بە داخەوە لە یەکەمین ساتەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٦ی خاکەلێوەی ١٣٩٤ هەتاوی، هاوڕێ خالیدی رەحمەتی، ناسراو بە سەید خالید، کەسایەتی ناسراو و خۆشەویستی کوردستان، فەرماندەی دیرین و ئازاو ماندویینەناسی کۆمەڵە، دڵسۆزی هاوڕێیان و خەڵکی زەحمەتکێش، بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لێکردین و کەلێنێکی گەورەی خستە ناومان.
هاوڕێ سەید خالید رەحمەتی، خۆشەویستی خەڵکی ناوچەکانی ساڕاڵ، چەمشار، سنە، سەردەشت، پیرانشار، مەریوان و بانە بوو. سەید خالید لە هەموو ئەم ناوچانە تێکۆشان و فەرماندەیی کردوە، فەرماندەی دڵسۆزی پێشمەرگەکان و کادری جێگای بڕوا و متمانەی خەڵکی گشت ناوچەکان بوو.
تایبەتمەندیی سەید خالید دڵسۆزیی بۆ خەڵک، نزیکی لە پێشمەرگە و خاکیبوون و خۆدەرنەخەریی بوو. هەر ئەو تایبەتمەندیانەش گەورەیان کردبوەوە و کردبویانە قەڵای ورە و بڕوا بۆ ریزەکانی پێشمەرگە. ئەو لە ژیانی تاراوگەشدا یەکێک لەوانە بوو کۆڕی هاورێیانی گەرم دەکرد، بە دەرد و مەرگی هەموانەوە بوو و قەت وەفای بۆ هاورێیانی، بۆ خەڵکەکەی و بۆ رێبازەکەی کەمی نەکرد. یەکێک لەو کەسانە بوو دڵی بۆ یەکگرتوویی کۆمەڵە لێیدەدا و ئەوەندە بۆی کرا حەولی بۆدا.
بە مەرگی سەید خالید، خەڵکی چەوساوەی کوردستان یەکێک لە ڕۆڵە کۆڵنەدەرەکانی خۆیان لە دەستدا، رەوتی چەپ و عەداڵەتخواز کادرێکی پاک و لێهاتووی نەما و پێشمەرگەی کوردستان لە بوونی یەکێک لە باشترین فەرماندەکانی مەحروم بوو. مەرگی هاوڕێ خالیدی رەحمەتی خەسارێکی گەورە بوو، بەڵام ژیانی پر بوو لە دەرس و ئەزمونی خەباتی رزگاریخوازانەی کوردستان، لیوانلێو بوو لە یەکرەنگی لەگەڵ خەڵک و دژایەتی لەگەڵ چەوسانەوە و ستەم.
ئێمە لە لایەن هەموو ریزەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانەوە سەرەخۆشی لە ئارەشی کوڕی و بنەماڵەیان، لە خەڵکی کوردستان بە تایبەتی خەڵکی سنە، لە ریزەکانی کۆمەڵە و لە هاوسەنگەرانی دەکەین. پەیمان نوێ دەکەینەوە کە یادی ئازیز و رێبازی پر لە شانازی هاوڕێ خالید رەحمەتی بەرز و بەرێز رادەگرین و، خەباتی بێوچانی بەرز دەنرخێنین.
کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٦ خاکەلێوەی ١٣٩٤هەتاویی یان ٢٦ مارسی ٢٠١٥ زایینی