ماوەی 23 رۆژە كە خەڵكو خەباتكارانی شاری كۆبانی لەبەرامبەر سەختترین هێرشی تانكو تۆپەكانی داعش، بە كەمترین چەكوچۆڵو بە بێ هیچ پشتیوانییەك، قارەمانانە بەرگریی لەشارەكەیان دەكەن. لەم ماوەیەدا شەڕڤانانی “یەكینەكانی پاراستنی گەل” چەندین حەماسەو فیداكارییان لەشەڕ دژی كۆنەپەرستی خولقاندوە. خەڵكی هەموو شارەكانی كورستان لە ئێران، توركیە، عێراقو سوریەو كوردانی ئوروپا، خەڵكانی خوازیاری دیموكراسی لە بەشێك لەناوچە غەیرە كوردییەكانی ئێران، دەنگی ناڕەزایی خۆیان بۆ بەرگریی لە كۆبانیو دژ بە سیاسەتەكانی توركیە بە گوێ جیهان گەیاند. لەم نێوەندا ژمارەیەك لە خۆپیشاندەرانی كورد بە دەستی پۆلیسی توركیا بە خاكو خوێن كێشرانو بەپێی دوایین هەواڵەكان لە خۆپیشاندانەكانی شارەكانی باكوری كوردستان 15 كەس بەهۆی تەقەی هێزەكانی پۆلیس گیانیان لەدەستداوە، كە هەموویان بەرامبەر بە پشتگوێخستنو كەمتەرخەمی دەوڵەتانی رۆژئاواو هاوپەیمانان، كە گوایە بڕیاریان داوە داعش نابود بكەنو تا ئێستاش هیچ هەوڵێكی جیدیان نەداوە، ناڕەزاییان دەربڕی.
دەوڵەتی سوریەو هاوپەیمانە ستراتیژیكییەكەی، كۆماری ئیسلامیش، سەرەڕای ناڕەزاییو دوژمنایەتییان لەگەڵ داعش، چاوەڕوانی كەوتنی كۆبانیو شكستی خەباتكارانی كوردنو، بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی گوایە یارمەتییەكانیان لە رێگەی سوریەوە دەگەیەننە خەڵكی كۆبانیو لە بنەڕەتدا سیاسەتی گۆشت بە پشیلە سپاردنیان گرتووەتە بەر.
خەباتی جەماوەریی ئێستا، بەرخۆدانی مێژووییو حەماسی پارێزەرانی كۆبانی، چەقبەستنی داعش لەعێراقو سوریە بۆ هێرشكردنە سەر كوردو خەمساردیو كەمتەرخەمی دەوڵەتانی هاوپەیمانی رۆژئاوا بۆ راگرتنی دڵی توركیە، پشتیوانی نەكردنی جیدی دوژمنانی داعش لەناوچەكە لە خەباتی شەڕڤانانی كورد، هەمووی ئەمانە نیشانەی ئاڵۆزیی ئیئتلافەكانو ناتەبایی بەرژەوەندیی هێزەكانی ناوچەكەن، ترس لە بزوتنەوە دیموكراتیكەكانو یاغیبوونە جەماوەرییەكان، خواستی كۆنترۆڵی هەر جۆرە بزوتنەوەیەكی جەماوەریی لەلایەن هێزەكانی ناوچەكەو دەرەوەی ناوچەكە، گەیشتنە لوتكەی كرداری توندوتیژو تیرۆریزم، نیشانەی ئەوەن كە:
1. لەدایكبوونی تیرۆریزمی دڕندەو نامرۆڤانەی داعش، سووربوونی دواكەوتوویی سەدەكانی ناوەڕاست بۆ گرتنەدەسەڵاتو سەركوتی بزوتنەوە پێشكەوتنخوازەكان ئاشكرا دەكات. لەلایەكی دیكەش خاڵی هاوبەشی دەوڵەتانی ناوچەكەو هێزە خۆجێییەكان لەگەڵ هێزە دواكەوتووەكان دەردەخات، سەرەڕای بوونی ناتەبایی بەرژەوەندییو كاركردیان.
