لەئێرانی ژێر دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامیو، لەو سیاچاڵانەی كە یەكێكە لەسەرەكیترین كۆڵەكەكانی ئەم رژیم بۆ بەرقەراركردنی تاریكستانی سەدەكانی ناوەڕاست، ژمارەیەك لەزیندانیانی سیاسی بە مانگرتن لەخواردنی درێژماوە، دەستیان داوەتە شەڕێكی نابەرابەر بەڵام پڕلەشانازی.
ئارەش سادقی، عەلی شەریعەتی، محەمەد رەزا نكونام، سەعید شێرزاد، مورتەزا مورادپور، مێهدی كوخیانو محەمەد عەلی تاهیریو چەندین ناوی دیكە كە بەهۆی نەبوونی زانیاریی لەناو زیندانەكان، لەبەردەستدا نین، ئەو زیندانییە سیاسییانەن كە هەركامەیان بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بە دەستگیركردن، لێكۆڵینەوەكانو بارودۆخی زیندان مانگرتنێكی درێژماوەو كەم وێنەیان دەست پێكردوە.
ئارەش سادقی پاش 72 رۆژ مانگرتن لەخواردن بۆ ناڕەزایی دەربڕین بە دەستگیركردنو رەوتی لێكۆڵینەوە لە گوڵڕوخ ئیبراهیمی هاوسەری، سەرەنجام پاش ئازادیی مەرجداریی هاوسەرەكەی رێگەیدا كە سرۆمی خۆراكیی بۆ هەڵبەستن. مورتەزا مورادپور پاش 65 رۆژ لەسەر داوای دایكیو پاش ئازادیی مەرجداریی لەزیندان، كۆتایی بە مانگرتنەكەی هێنا. بەڵام مانگرتنی عەلی شەریعەتی پاش 69 رۆژ، سەعید شیرزاد پاش 32 رۆژو چەندین زیندانیی دیكە تا ئێستاش بەردەوامە.
ئەم شەڕە نابەرابەرەی زیندانیانی مانگرتوو كاردانەوەیەكی بەرینی لێكەوتەوەو، چەندین كەمپین بۆ پشتیوانی لە ئەم زیندانییە مانگرتوانەو بۆ ئازادی زیندانیانی سیاسی دروستبوون. رۆژی دووشەممەی رابردووش لەبەردەم زیندانی ئێڤین كۆبوونەوەیەكی ناڕەزاییو بۆ پشتیوانی لە زیندانیانی مانگرتوو بەڕێوەچوو.
كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان پشتیوانی لە مانگرتنی زیندانیانی سیاسیو داخوازیی هەموو خەڵكو دامەزراوەكانی داكۆكیكاری زیندانیان بۆ ئازادی زیندانیانی سیاسی دەكات. لەكوردستان كە تەنانەت یاساكانی رژیمی ئیسلامیش جێبەجێ ناكرێتو زۆرترین زیندانی سیاسی لە ژێر سزای لەسێدارەداندانو رژیم بە بێ گرنگیدان بە دۆسیەكانیان، جێبەجێكردنی ئەو حوكمانە بۆ بارودۆخێكی سیاسی دیاریكراو دوادەخاتو لەم ئامرازە بۆ تێكشانی زیندانیانو بڵاوكردنەوەی ترس كەڵك وەردەگرێت، خەباتو یەكگرتوویی بۆ رزگاریی گیانی زیندانیانی سیاسی ئەولەویەتێكی تایبەتی هەیە.
سڵاو بۆ خۆڕاگریی زیندانیانی مانگرتوو
سڵاو بۆ داكۆكیكارانی ئەم زیندانیانە
ئازادیی بۆ هەموو زیندانیانی سیاسی
كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
18ی بەفرانباری 1395
7ی ژانویەی 2017