مێژووی 8ی مارس رۆژی جیهانیی ژن، مێژوویەكی لێوانلێو لە خەباتی سیاسی و كۆمەڵایەتی ژنان دژی هەڵاواردن و نایەكسانیەكانی ناو كۆمەڵگایە. هەشتی مارسی ئەمساڵیش وەك زۆربەی ساڵانی پێشوو لە كاتێكدایە كە هێشتا ژن وەك نیوەی كۆمەڵی مرۆڤایەتی لە هەوڵ و تەقالا بۆ گەیشتن بە مافەكانیەتی و بۆ گەیشتن بە یەكسانی نێوان ژن و پیاو لە هەموو بوارەكانی ژیاندا، رێگای زۆریان ماوە.
هەرچەند بە هەوڵ و خەباتی بەردەوام كە لە یەك سەدەی رابردوو لە بواری پرسی ژنان كراوە، گۆرانكاری بەرچاو لە دۆخی ئەوان و هەروەها گۆرینی شێوەی روانین لە مەڕ مافی یەكسانی و ئازادی ژن لە كۆمەڵگە جۆراوجۆرەكان وتەنانەت لە نێو خودی ژناندا هاتووەتە ئاراوە، بەڵام هێشتا پێویستی خەبات بۆ یەكسانی لە هەموو كۆمەڵگاكان و بە تایبەت لە كۆمەڵگا رۆژهەڵاتیەكان زیاتر لە جاران هەستی پێدەكرێت و بووەتە راستییەكی حاشاهەڵنەگر. بوونی ژنان لە ناوەندەكانی بڕیار و بە دەست هێنانی پۆستی گرنگ لە ئاستی سەرەوەی دەوڵەتەكان تا دێت زیاتر پەرە دەسێنێت و ئەمەش پاشەكشەی بە هەموو ئەو كلتور و نەریتانە كردووە كە گومانیان هەبووە لە توانایی و لێهاتوویی ژنان لە بواری سیاسەت و هەموو بوارەكانی دیكەی زانست. نەوەی نوێ ئەمرۆ بە بەراورد كردنی دوخی ئێستا لە گەڵ دۆخی ژنان لە یەك سەدەی رابردوو، دەتوانن هەست بەوە بكەن كە ژنان، براوەی سەرەكی خەباتێك بوون كە لە ماوەی چەند دەیەی رابردوو بۆ نەمانی هەڵاواردن و جێ خستنی یەكسانی لە ئارادا بووە. ئەوە راستییەكی حاشاهەڵنەگرە كە ئینسان ئەو كاتە ئازادە كە بیەوێت ئازاد بێت، ژنان لەو راستیە هێز وەردەگرن و رۆژ لەگەڵ ڕۆژ بڕیار و هەوڵی خۆیان بۆ ئازادی و یەكسانی زیاتر چڕتر دەكەنەوە.
لە ئێران بە هۆی بوونی یاسا و رژیمێكی دژە ژن و پیاومەزن و دواكەوتووانە، ژنان لە سەرەتاییترین مافەكانیان بێبەشن و هەڵاواردن و نایەكسانی، هەموو ژیانی ئەوانی تەنیوە. بەهاتنە سەر كاری رژیمی كۆماری ئیسلامی، نەتەنیا هیچ یاسایەك بە قازانجی ژنان پەسند نەكراوە، بەڵكوو تەنانەت یاساكانی پێشووی بنەماڵە و زۆر یاسای دیكە گۆرانكاری بە سەردا هات و هەموو شتێك تەنیا لە چوارچێوەی شەرعی ئیسلام و پیاومەزنی پێناسە كرا. بەڵام خاڵی پۆزەتیڤی بزوتنەوەی ژنان لە ئێران ئەوە بووە كە هیچ كات پاشەكشەی نەكردووە و سەرەرای هەوراز و نشێوی زۆر لە خەبات، بەڵام سەرەرای كەندوكۆسپی سەر رێگایان بەردەوام بە گژی دواكەوتوویی و دەمارگرژیەكانی دەسەڵاتدارانی كۆماری ئیسلامی بوونەتەوە. كەم نین ئەو ژنانەی لە سێ دەیە و نیوی رابردوو كەوتوونەتە زیندان و ئازار و ئەشكەنجە دراون، بەڵام هەر سوور بوون لە سەر گەیشتن بەمافەكانیان. لەم چەند ساڵەی رابردوو بە سیاسەتی جیاكردنەوەی رەگەزی لە خوێندنگە و زانكۆكان، هەوڵیان داوە پێش بگرن بە چوونە پێشی ژنان لە بواری عیلم و زانست وكچانیان لە چەندین بواری خوێندن بێبەش كردووە.
