جەماوەری تێکۆشەری کوردستان!
حیزب و لایەنە سیاسییەکان!
لە یەک دوو رۆژی رابردوودا و،لەگەڵ پەرەسەندنی هێرش و بۆردمانی فرۆکەکانی ئەرتەشی تورکیە بۆ سەر ناوچە سنوورییەکانی باشووری کوردستان کە بە داخەوە بە هۆی ئەو دەستدرێژیانەوە کۆمەڵێک لە دانیشتوانی بێ دیفاعی گووندە سنوورییەکانی باشووری کوردستان گیانیان لەدەست دا،ژمارەیەک هێز و لایەنی سیاسی دەربارەی ئەو پێشهاتانە راگەیاندراوێکیان بڵاو کردۆتەوە کە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانیش وەک یەکێک لە واژۆکەرانی ئەو بڵاوکراوەیە ناوی لە ریزی واژۆکەرانی ئەو راگەیاندنەدا هاتووە.
بەمجۆرە و لە رێگای ئەم نووسراوەیەوە هەموو لایەک ئاگادار دەکەینەوە کە ئێمە وەک کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و،وەک پرەنسیپە ناسراوەکانی کۆمەڵە ،بە بەردەوامی دژی هەرجۆرە دەستێوەردان و لەشکرکێشی وڵاتانی ناوچەکە بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان بووین و،کرداری لەمجۆرەمان بە پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەری و دەستدرێژی بۆ سەر سنووری دەسەڵاتی یاسایی هەرێمی کوردستان زانیووە و مەحکوومان کردووە و،بەردەوام پارێزەری حەق و مافی رەوای گەلەکەمان لە هەموو پارچەکانی کوردستان بووین و هەین.
بەڵام ئەوەی جێگای نیگەرانی ئێمەیە ،ناوی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بەپێچەوانەی عادەت و عورفی باو و پرەنسیپەکانی زاڵ بەسەر پێوەندی و هاوکاری نێوان حیزب و لایەنە سیاسییەکان بۆ کاری هاوبەش،بە بێ ئاگاداری خۆمان،لە ریزی واژۆکەرانی ئەو راگەیاندنەدا تۆمار کراوە.
بۆیە ئێمە ڕایدەگەیەنین کە ئەو راگەیاندنە دوور و نزیک هیچ پێوەندییەکی بە ئێمەوە نییە و،کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لەبابەت پرسی لەمجۆرە خاوەنی سیاسەت و هەڵوێستی رۆشن و ناسراوە.
کۆمیسیۆنی پێوەندییە کوردستانیەکانی کۆمەڵە
٠٣/٠٧/٢٠١٩