بە بۆنەی 8ی مارس رۆژی جیهانیی ژنەوە
ئەمساڵ لە كاتێكدا بەرەو پیری 8ی مارس رۆژی جیهانیی ژن دەچین كە رۆژهەڵاتی ناوەراست لە بارودۆخێكی ئاڵۆزدایە و ناوچەكە بە گشتی لە نێو گێژاوی شەڕ و ئاژاوەدایە، هەر بۆیە مێژوو و ئەزمون بە ئێمە ژنانی سەلماندووە كە هەتا شەڕ، ئاژاوە و ناسەقامگیری لە هەر وڵات و ناوچەیەك هەیە، كاریگەری نێگەتیڤی لە سەر بەرەو پێشچوونی خەبات و بزاڤی ژنان دادەنێ و كۆسپێكە لە سەر رێگایان. بۆیە لە ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەراست پرسی ژن لە پەراوێزی هەموو پرسەكانی دیكەدایە و بە جۆرێك لە نێو ئەو هەموو كێشە و نەهامەتیە ونە.
بەڵام لە بەفرانباری ئەمساڵدا لە زۆربەی شارە گەورە و بچووكەكانی ئێران ئاخێزێكی جەماوەری لە دژی رژیمی كۆماری ئیسلامی دەستی پێكرد كە لە ماوەی چل ساڵ دەسەڵاتداریەتی ئەم رژیمە بێ وێنە بوو، چونكە خەڵك نەتەنیا خواست و داواكاری ئابووریان هەبوو، بەڵكوو هەموو بنەما و سیستەمی كۆماری ئیسلامیان بردە ژێر پرسیار و خوازیاری رووخانی كۆماری ئیسلامی بوون. ئەوەی لەم نێوەدا زۆر بەرچاوبوو بەشداری ژنان لە نێو خۆپیشاندانەكان و لەوەش گرنگتر لە نێو شاری تاران لە نێوراستی شار ژنە ئازا ویدا موەحێد سەرپۆشەكەی وەك ئاڵایەك كردە سەر چێوێك و زۆر راشكاوانە دژی حیجابی زۆرەملێ كە چوار دەیەیە ژنانی یەخسر كردووە وەستایەوەو ئەمە بووە هۆی ئەوەی كە لە چەندین شوێن و شاری دیكەش ژنان نارەزایەتی بە حیجابی زۆرەملێ دەرببرن. هەموومان باش دەزانین كە حیجاب نەك لە سەر خواست و ویستی ژنانی ئێران، بەڵكوو بە زۆر و توندترین شێوەی سەركوت دوای هاتنە سەركاری كۆماری ئیسلامی بوو بە یاسا و بە سەر ژناندا سەپێنرا. هەر لەو كاتەوە تا ئێستا ژنان بە شێوازی جۆراوجۆر دژی ئەم یاسایە نارەزایەتیان دەربریوە.
ژنانی كورد وەك بەشێك لە ژنانی ئێران كە بەدەر نەبوون لەم یاسایە، بەڵام لە شێوەی خەباتیان جیاواز بوون، ژنی كورد ساڵهایە بە هۆی بوونی بزوتنەوەیەكی زیندوو و واقیعی لە كوردستان كە هەر لە یەكەم رۆژەكانەوە “نا”ی بە كۆی گشتی رژیمی كۆماری ئیسلامی وتووە، خاوەنی مێژوویەكی پرشنگدار و پڕ ئەزموونن. ژنی كورد سەرەرای هاودەنگی لە گەڵ ژنانی ئێران بۆ خواست و مافە مرۆییەكانیان لە هەمانكاتیش وەك بەشێك لە نەتەوەی كورد راستەوخۆ بەشداری بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلەكەیان بوون و لەم پێناوەشدا گەلێك قوربانیان داوە. ئەوەی ئەمرۆ سیمای ژنی كورد لە ئاستی جیهاندا وەك سیمای ئازایەتی و باوەر بە خۆبوون ناسراوە، درێژەی هەمان خەباتە كە چەند دەیە لەمەوبەر لە رۆژهەڵاتی كوردستان دەستی پێكرد و توانی رواڵەت و سیمای بزاڤی كورد بگۆردرێ و هەنووكەش هەر بەردەوامە كە لە رۆژئاوا دەیبینینەوە. ژنانی كۆبانی و دواتر عەفرین سەلماندیان كە باوەر بە خۆبوون و تێكۆشان لە بەرانبەر هارترین و گەورەترین داگیركەران، بەشێكە لە مێژووی ژنانی كوردستان.
بەم مێژووە پرشنگدارە پێویستە كە ژنی كورد بە گشتی لە هەموو بەشەكانی كوردستان و بە تایبەتی لە رۆژهەڵات، بۆ بە هێزكردنی پێگە و توانیان لە هەموو بوارەكاندا یەكگرتووتر لە جاران بێنە مەیدان و ئێمە وەك ناوەندی ژنانی رۆژهەڵات ئەمە وەك ئەركی سەرەكی خۆمان چاو لێدەكەین و هەوڵی بۆ دەدەین.
لە كۆتایشدا رێز دەگرین لە یادی هەموو ئەو ژن و پیاوانەی لە پێناو بە دیهاتنی كۆمەڵگایەكی ئازاد و یەكسان گیانیان بەخت كردووە.
هەروەها پیرۆزبایی 8ی مارس رۆژی جیهانی ژن لە سەرجەم ژنان و تێكۆشەرانی راستەقینەی ئەم رێگایە دەكەین.
بە هیوای بە دیهاتنی ئامانجەكانمان
سەركەوێ بزاڤی یەكسانیخوازی ژنان
4ی مارسی 2018ی زایینی
ئاسۆی ژنی کورد
یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستان
یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
کۆمەڵەی ئافرەتانی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران
کۆمەڵەی ژنانی رۆژهەڵات