دەستگیرکرانی دوو هاوسەرۆکی ه.د.پ (سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یووکسەکداغ ) و هەشت نوێنەری کوردی ئەو حیزبە لە پارلەمانی تورکییە لە ماڵەکانی خۆیاندا بە دەستی هێزە تایبەتەکانی پۆلیسی ئەو وڵاتە، بووە لاپەڕەیەکی ڕەشی دیکە لە شێوازی نادموکراتیک و ملهوڕانەی حیزبی ئیسلامیی دەسەڵاتداری تورکییە بۆ بەڕێوەبردنی وڵات و درێژە هەوڵی دەسەڵاتدارانی تورکییەیە بۆ دەرفەت نەدان بە هەوڵی دموکراتیکی گەلی کوردی دانیشتویی ئەو بەشەی کوردستان بۆ گەیشتن بە مافەکانیان.
ئەم کارەی هێزە ئەمنییەتییەکانی تورکییە زیاتر و ئاشکراتر دەریخست هەموو پڕۆپاگەندەکانی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە بۆ پابەندبوون بە دموکراسی و هەوڵ بۆ چارەسەری مەسئەلەی کورد بە شێوازێکی ئاشتیخوازانە دوورن لە ڕاستی و دەسەڵاتدارانی تورکییە هیچ بایەخێک بۆ بەها دموکراتیکەکان دانانێن و تەنانەت نوێنەرانی پارلەمانی ئەو وڵاتە کە بە دەنگی خەڵک هەڵبژێردراون ئەگەر بە دڵی دەسەڵاتداران نەجووڵێنەوە وەکوو تاکەکانی دیکەی گەلی کورد لەو بەشەی کوردستان بە گرتن و زیندان وەڵامیان دەدرێتەوە و ئەردوغان و هاوبیرەکانی لە تورکییە دەیانەوێ هەموو دەنگێکی ئازادیخواز و دژی دیکتاتۆری لەو وڵات بخنکێنن.
ئەم کردەوە نایاسایی و نادموکراتیکەی دەوڵەتی تورکییە بە توندی مەحکووم دەکەین و خوازیاری ئازادکرانی خێرای گیراوەکان و بەندکراوانی سیاسیی دیکەی کورد لەو وڵاتەین.
کومیسیونی دەرەوەی وڵاتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە ڕێگەی ئەم ڕاگەیاندنەوە داوا لە هەموو هاوڕێیانی ئەندام، لایەنگران و دۆستانی کۆمەڵە دەکا کە هەوڵ بۆ ڕێکخستن و بەشداری چالاکانە لە ئەو خۆپیشاندان و چالاکییانەدا بدەن کە بۆ پشتیوانی لە گیراوەکان و دژایەتیی دیکتاتۆریی دەسەڵاتدارانی تورکییە ڕێکدەخرێ.
پشتیوانی لە گیراوان، پشتیوانییە لە خەباتی مەدەنی گەلی کورد لە باکوری کوردستان و پشتیوانییە لە هەوڵی گەل بۆ گەیشتن بە مافە ڕەواکانیان و دژایەتیی لەگەڵ دیکتاتۆری و بیری دواکەوتوانەی دەسەڵاتدارانی تورکییە.
بەردەوام بێ خەبات بۆ گەیشتن بە ئازادی و سەربەستی
کومیسیونی دەرەوەی وڵاتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٤ی مانگی نۆڤامبری ٢٠١٦