رێز لەهاتنی یەكی مانگی مەی، رۆژی جیهانی كرێكار دەگرین كە وەبیرهێنەرەوەی یەكەمین خەباتی نوێی چینایەتی كرێكارانی شیكاگۆو سەرتاسەری جیهانە.
چینی كرێكار لەسەرتاسەری جیهان، بۆ پێشوازی كردن لە یەكی مانگی مەی، رۆژی جیهانی كرێكار خۆی ئامادە دەكات تا لەم رۆژەدا وەك سەد ساڵی رابردوو، ناڕەزایی جیهانی بە سیستمی كۆیلەتی سەرمایەداری نیشان بداتو هاوپشتی نێونەتەوەیی كرێكارانی جیهان نمایش بكات.
جیهانی سەرمایەداریی، سەرتاسەری گۆی خاكی زەوی كردوەتە شوێنی كۆیلەتی كرێكاران. سەرەڕای دەستڕاگەیشتنی مرۆڤ بە بەرزترین ئیمكاناتو تێكنۆلۆژی بۆ پێكهێنانی دنیایەكی دوور لە ستەمو چەوساندنەوە، بە ملیارد ئینسان لە دۆخێكی نامرۆڤانەدا بەسەر دەبەن. هێرش بۆ سەر ئاستی بژیوی چینی كرێكارو خەڵكی زەحمەتكێش لەلایەن دامەزراوەكانو جەمسەرە ئابورییەكانو دەوڵەتانی پارێزەری ئەم سیستمە، كۆتایی نایەت. پەلاماردانی دەسكەوتەكانی خەباتی سەد ساڵەی كرێكارانو كەمكردنەوەی خزمەتگوزارییە كۆمەڵایەتییەكانو هەوڵدان بۆ لێسەندنەوەی مافی مانگرتن درێژەی هەیە. شەپۆلی كۆچی زۆرملێ، سوپای بێكارانی جیهان، هاندانی بە میلیۆنان كەس بۆ خستنەداویان لەباندە مافیاییەكانی بازرگانیكردن بە منداڵان، مادە هۆشبەرەكان، بازرگانی سێكس،.. ژیانو داهاتووی زۆربەی زۆری مرۆڤایەتی نوقمی تاریكیو برسێتیو شەڕو ترس كردوە.
خەباتی كۆمەڵایەتی كرێكارانو بەرگری سەرسەختانەی ئەوان لەبەرامبەر هێرشی سەرمایەی جیهانی درێژەی هەیە. ئەم خەباتە ئەگەرچی پەرشو بڵاوەو لەبەرامبەر هێرشو توانی دوژمنانی كرێكاران رێكخستنێكی تۆكمەی نیە، بەڵام بەهێزبوونی ئیرادەی كرێكارانی سەرتاسەری جیهان بۆ پاشەكشە پێكردنی چاوچنۆكی لەبن نەهاتووی سەرمایەداری نیشان دەدات.
لەئێرانی ژێر دەسەڵاتی رژیمی ئیسلامی، جیاوازیی چینایەتیو كەڵەكەبوونی سەروەتو سامان لەدەستی كەمینەیەكو، لەبەرامبەردا رۆژڕەشیو نەهامەتی دەیان ملیۆن خێزانی كرێكارانو زەحمەتكێشان رەهەندێكی بێ وێنەیی بەخۆیەوە گرتووە. دەوڵەتی “رفاە و ئومید”ی ئیسلامی كە بەجێگەی كابینەی ئەحمەدی نژاد دەسەڵاتی گرتەدەست، هەم “ئومید”ێكی تازەی لە دڵی تاڵانچیانی هێزی كاردا چاند، هەم بەڵێنی خولێكی نوێی “رفاە”و ئاسایشی بەوان دا. تەسلیم بوونی لەبەرامبەر رۆژئاوا بە پشتبەستن بەتاڵانبردنی رەنجو كاری دەیان ملیۆن بنەماڵەی كرێكاران راگەیاندوە. نەك تەنیا هیچ هەنگاوێكی بۆ كەمكردنەوەی ستەمو چەوساندنەوەو هەژاریی هەڵنەگرتوە، بەڵكو بە ئاشكرا لەسەر بژیوی ئەوان حسابی كردوەتەوە. بەپێی ئامارەكانی خودی دەوڵەت، دیاریكردنی لانیكەمی حەقدەستی كرێكاران سێ بەرابەر كەمتر لە هێَڵی هەژاریی راگەیەنراوە. لەكاتێكدا هێڵی هەژاریی لە ئێران نزیكەی دوو ملیۆن تمەن بەراورد كراوە، لانیكەمی حەقدەستی كرێكاران 608 هەزار تمەن دیاریكراوە. شەپۆلەكانی بێكاری سەرتاسەری شارو گوندی گرتوتەوە. روواوەكانی كار ساڵانە هەزاران كرێكار دەكاتە قوربانی.
