڕێیانە کە لە پلێنۆمدا بەشدار بوون، قبوڵیان کرد کە خەتا بوە و دەبێ لێپێچینەوەی حیزبی لێبکرێ و پلێنۆمیش بڕیاری سزای حیزبی بۆ دوو نەفەر لەو هاورێیانە پەسەند کرد کە دەبێ لە دانیشتنێک بە حوزوری خۆیان و لێپرسینەوەی تەواو لێیان، پێیان رابگەیەندرێ. دوا بە دوای ئەوەدا دەبینین ئەوا دوو ڕۆژە دیسان پڕەنسیپ شکێنی حیزبیان دەست پێکردۆتەوە و، بێ هیچ پڕۆسەیەکی رەسمی و شەرعی راگەیاندنیان داوە و خۆیان وەک فڕاکسێۆن راگەیاندوە.لە حاڵێکدا نەک بەربەستیان بۆ دروست نەکراوە، تەئکید لەسەر پابەند بونمان بە پێڕەوی ناوخۆش کردۆتەوە.هیوادارین بەم روونکردنەوەی سکرتاریەت دەست لەو کردارە ناحیزبیانە هەڵگرن و روو بکەنە دیالۆگی تەندروستی حیزبی و قبوڵی پڕەنسیپەکان.
٣. بە هەموو ئەو هۆکارانەی سەروتر باسیان لێکرا، کاری ئەو هاوڕێیانە ناحیزبی و دژ بە پێڕەوی ناوخۆیە. نە راگەیاندنەکەیان شەرعیەتی ئەساسنامەیی هەیە و، نە مەرجەکانی فڕاکسێۆن لە باری چۆنایەتی و چەندایەتیەوە پڕ دەکەنەوە و پڕیان کردۆتەوە، بۆیە کردەوەکەیان ناتەبایە لەگەڵ پرەنسیپەکانی پێڕەوی ناوخۆی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و دێمۆکراسی ناوخۆیی.
٤. کۆمەڵەی زەحمەتکێشان و کومیتەی ناوەندییەکەی هەمیشە ئامادەیە قبوڵی پێڕەوی ناوخۆ بکات و پابەندیی خۆی بە دێمۆکراسی نێو حیزبی و هەموو پڕەنسیپەکانی پێڕەوی ناوخۆ دووپات دەکاتەوە و بۆ پاراستنیشیان حەول دەدات. هەر ئەو داوایەشی لەو هاوڕێیانە هەیە.
سکرتاریەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
١٧. ٤. ٢٠١٤ یان ٢٨ خاکەلێوەی ١٣٩٣