هەموو ساڵێك لە رۆژی27 ی رەشەمەدا ڕێكخستنەكانی كۆمەڵە لەناوەوەو دەرەوەی كوردستان رێز لەیادی ئازیزی پۆلێك لە كادر و پێشمەرگەكانی كۆمەڵە دەگرن كە لەم رۆژەدا لە شەڕێكی نابەرابەر گیانیان بەختكرد.
لەم رۆژەدا گوردانی بەناوبانگی شوان، لە شەڕێكی نابەرانبەر و بە هۆی بەركەوتنی گازی شیمیایی، لە قەراغی چەمی سیروان لە ساڵی 1366 هەتاویی، شەهید كران. دواتر ئەو ڕۆژە بە هۆی زۆریی ژمارەی گیانبەختكردوانو، بە هۆی دەورو نەقشێك كە گوردانی شوان لە بزوتنەوەی رزگاریخوازی كوردستانو كۆمەڵە هەیبوو، وەك ڕۆژی شەهیدانی كۆمەڵە ناودێر كرا.
ڕۆژی شەهیدانی كۆمەڵە بۆ ئێمە ڕۆژی ماتەمین و ڕەشپۆشی نییە، بە پێچەوانە، رۆژی پەیمان تازەكردنەوەیە لەگەڵ هەموو گیانبەختكردوانی كۆمەڵە، ڕۆژی ڕیزگرتنە لە خەبات و فیداكاری ژنان و پیاوانێك كە لە دەورەیەكی مێژووییدا بە هەوڵو تێكۆشانی خۆیان ناوەرۆكێكی نوێ و دادپەروەرانەیان هێنایە ناو بزوتنەوەی كوردستان. ڕۆژی وەبیرهێنانەوەی ئەو ڕەوشت و رەفتارە شۆڕشگێرانەن كە مانایەكی پڕاوپڕ ئینسانی و پڕ لە خۆشەویستییان هێنایە ناو پێوەندیی خەڵك و پێشمەرگە.
لەو ڕۆژەدا رێز دەگرین لە كەسانێك كە زۆرێك لە منداڵانی كوردستان بە خۆشەویستی ئەوانەوە ناونراون و پیرە پیاو و داپیرەكانی ئەو كوردستانە داستانی لەخۆبردوویی و رەوشت بەرزییان بۆ نەوەی نوێ دەگێڕنەوە و تا ئێستا نەك نەیانهێشتووە ناویان بسڕێتەوە، بەڵكوو كردویانن بە ئولگوو و قارەمان بۆ رۆڵەكانیان.
هەموو ریزەكانی كۆمەڵە، لە ڕۆژی گیانبەختكردواندا جارێكی دیكە پەیمان نوێ دەكەینەوە تا وەدیهێنانی ئاواتی ئەوان و تا رزگاریی گەلی كورد و چەوساوەكانی كوردستان، هیچ كەندوكۆسپ و سەختییەكی رێگا، هەنگاومان پێ شل ناكات. روو لە بنەماڵەی سەربەرزی گیانبەختكردووان دەكەین و دەڵێین رۆڵەكانی ئێوە و هاوڕێیانی ئێمە رێبازیان زیندووە و كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان بە هەموو توانی خۆی بۆ یەكگرتوویی و یەكخستنەوەی ریزەكانی كاروانی كۆمەڵە و بۆ پارێزگاری لە ئامانجی بەرزی ئەوان و بۆ وەلانانی گرفتەكانی سەر رێگا، تێدەكۆشێ.
شكۆدار بێت 27ی رەشەمە رۆژی گیان بەختكردوانی كۆمەڵە
سەركەوتوو بێ بزاوتی رزگاریخواز و یەكسانیخوازی كوردستان
سڵاو لە بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان
كۆمیتەی ناوەندیی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
24ی رەشەمەی 1393 – 15ی مارسی 2015