لە ماوەی هەفتەی رابردوودا چواردەیەمین پلینۆمی كۆمیتەی ناوەندیی كۆمەڵە بە بەشداریی هاوڕێیانی ئەندام و راوێژكارەكانی كومیتەی ناوەندیی بە سروودی بانگەواز و راگرتنی دەقیقەیەك بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە یادی ئازیزی گیانبەختكردووانی كۆمەڵە دەستی بەكارەكانی كرد.
لەسەرەتای دەستبەكاربوونی كۆبوونەوەی رەسمی پلینۆم، هاوڕێ عومەری ئێلخانی زادە راپۆرتی سیاسی دەستەی كارگێڕیی و ئەركەكانی داهاتووی كۆمەڵەی خستەروو. لە ناوەرۆكی راپۆرتەكەدا وێڕای تیشك خستنەسەر گرینگترین رووداو و ئاڵوگۆرە جیهانی و ناوچەییەكان و، لێكدانەوەی ئەگەری گۆڕانكاری و پێشهاتە سیاسییەكانی ئێران و كوردستان، لەسەر ئەركە سیاسییەكانی داهاتووی كۆمەڵە جەختی لەسەر كرایەوە.
راپۆرتی سیاسی پلینۆم لەسەر ئەو خاڵە جەختی كردەوە كە ئەو دەوڵەتانەی دەسەڵاتیان بەسەر پارچەكانی كوردستاندا هەیە، لەگەڵ گەلێك قەیرانی سیاسی و جیددی بەرەوروون و، بزووتنەوەی كوردستان كە لەهەموو بەشەكانیدا بزووتنەوەیەكی سێكۆلار و خاوەن پێگەیەكی بەهێزی سیاسی و جەماوەرییە. لەلایەكەوە دەتوانێ بكەوێتە ژێر كاریگەریی رەوتی گۆرانكارییەكان و، لە لایەكیتریشەوە لەسەر ئەم پێشهات و گۆڕانكارییانە لە هەموو ئەو وڵاتانەدا كاریگەریی ئەوتۆ دابنێ. باس لەوە كرابوو ئەمە راستییەكی حاشاهەڵنەگرە كە چارەسەری پرسی كورد لەو وڵاتانەدا بەبێ گرتنەبەری رێگەچارەیەكی جیددی، سیاسی و دێمۆكراتیك نایەتەدی و بەمجۆرەش مومكین نییە كە قەیرانە نێوخۆییەكانی ئەم وڵاتانە دابمركێتەوە.
هەروەها راپۆرتەكە سەرنجی خستە سەر بزووتنەوەی كوردستان و، لەسەر پێویستیی یەكێتی و یەكگرتوویی لەنێو هەموو بەشەكانی كوردستاندا پێداگری كرد و لەسەر ئەو بڕوایە بوو كە نەبوونی هاوئاهەنگی و نەبوونی یەكگرتوویەكی رۆشنی سیاسی و بنگەیی، گرینگترین خاڵە لاوازەكانی نێو بزووتنەوەكەیە كە هەتا ئێستا لە لایەن دەوڵەتە ناوەندییەكانەوە قۆستراوەتەوە.
راپۆرتەكە بە دیاریكراوی ئاماژەی لەسەر ئەو لایەنە بوو كە بەلەبەرچاوگرتنی رەوتی روو لە نشێوی كۆماری ئیسلامی و بەزۆر هۆكاریتر لەبارۆدۆخی ئێستادا كوردستانی رۆژهەڵات خاوەن هێز و توانێكی بەرزی سیاسی و رێكار و شێوازی سەردەمیانەی جولانەوەی مەدەنییە، بۆیە بە لەبەرچاوگرتنی كۆی ئەزموونی بزووتنەوەكە، پێویستە ئێمە لە كوردستانی رۆژهەڵات هەموو هەوڵی خۆمان لە پێناو یەكێتی و یەكگرتوویەكی نەتەوەیی بخەینەگەڕ و، بەگرتنەبەری سیاسەتێكی رۆشن و گشتگیر پشتیوانی لە داخوازی و بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان بكەین و، لەئەگەری هەر گۆڕانكاری و لە پێكهاتنی هەرجۆرە كارێكی هاوبەش و هاوپەیمانییەتی لەگەڵ باقی رەوت و لایەنە سیاسییەكان لەئێراندا ئەمە بنەما و رێنوێنی كارمان بێ هەتا بتوانین ئاواتی ئێرانێك بە بێ بوونی كۆماری ئیسلامی كە تێیدا دێمۆكراسی، دادپەروەری كۆمەڵایەتی و مافی نەتەوەكان مسۆگەر بێ بهێنینەدی و، لەو پێناوەشدا كاریگەریی و دەوری خۆمان بە باشی بنوێنین.
بەشێكی دیكەی راپۆرتەكە تەرخانكرابوو بۆ باسكردن لە پرۆسەی یەكگرتنەوەی دوو لایەنی كۆمەڵە.
لەو بڕگەیەشدا سەرەڕای پشتیوانی پلینۆم و بەرزنرخاندنی رەوتی هەتا ئێستای پرۆسەكە، پلینۆم لەسەر ئامادەكاریی و هەڵگرتنی هەنگاوە كردەییەكان لە پێناو گوڕوتین بەخشینی زیاتر بە پرۆسەكە و، رەخساندنی بەستێن و بواری كرداری بە مەبەستی لێك نزیكی و دیالۆگی بەرینتر لە نێوان كادر و ئەندامانی هەرتك لا لە هەموو ئاستێكدا پێداگریی كرد. لەم پێناوەدا پلینۆم سوور بوو لەسەر ئەوەیكە لە قۆناغی داهاتوودا پێویستە كاری هاوبەشی ئەندامان و ئۆرگانە حیزبییەكان بە رەوتێكی ئاساییتر و بە لێك تێگەیشتنی زیاترەوە بەڕێوە بچێ.
پلینۆمی چواردەهەمی كۆمەڵە وێڕای پەسندكردنی پێگە وكارپێسپاردنەكانی ئێستای ئۆرگانەكان و هاوڕێیانی كومیتەی ناوەندیی و، بە دەركردنی بڕیارو رێنمایی پێویست و دەستنیشانكردنی ئەرك و كارە هەنووكەییەكانی دەستەی كارگێری بۆ قۆناغی داهاتوو، پاش دوو رۆژ كاری چڕوپڕ كۆتایی بە كاری خۆی هێنا.
دەستەی كارگێریی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
١٧ی سەرماوەزی ١٤٠٠یی هەتاوی
٨ی دسامبری ٢٠٢١ی زایینی.