بە داخێکی گران، بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی، رێکەوتی شازدەی مانگی ڕەشەمە یان حەوتی مانگی مارس، شوان گەوێڵی لاوی خوێنگەرم و تاقە ڕۆڵەی هاورێیان حەبیبوڵڵا و فەریدە گەوێڵی بە هۆی کارەساتی ئۆتۆمبیل لە وڵاتی سوێد، دڵی پڕ هیوای لە لێدان کەوت.
شوان پەروەردەی دایک و بابێکی زەحمەتکێش و خەباتکار و شۆڕشگێڕ بوو کە ژیانی خۆیان تەرخانکرد بۆ خزمەتی چینی چەوساوە و بزوتنەوەی رزگایخوازی کوردستان و کۆمەڵە. شوان هەر بە منداڵی سەرکوت و ئازار و دوری لە دایە و بابەی چێشت، بەڵام پێگەیشت و خۆی پێگەیاند و بوو بە جێگای هیوا بۆیان. کەس نییە ناوی پێشمەرگەی دێرین و فەرماندەی خۆشەویست و بە وەجی پێشمەرگەکانی کۆمەڵە، حەبیبوڵڵا گەوێڵی(کێڵانە) نەبیستبێ. ئەو فەرماندەیەی بە ژیری و لێهاتوویی خۆی گیانی سەدان کەسی رزگار کرد، جەخار سەد جەخار دەبێ ئەوڕۆ شین بۆ شوان بگێڕێ. نا، نا دەزانین ئەم شین و خەمەش دەکاتە هێز بۆ رزگاری شوانەکانی سنە و سابڵاخ و هەموو کوردستان. ئێستا ئەم قوڵپی خەمە دڵی هەموو کۆمەڵە و ئازادیخوازانی کوردستانی داگرتوە و هەمومان جەرگمان پێی سوتا و، ناهێڵین حەبیبوڵڵا و فەریدەی هاوسەنگەر بە تەنیا باری ئەم کۆستە هەڵگرن. یادی شوان لە ناو دڵی هەموماندا زیندوە و بیرەوەریە شیرینەکان و سیمای سەمیمانە و پاکی هەرگیزاوهەرگیز لە بیرمان دەرناکەین.
ئێمە هاودەردی و هاوخەمی خۆمان و هەموو ریزەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بە هاوڕێیان فەریدە و حەبیبوڵڵا و هەموو بنەماڵە و کەسوکاری شوان رادەگەیەنین و پێیان دەڵێین دڵمان لەگەڵ دڵیانە و ئاواتی سەربەرزی و گەیشتن بە هیواکانیان بۆ دەخوازین.
بەرز و بەرێزە یادی شوان گەوێڵی
کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٨ی مارسی ٢٠١٤ – ١٧ی ڕەشەمەی ١٣٩٢