بە داخێكی زۆرەوە ئاگادار بووین كاك نەبی(دیاكۆ) زەندی بەرەبەیانی ئەمڕۆ 30 دێسامبر بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە ژیان كرد. هاوڕێ نەبی پێشمەرگەی دێرین، تێكۆشەری ناسراو و سیمای خۆشەویستی خەڵكی كوردستان، تا ئەو كاتەی لە ژیاندا بوو وەك پێشمەرگە، وەك هونەرمەندی وێنەكێش، وەك چالاكوانی سیاسی بۆ پارێزگاری لە خەباتی رزگاریخواز و رەوای چەوساوەكانی كوردستان ساتێك وچانی نەدا. ئەو دڵسۆزی هاوڕێیان و هاوسەنگەرانی پێشوو و نوێ، میهرەبان و ڕاستگۆ و كۆڵنەدەر بەرانبەر دوژمنان و چەوساوەكان بوو.
مەرگی هاوڕێ دیاكۆ زەندی خەسارێكی گەورە بوو لە ریزی پێشكەوتنخوازیی خەڵكی كوردستان و چالاكوانانی دژ بە دیكتاتۆری لە دەرەوەی وڵات. كاك نەبی دوو برای بە ناوەكانی ئەشرەف و سدیقی زەندی بە دەستی جەلادانی كۆماری ئیسلامی ئیعدام كرابوون. خەمی لە دەستدانی ئەو دوو برایەش لەگەڵ دەرد و ئازار و نەخۆشی، میوانی هەمیشەیی ئەو بوون. بەڵام بە هەموو نەخۆشی و دەردەوە، لێوی پڕ بزە و باوەشی موحیبەتی بۆ هەموان ئاواڵە و ورەی بۆ خەبات بە دایم بەرز بوو.
لە لایەن هەموو ریزەكانی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانەوە لە بنەماڵەی بەرێزیان، لە هاوسەنگەرانی، لە خەڵكی شاری سنەی سەربەرز و لە خۆمان، سەرەخۆشی دەكەین. یادی لە ریزی خەباتی رزگاریخوازی كوردستان و لە ناو پێشكەوتنخوازان بەرز و بەڕێزە. هاوڕێ نەبی بە كردار، ورە، هونەر و رەوشت بەرزییەكەی هەمیشە لەگەڵمانە و بیرەوەریەكانی لەبیرناچێت.
كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
٣٠ دیسامبری ٢٠١٥ یان ٩ بەفرانباری ١٣٩٤