كوردستانو بەرپرسیارێتی مێژوویی
شۆڕشو ناڕەزاییە جەماوەرییەكان هەموو ئێرانی گرتووەتەوە. بزوتنەوەی جەماوەریی ئەمجار لەگەڵ هیچ دامەزراوەو جەناحێكی رژیمدا هاوساز نیە، بزوتنەوەی چینی هەژارانو ستەملێكراوانە كە نانو ئازادییان دەوێت. ئەمجارە خەڵكی وەزاڵەهاتوو، كۆی دامەزراوەو سیستمی رژیمی كردوەتە ئامانجو بەگشتیی، رەوتێكی ساختارشكێن و پاش- كۆماری ئیسلامی لە مەیداندایە. دەسەڵاتدارانی تاوانكار خۆیان باش دەزانن چ بەڵایەكیان بەسەر خەڵكدا هێناوە، هەر بۆیە هەوڵدەدەن بە تەواویی لەگەڵ شەپۆلی توڕەی خەڵك بەرەوڕوو نەبنەوە، ئەمجارەو تا ئێستاش بە پارێزەوە كاریان كردوە. بەڵام هیچ گومانێك لەوەدا نیە كە ئەم حكومەتە هار و دیكتاتۆرو تا ددان چەكدارە، دەتوانێت ئەم دەورەیەش بە سەركوت تێپەڕ بكاتو شۆڕش كۆنترۆڵ بكاتو دەزگای سەركوتی خۆی بەتەواوی هێزەوە بخاتەگەڕ. بەڵام ئەم كۆنترۆڵو سەركوتە درەنگ یان زوو، و كەم یان زۆر بێت، چیدی لە كاكڵی بابەتەكەدا، كە خەڵكی ئێران هاواری مەرگ بۆ كۆماری ئیسلامییان هەڵداوەو دروشمی “ئیسلاحخواز، ئوسوڵگەرا، كۆتایی هات ماجەرا”یان هەڵگرتووە، هیچ گۆڕانێك دروست ناكات. ترسی خەڵك رژاوەو لە راستیدا بزوتنەوەكە گەیشتووتە هێڵی تێپەڕبوون لەكۆماری ئیسلامی، ئەمەش گەڕانەوەی بۆ نیەو هیچ هێزێك ناتوانێت ئەم دەستكەوتە سیاسییە لە خەڵكانی ئێران وەربگرێتەوە. لە ئەنجامدا بە كۆنترۆڵكردنو سەركوتكردنی كاتییش، روخانی یەكپارچەیی سیستمی گەندەڵی رژیم مسۆگەرەو، بەڕەوڕووبوونەوە لەنێوان گەلانی ئێرانو حكومەتی دیكتاتۆری لە داهاتوودا حاشا هەڵنەگرە.
كوردستان هەر لەسەرەتاوە دەنگی بە كۆماری ئیسلامی نەدا، لەتەواوی ئەم 38 ساڵەدا نەیانتوانی یەك رۆژیش بە بێ هێزی سەركوتگەرو میلیتاریزم بەسەر كوردستاندا زاڵ بن، ئیسڵاحخوازان نەیانتوانی نوخبەی كوردستان لەگەڵ خۆیان بخەنو ببنە هێزێكی كۆمەڵایەتی. چوار دەیەیە كە كوردستان وەك سەنگەری ئازادیو دیموكراسی ماوەتەوەو بەرگریی لە دیموكراسیخوازانی ئێران كردوە، یان لەگەڵیان هاوپەیمان بووە. حیزبە سیاسییەكانی كوردستان خاوەنی ئۆتۆریتەو پێگەیەكی تایبەتن لەنێوان باقی رەوتە سیاسییەكانی دیكەدا.
لەم قۆناغەدا جارێكی دیكە بەرپرسیارێتییەكی مێژووی دەكەوێتە ئەستۆی خەڵكی كوردستانو حیزبە سیاسییەكانی. لەبارودۆخێكدا كە بزوتنەوەی جەماوەریی خاوەنی رابەرییەكی دیاریكراو نیە، هەموو رەوتە دژە خەڵكییەكانی پێشوو و تەنانەت تاوانكارانی دوێنێی ناو حكومەتیش هەوڵدەدەن لەم بەرگنە كڵاوێك بۆ خۆیان بدرون. هەر بۆیە زیاتر لە هەر كاتێكی دیكە ئێمە پێویستمان بە یەكڕیزی زیاتر لەنێو حیزبە سیاسییەكانی كوردستان هەیە، تا ئاستی پێكهێنانی دامەزراوەیەكی سەقامگیر هەم بۆ هاوئاهەنگی لەكوردستانو هەم بۆ هاوكاریی لەگەڵ باقی رەوتی سەراسەریو دیموكراسیخوازی ئێرانی. لەبارودۆخێكدا كە دیموكراسیخوازان لە ئێران یەكڕیزییەكی رێكخراوو ئەوتۆیان نیەو لە ئاستی نێودەوڵەتیش كەمترین پشتیوانیان لێدەكرێتو، لەكاتێكدا كە بزوتنەوە لەكوردستان خاوەنی ئاستێكی باڵای شعورو داهێنانە، بارودۆخەكە هەوڵێكی بان حیزبیو كۆمەڵایەتییمان لێدەخوازێت، دەنا هاوكاریو هاوهەنگی هەتا ئێستامان وەڵامدەرەوە نیە.
كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان مەرجی بۆ هیچ لایەنێكی سیاسی لە رۆژهەڵاتی كوردستان نیەو خوازیاری ئەوەیە كە هەموو رەوتە سیاسییەكانیش وەها بن. لە روانگەی ئێمەوە ئەم هەوڵە بووەتە بابەتێكی خێراو بەپەلەو هیوادارین بە هەست كردن بە بەرپرسیارێتییەكی هەمەلایەنەو كۆمەڵایەتی لەلایەن هەموومانەوە، هەوڵ بۆ پێكهێنانی وەها دامەزراوەیەك بۆ هاوكاری نێوان حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بدەینو وەڵامدەرەوی ئەم بەرپرسیارێتییە مێژووییەی خۆمان بین.
كومیتەی ناوەندیی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
12ی بەفرانباری 1369 – 2ی ژانویەی 2018