رژیمی دژە كرێكاریی كۆماری ئیسلامی، ئەمجار بە پیلانی دەوڵەتی “ئومید” رەشترین دۆخی بەسەر كرێكاراندا زاڵ كردوە. دۆخی كارو ژیانی كرێكارانی ئەفغانی بەسەر كرێكارانی كۆچەریی كوردو توركو بەلوچو كرێكارانی وەرزیی زاڵ كردوە كە نمونەكەی لەنێوان دژە كرێكارترین رژیمە سەرمایەداریەكان كەمتر بەرچاو دەكەوێت. لە ئێران ئێستا نزیكەی سێ ملیۆنو 700 هەزار كارگە بوونی هەیە كە بەوتەی بەرپرسانی رژیم هەر 5 ساڵ جارێكیش لەو كارگانە ناپرسرێتەوەو بەشێكی گەورەیان ساڵانێكی زۆرە كە لە چوارچێوە یاسای كاری رژیمیشدا نین.
سەرەڕای ئەمە، مانگرتنو ناڕەزاییە كرێكارییەكان لە یەك ساڵی رابردوو، بەشێكی گەورەی كارگەو ناوەندە كرێكارییەكانی گرتەوە. مانگرتنی سێ هەزار كرێكاری كانی بەردی ئاسن لە پارێزگای یەزد، مانگرتنی كرێكارانی نەیشكەری هەفت تپە، كۆبوونەوەی ناڕەزایی كرێكارانی وزەخانەی دەماوەند، ناڕەزایی كرێكارانی ئێران خودڕەو و، دەیان خەباتو مانگرتنی كرێكاری نیشانەی بەرینیو بەربڵاوی خەباتی كرێكاران لە سەرتاسەری ئێرانە. راوەدوونانو گرتنی هەڵسوڕاوانو رابەرانی كرێكاریی هەروا بەردەوامە. بێهنام ئیبراهیم زادە، رەزا شەهابی، شاهروخ زەمانیو محەمەد جەراحی لەو چالاكە كرێكارییانەن كە ناوەكانیان لەم ساڵانەدا لەسەر زار بووەو كۆماری ئیسلامی لە راستی دا ئەوانی بە بارمتە گرتووە تا چاوترسێنی هەڵسوڕوانی كرێكاریی بكات.
لەكوردستان كۆماری ئیسلامی لە گۆڕەپانی بزوتنەوەی كرێكاریو خەباتی كۆمەڵایەتی كرێكارانو هەڵسوڕاوانی كرێكاریش شەڕێكی نابەرابەرو درێژماوە بەرەو پێَش دەبات. بەشێكی گەورە لە كرێكارانی كوردستان بەشێوەی وەرزیی، كۆچەرییو دوور لە شوێنی لەدایكبوونو خێزانەكانیان لە خراپترین دۆخدا كار دەكەن. بێكاریی رێژەیەكی باڵای لە كوردستان بۆ خۆی تەرخان كردوە، دەرفەتی كار بۆ كرێكارانی كوردستان لە ئاستێكی نزمدایە. رێگە لەسەرمایەگوزاری قەبەو دروستكردنی كارخانەی گەورە لەكوردستان دەگیرێتو ئەم سیاسەتە لە هەموو دامەزراوەكانی رژیم لە كوردستان بە دامەزراوە كراوە.
گرتنو راوەدوونانی هەڵسوڕاوانی كرێكاریی كورستان لەم ساڵانەی دواییدا بەشێوەی بەرچاو زیادی كردوە كە لەئێستاشدا ژمارەیەكی زۆریان لە زیندانەكانی رژیمدا دیل كراون، بەڵام لە ناخی ئەم قاقڕستانەی كە كۆماری ئیسلامی هەوڵ بۆ پاراستنی دەدات، خەباتی كۆمەڵایەتی كرێكاران، هەوڵ بۆ پێكهێنانی سەندیكا سەربەخۆكان بۆ بەردوامیی بزوتنەوەی كرێكاریی، بێ وچان بەردەوامە.
رۆژی یەكی مانگی مەی، رۆژی جیهانی كرێكاران، لەكرێكارانی ئێرانو كوردستان پیرۆز بێت. كۆمەڵە وەك رێكخراوو رەوتێكی چەپو سوسیالیستی داكۆكیكاری مافو خەباتی رەوای كرێكارانەو هەوڵەكانی بۆ رێكخستنی كرێكارانو بەدەستهێنانی زیاتری دەسكەوتەكانیان درێژە پێدەدات.
پیرۆز بێت یەك مانگی مەی، رۆژی جیهانی كرێكار
بژی عەداڵەتی كۆمەڵایەتیو یەكسانی
بژی سوسیالیزم
كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
9ی گوڵانی 1393
29ی ئەپریلی 2014