ژنانی كوردستانیش لە ئێران بە دوور نەبوون لە سیاسەتە دژە ژنەكانی كۆماری ئیسلامی و ئەتوانین بڵێین یەكەم قوربانیانی ئیعدام و زیندان بۆ داسەپاندنی ئەم رژیمە بوون. ژنی كورد خاوەنی تایبەتمەندی خۆی بووە لە بزوتنەوەی ژنانی ئێران كە ئەوەش پەیوەندی هەیە بە لەئارادابوونی بزاڤێكی ئەكتیڤ لە كوردستاندا بۆ بە دەست هێنانی مافی نەتەوەیی و ئازادی. ژنی كورد هەر لە یەكەم رۆژەكانی بە دەسەڵات گەیشتنی ئەم رژیمە، قوربانی داوەو لە سەنگەری بەرخۆدان راوەستاوە. ئەوان شان بە شانی پیاوان لە كوردستان خەباتیان كردووە بۆ رزگاری نەتەوەیی و لە ریزی پێشەوەی خەبات بوون. بەڵام بە ئێستاشەوە ژنی كورد بە بیانووی جۆراجۆر مافی زەوت دەكرێت. ئەمەش وایكردوە كە بزوتنەوەی ژنی كورد خاوەن تایبەتمەندی خۆی بێت و هەوڵ بدات لە بزاوتی نەتەوەییدا جێگای راستەقینەی خۆی بدۆزێتەوە و داخوازی روشن لە حزبە سیاسیەكان بێنێتە گورێ.
لەم بوارەدا كۆمەڵە مێژووییەكی پرشنگداری لە خزمەت كردن بە پرسی ژنی كورد هەیە، هاتنە مەیدانی كۆمەڵە لە ساڵی 57 وەك هێزێكی چەپ و پێشكەوتنخواز ئەو دەرفەتەی بۆ ژنان رەخساند تا راستەوخۆ بێنە ناو شۆرشی كوردستان و پێشمەرگایەتی كە هەتا ئەو كات بوارێكی پیاوانە بوو، ئەم جارەیان بزوبنەوەی رزگاریخوازی كورد سیمایەكیتری بە خۆوە بینی و پێشمەرگەی ژن و ناوبانگی هەموو كوردستانی گرتەوە. كۆمەڵە بە چاندنی بیری یەكسانیی ژن و پیاو و دژایەتی لە گەڵ كلتوری پیاومەزنی و نەریتی كۆن لە كۆمەڵگادا، كاریگەریەكی زۆری لە سەر گۆرینی روانین و كلتوری خەڵك بەرانبەر بە ژنان دانا. ئیتر ژن تەنیا ئەركی پاڵپشتی شۆڕش و لە ناو ماڵدا خزمەت بەپیاو، وەك هاوسەر و خۆشك و دایك نەبوو، بەڵكوو هەستی بە مافی ئینسانی خۆی كرد و بۆ گەیشتن بە مافی یەكسان لە گەڵ پیاوان دەستی دایە خەبات.
هەر لێرەدا جێگای خۆیەتی كە ئاماژە بەوە بكەین كە لە 10ی رەشەممەی ئەمساڵدا تەرمی خوێندكاری كورد شەیدا حاتەمی لە خابگای موهندسی كەشاوەرزی لە زانكۆی ورمێ دۆزرایەوە كە ئاسەواری لێدان و ئازار بە جەستەیەوە دیار بووە و هۆكاری مەرگیشی هەتاكوو ئێستا روون نەبووەتەوە. پەروین حەقیری خوێندكاری 21 ساڵ تەمەنی خەڵكی كرماشان بە هۆی خواردنەوەی ئاوی پیسی زانكۆ تووشی نەخۆشی هات و گیانی لەدەستدا. ئەمە لە كاتێكدایە كە پێشتریش واتە 19ی رەزبەری ئەمساڵیش كچە خوێندكارێكی دیكەی كورد بە ناوی سەحەر چوینی لە زانكۆی هەمەدان بە شێوەیەكی گوماناوی كوژرا كە هۆكارەكەی نادیار مایەوە. ئێمە لێرەدا وەك كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان هاوخەمی خۆمان لە گەڵ بنەماڵەی ئەم خوێندكارانە دەردەبڕین و لە هەمانكاتیش مەرگی گوماناوی و بایەخ نەدان بە گیانی خوێندكاران لە لایەن بەرپرسانی رژیمەوە، مەحكوم دەكەین.
بە دیتنی ئەم راستیانە، كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان پێویستە بە چاوخشاندنێك بە سەر دۆخی ژنانی كورد و ژنانی خەباتكار، بە تایبەتی ژنانی كۆمەڵە، ئەم ئەركە زیاتر بخاتە سەر شانی كە بە خوێندنەوەیەكی نوێ لە پرسی ژن و بایەخدان بە رۆڵی ئەوان لە بزوتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان، كەم و كورتیەكانی رابردوو وەلابنێت و وەك هەمیشە ببێتە پاڵپشتی گەورەی ژنان، پێویستە لە گەڵ هەموو چالاكوانانی دیكەی كوردستان هەوڵ بدەین زیاتر لە جاران بزوتنەوەی یەكسانیخوازی ژنان بە هێز بكەین.
سەركەوێ بزوتنەوەی یەكسانیخوازی ژنان
پیرۆز بێ 8ی مارس رۆژی جیهانیی ژن
5ی مارسی 2014ی زایینی
14ی رەشەممەی 1392ی هەتاوی
كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان