رۆژی دووشەممە 14ی گوڵان مامورێكی ئیتلاعات لە هوتێل تارای شاری مەهاباد پلان بۆ كچە كارمەندێكی ئەو هۆتێلە بەناوی فەریناز خوسرەوانی دادەڕێژێت تا دەستدرێژی بكاتەسەر، بۆ ئەم مەبەستە لە یەكێك لەژوورەكانی هۆتێلەكەدا دەرگای لەسەر دادەخات، بەڵام لەگەڵ ناڕەزاییو بەرگریی فەریناز بەرەوڕوو دەبێتەوەو لەئەنجامدا فەریناز ناچار دەبێت لە نهۆمی چواری هۆتێلەكەوە خۆی بخاتەخوارەوە كە بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا.
بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە وەك بروسەكەیەك جارێكی دیكە خەڵكی كوردستانی خرۆشاند. خەباتكارانی بزوتنەوەی ئازادیخوازی، نەك تەنیا لە مەهابادو باقی شارەكان، بەڵكو لە ئاستێكی بەرینی جیهانیی تۆڕێكی یەكگرتوویان بۆ دەربڕینی ناڕەزاییو راپەڕین دژی ئەم تاوانەو، دژی دەسەڵاتی ستەمكارانەی كۆماری ئیسلامی پێكهێنا. بەدوای ئەوە پێنجشەممە وەك رۆژی خۆپیشاندانو ناڕەزایی دیاریكراو هەموو چالاكوانان، رێكخراوەكانی داكۆكیكاری مافەكانی ژنان كەوتنە ئامادەكاری سازادنی خۆپیشاندان لەو رۆژەدا.
رۆژی 17ی گوڵان شاری خەباتكاری مەهاباد هاتنەسەر شەقام. لەكاتێكدا شار بەتەواویی میلیتاریزە كرابوو، لەكاتێكدا هێزەكانی رژیم لەحاڵی ئامادەباشیدا بوون، لەكاتێكدا لەماوەی ئەو چەند رۆژەدا بنەماڵەی فەریناز خوسرەوانی هەڕەشەیان لێكرابوو، خەڵكی خەباتكاری مەهابادو لەپێشیانەوە ژنانو لاوان لە كاتژمێر 5ی پاشنیوەرۆ بەكۆبوونەوە لەبەردەم هۆتێل تارا دەنگی ناڕەزاییان بەرزكردەوە تا دژی ئەو تاوانە دەنگی خۆیان بە گوێ هەمووان بگەیەنن.
وەك هەمیشەش بە دەستێوەردانو هێرشی هێزەكانی رژیم بۆ سەر خۆپیشاندەران، خەڵكی خەباتكاری شاری مەهاباد كاردانەوەیان نیشاندا. سەرەتا هۆتێل تارا، ئەو شوێنەی فەریناز خوسرەوانی تێیدا بوو بەقوربانی، ئاگریان تێبەرداو پاشان بە هەڵدانی دروشمو بەخۆپیشاندان لە مەیدانە سەرەكییەكانی شار بەرەوڕووی هێرشی هێزە سەركوتگەرەكان بوونەوە. سەركوتگەرانی رژیم كە بە سەدان كەسیان لە شارەكانی دەوروبەر بۆ سەركوتی خۆپیشاندەران هێنابوو، تەقەیان لەخەڵك كرد كە بەپێی ئامارەكان تا ئێستا 18 كەس برینداربوونو دەنگۆی گیانبەختكردنی دوو كەس لە بریندارەكان هەیە.
خرۆشانو ناڕەزایی خەڵكی مەهاباد تا درەنگانێكی شەو بەردەوام بوو. ئەم خۆپیشاندانو ئاخێزەی خەڵكی مەهاباد بەشێوەیەكی بەربڵاو دەنگی دایەوەو سۆزو پشتیوانی بەرینی هەموو شارەكانو خەباتكارانی كوردستانو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی بۆ لای خۆی راكێشا.
خەڵكی خەباتكاری كوردستان
ئەوەی لە مەهاباد روویدا، هەم تاوانی بێ شەرمانەی مەرگی فەریناز خوسرەوانیو هەم بەرگریی خەباتكارانەی خەڵكی مەهاباد، لە 36 ساڵی رابردوو نە تازەیەو نە كەموێنە. دەیان ساڵەو، لە یەكەم رۆژی دانانی بەردی بناغەی رژیمی ئیسلامی، كوردستان گەمارۆ دراوەو یاساكانی وڵاتانی داگیركراو تێیدا پەپڕەو دەكرێت.
كۆمەڵە رێز لە كاردانەوەی بەرپرسیارانە، ئازایانەو خەباتكارانەی خەڵكی مەهابادو هەموو خەباتكارانی كوردستان بۆ مەرگی فەریناز خوسرەوانی دەگرێتو هەموو كەسیش چاوەڕوانی ئەوەی لە خەڵكی كوردستانو بزوتنەوە زیندوو و چالاكەكەی دەكرد. ناوی فەریناز، چووە ریزی ناوی هەموو خەباتكارانی كوردستانو جارێكی دیكە مەهاباد وەك پێشڕەو ئاڵاهەڵگری ئازادیخوازیی نەتەوەیی خۆی نیشانداو، پێگەی شیاوو لەمێژینەی خۆی پاراست.
كومیتەی ناوەندیی كۆمەڵە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی سەربەرزی فەریناز خوسرەوانی دەكاتو دڵنیایان دەكاتەوە ناوی رۆڵەكەیان ون نابێتو بەزیندوویی دەمێنێتەوە. هەروەها هیوای زوو چاكبوونەوە بۆ بریندارانی ئاخێزەكەی 17ی گوڵانی مەهاباد دەخوازین.
كۆمەڵە وەك ساڵانی رابردوو جەخت لەسەر سیاسەتو هەڵوێستەكانی خۆی دەكاتەوە كە لەم قۆناغە لە خەباتی سیاسی لە بزوتنەوەی كوردستان، یەكگرتوویی، هاوپشتیو گرتنەبەری هەڵوێستی هاوبەش دەتوانێت خێراییو هیواو دڵگەرمی زیاتر بە خەباتی ئێستامان بدات.
بژی خەڵكی خەباتكاری شاری مەهاباد
سەركەوێ خەباتی حەقخوازانەی خەڵكی كوردستان
دەستەی کارگێڕیی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
18ی گوڵانی 1394 – 8ی مەی 2015