مامۆستایانی قوتابخانەكانی ئێران بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بە بارودۆخی كار، كەمیی حەقدەستو ئەو بێ مافییانەی بەرامبەریان دەكرێتو، بۆ دەستبەركردنی داخوازییەكانیان مانگرتنێكی سەراسەرییان دەست پێكرد.
ناڕەزاییو مانگرتنی مامۆستایانی قوتابخانەو خوێندگاكانی كوردستانیش بەشێوەی بەرین دەستی پێكردوە. دابینكردنی بودجەی كەم بۆ پەروەردەو بارهێنان، زیادكردنی 14%ی حەقدەست لەچاو ئاستی بەرزی هەڵاوسانو، زیندانیكردنی هەڵسوڕاوانی پیشەییو مەدەنی، لەهۆكارەكانی ناڕەزایی مامۆستایانە.
لەپاش هاتنەسەركاری كۆماری ئیسلامی، پەروەردە لە قوتابخانەو زانكۆكان بەردەوامو بە شێوەی جۆراوجۆر كەوتونەتە بە گوشارو پەلاماری رژیمەوە، تەنانەت حەقدەستی ئەم توێژە زەحمەتكێشە كە كاریگەریی گەورەیان لەسەر كۆمەڵگا هەیە، لەچاو باقی بەشەكانی دیكە كەمتر لەبەرچاو دەگیرێت. گومان لەوەدا نیە كە پەیڕەوكردنی ئەو سیاسەتە لەبواری پەروەردە، لە دیدی دژە رۆشنگەرییو زانستی ئەم رژیمەوە سەرچاوە دەگرێت.
ئێمە پشتیوانی لە خواستو مانگرتنی مامۆستایان دەكەینو ستایشی هاوپشتیو ناڕەزاییەكانیان دەكەین. داوا لەهەموو پیشەكانو خەڵك، بەتایبەتی بازاڕییان، كارمەندان، قوتابیان، خوێندكاران، خەڵكی گوندەكان، كرێكارانو باقی توێژەكانی خەڵكی كوردستان دەكەین پشتیوانی لەم مانگرتنو ناڕەزاییەی مامۆستایان بۆ دەستبەركردنی مافەكانیان بن.
سیاسەتە ئابورییەكانی كۆماری ئیسلامی، هەڵكشانی هەڵاوسان، بێكاریی بەرینو گرانیی، بودجەی زەبەلاحی ناوەندە ئەمنیو سەرازییەكانی رژیمو، هەموو ئەمانە گوشارێكی گەورەن بەسەر ژیانو سفرەی خەڵك.
مانگرتنی مامۆستایان سەرەتای دەورەیەكی نوێ لە نارەزایی پیشەییو مەدەنییە بۆ خەبات دژی ئەم سیاسەتانە، بۆیە زیاتر لە هەر كاتێك ئێمە پێویستمان بە هاوپشتییەكی گشتییو پشتیوانی لەم جۆرە ناڕەزاییانە هەیە.
كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
10ی رەشەمەی 1392 – 1ی مارسی 2015