سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 23ی خاكەلێوە، مستەفا سەلیمی كە بۆ ماوەی ١٧ ساڵ بوو بەند كرابوو، لە لایەن كۆماری پەت و سێدارەوە لە زیندانی سەقز ئیعدام كرا.
مستەفا سەلیمی دوای ئەوەی ماوەی دوو هەفتە لەوەپێش لەگەڵ كۆمەڵێك بەندكراوی دیكە لە زیندانی سەقز ڕادەكەن، پەنا دێنێ بۆ باشوری كوردستان، بەڵام بەپێی لێدوانی فاتمە کەریمی بەڕێوەبەری تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان مستەفا سەلیمی پاش هاتنی بۆ خاكی باشوری كوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان لەسنوری پێنجوێن رادەستی هێزەكانی كۆماری ئیسلامی دەكرێتەوە.
سەرەڕای ئەوە كە ئەو كەسە چ تاوانێكی ھەبووبێ، كاتێك پەنای ھێناوە حەقوابوو وەك پەنابەرێكی كورد ڕەفتاری لەگەڵ كرابایە و یاساكانی مافی مروڤ و پەنابەری بۆی لەبەر چاو گیرابا. بۆیە ڕایدەگەیەنین كە:
١. لەسێدارەدانی مستەفا سەلیمی تاوانەكەی دەكەوێتە ئەستۆی رژیمی جینایەتكاری كۆماری ئیسلامی كە دامودەزگا سەركوتگەرەكانی لەوانە دەزگای قەزاییەكەی هیچ شەرعییەتێكیان نەماوەو ئەم تاوانەش بە ھەموو پێوانەیەك مەحكومە و دەبێ لێی لە قاو بدرێ.
٢. ڕادەست كردنەوەی ناوبراو لەلایەن هەر كەسێكەوە بێت، كارێكی ناڕەوایە كە نەریتی تا ئێستای ھەرێم بەرانبەر پەنابەران، بە تایبەتی كوردانی پەنابەر، پێشێل دەكات و دەبێتە ڕچەشكێنییەك بۆ نەریتێكی نەشیاو. ئەو كارە كاریگەریی نەرێنی لەسەر پێوەندی و ھاوپشتی خەڵكی ڕۆژھەڵات و باشور دادەنێ.
ئێمە ئەو كردەوەیە مەحكوم دەكەین و داواكاریان ئۆرگانە پێوەندیدارەكانی ھەرێم لەو بارەوە لێكۆڵینەوە بكەن و روونكردنەوە بۆ رای گشتیی خەڵكی كوردستان بدەنو ئەو كردەوە ناڕەوایە بێ وڵام نەھێڵنەوە. پێویستە ھەموو دەسەڵات و حیزبەكانی كوردستان لەو ھەلومەرجە ھەستیارەدا نەھێڵن ریزەكانی گەلی كورد لە ھەموو بەشەكان نیگەرانی و كەلێنی تێبكەوێ.
كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
23ی خاكەلێوەی 1399 – 11ی ئەپریلی 2020