2. ئێستا بزوتنەوەی كورد لە توركیە، سوریەو عێراق لە سەنگەری یەكەمی شەڕ لەگەڵ داعشو دواكەوتوویی هەنگاو دەنێت. زیاتر لە سێ دەیەیە كورد لە ئێران لەسەنگەری خۆڕاگری دژی هاوتاكەی داعش لە ئێران، ئاڵای ئازادیخوازیی بەرز راگرتووە. هاوپشتیو پێكەوەژیان لەگەڵ باقی نەتەوەكانی ناوچەكە، بووەتە شێوازو خەسڵەتی بزوتنەوەی ئازادیخوازیی خەڵكی كوردستان لەهەر چوار پارچەكەی كوردستان. لەبەرامبەردا لە سوریەو عێراقدا شاهیدی شەڕی مەزهەبەكان لە میانەڕەوە هەتا توندڕەوەكانین. گومانی تێدا نیە كە بزوتنەوە لەكوردستان سەرەڕای بوونی بۆچوونە جیاجیاكان، بزوتنەوەیەكی مافخوازو خوازیاری دیموكراسیو عەلمانیەتە. هەر بەم هۆیەشە كە لەلایەن نەتەوەكانی ناوچەكە لایەنگری هەیەو پشتیوانی لێدەكرێت. كۆبانیو بەرخۆدانە جەماوەرییەكەیو پشتیوانی بەرینی جەماوەریی لەو بەرخۆدانە، رەنگدانەوەی ئەو راستییانەن. ئەمڕۆكە كۆبانی نەك تەنیا سەنگەری پێشەوەی كوردە بۆ رزگاریی، بەڵكو هێمای خەبات لەگەڵ دواكەوتووییو دیكتاتۆری بۆ بزوتنەوەی دیموكراسی هەموو خەڵكانی ناوچەكەیە. رەمزی هاودەنگی گشتیی لەگەڵ كۆبانیش بێجگە لەوە نیە.
3. گومان لەوەدا نیە كە رۆژهەڵاتی ناوین هەڵگری رووداوگەلێكی زۆر گەورەیە: سنورەكان بە پێی بەرژەوەندیی دژبەیەكی هێزەكان بەكردەوە حاشای لێدەكرێت، هێزە جیهانییەكان چاویان لە دوبارە دابەشكردنەوەی سەرچاوە سروشتییەكان بڕیوە، نیگەرانی دەوڵەتانی ناوچەكە لەنەبوونی سەقامگیریی، ئاواتی خەڵك بۆ رزگارییو دیموكراسیو بەرقەراركردنی یەكسانی كۆمەڵایەتی، هەژاریی لەڕادەبەدەری خەڵكانێك كە لەسەر ئیمكاناتی دارایی گەورە نوستوونو لێی بێبەشن، تاختو تازی بۆچوونی داعشیی، تاڵیبانییو كۆماری ئیسلامییو سوپای بەدریی، قەیرانی ئابوریی جیهانییو كێشمەكیشی زلهێزەكانو، هەموو ئەمانە، دەرفەتی رەخساندوە تا هەركەس لەم دۆخە بەقازانجی خۆی كەڵك وەرگرێت. بەڵام لەبەرامبەر هەموو ئەمانەدا، بزوتنەوەیەكی زیندوو و دیموكراسیخواز لەهەموو بەشەكانی كوردستان، ناوچەیەكی گرنگو ستراتیژیكی لە رۆژهەڵاتی ناوین كردوەتە گۆڕەپانی ئەم بەریەك كەوتنانەو كردویە بەسەنگەرێك بۆ ئازادایخوازان. لەم بارودۆخەدا پێویستە زیاتر لەهەر كاتێكی دیكە گرنگی بە پتەوكردنی ریزەكانی دیموكراسیخوازیی لە كۆی ناوچەكە بدەینو، پشتبەستن بە بزوتنەوە جەماوەرییەكان لە ئەولەویەتی كارەكان دابنێین.
ئێمە وەك كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان سەرەڕای رێزگرتن لە هەوڵی تا ئیستای هەڵسوڕاوانی مەدەنیو هونەرمەندانو هەموو توێژەكان، داوا لە خەڵكی كوردستانو ئێران دەكەین كە بەدەنگێكی رەساو هاوپشتیی زیاتر بێنە مەیدانەوەو پشتیوانی لە سەنگەری بەرخۆدانی جەماوەریی لە كۆبانی بكەن. داوا لە هەموو حیزبە سیاسیەكانی كوردستان دەكەین كە لەبارودۆخی ئێستادا بوارەكانی هاوكارییو كاری هاوبەش لەگەڵ یەكتر فەراهەم بكەین. خەباتی جەماوەریی لەكۆبانی عەزمو ئیرادەی نەتەوەیەكی نیشاندا كە تەنانەت بە بێدەنگكردنی كۆبانیش، خامۆش نابێت. تەورێز، تاران، سنە، مەهاباد، دیاربەكر، ئیستانبولو دەرسیم هەموو لەگەڵ كۆبانیدان، سبەینێش كرماشان، سەقز، ئیسفەهان، ئەنكەرە، بەغدا، بۆكان، مەریوان، سلێمانی، هەولێرو….یش بەهێزتر لە جاران ئەم ئیرادەو سەربەستییە نمایش دەكەنو ئاڵای كۆبانییان هەر لەئێستاوە بەتوندی بەدەستەوە گرتووە.
كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
15ی پوشپەڕی 1393ی هەتاویی
7ی ئۆكتۆبری 2014ی زایینی ە .