کرێکاران و زەحمەتکێشان!
جەماوەری ئازادیخوازی کوردستان!
ئەوەڵی مانگی”مەی”ی ئەمساڵ لە هەلومەرجێکی جیاوازتر و تایبەتدا بەرێوە دەچێت.کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ بەرینترین جووڵانەوە و خرۆشانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش بەرەوروویە.ئەم راپەرین و سەرهەڵدانە پرشکۆ و لەشکاننەهاتووەی کە لە مانگی بەفرانباری ساڵی رابردووە سەریهەڵداوە،لەراستیدا راپەرینی کرێکاران و زەحمەتکێشان و ئەو چین و توێژە بێ بەش و چەوساوەیە بوون کە کۆماری دژە کرێکاری و،کۆماری ئیسلامیی”ئاغازادە”کان فرمێسکی درۆینەیان بۆهەڵدەرشتن.جووڵانەوەی نارەزایەتی کرێکاران و زەحمەتکێشان لە بەفرانباری رابردووە هەروا بەردەوامە.ئەم جووڵانەوە نارەزایەتیانەی کرێکاران و زەحمەتکێشان،کە هەڵقووڵاوی خواست و ئارەزوەکانی بێ بەشترین و چەوساوەترین چین و توێژی کۆمەڵگایە،لەراستیدا سەرکێشی و راپەرینە لە دژی نیزامێک کە بەشێوەیەکی کەم وێنە جیاوازی چینایەتی و کەلەبەرە کۆمەڵایەتیەکان لە سایەی ئەو سیستەمەدا زەق بوونەتەوە و،نادادی و نەبوونی دادپەروەی کۆمەڵایەتی لە ترۆپکی خۆیدایە.لەکاتێکدا زۆرینەی هەرەزۆری دانیشتوانی ئێران لەژێرهێڵی هەژاریدا دەژین،بەتاڵانبردنی سەروەت و سامانی ئەو کۆمەڵگایە لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئیسلامی و فەرماندەرانی سپای پاسداران و کابینە و نوێنەرانی مەجلیس و ئاغازادەکانەوە بە شێوەیەکی باوەرپێنەکراو و خەیاڵی لە هەڵکشاندایە.هەر بە پێی دانپێدانان و پەردەلادان لەسەر یەکتری کە ئیتر ئێستە بۆتە دیاردەیەکی باوی دەسەڵاتدارانی حکوومەتی ئیسلامی وەک،دیار نەمانی ٧٠٠ میلیارد دۆلار لە دەورانی سەرۆککۆماریی ئەحمەدی نژاددا،وەک دزین و هەڵووشینی بە میلیارد دۆلار لە لایەن بەرپرسان و کاربەدەستانی حکوومەت و ئاغازادەکان و،هەڵاتنیان لە ئێران،گۆرینی “ئاستانی قودسی رەزەوی”لە بنکەیەکی ئاینییەوە بۆ دامەزراوەیەکی بەهێزی داهات و ئابووری،بوونی ئاخوند و ئایەتوڵڵاکان بە گەورەترین دەڵاڵی بازار و کۆپانییە جیهانیەکان و،بوون بە چاوچنۆکترین خاوەنانی سەرمایە،بوونی فەرماندەران و کاربەدەستانی سپای پاسداران بە گەورەترین قاچاغچی و دزی بەرهەمی رەنج و ژیانی زۆرینەی کۆمەڵگا،هاوتەریبە لەگەڵ پاڵپێوەنان و راماڵینی زۆربەی هەرزۆری دانیشتوانی کۆمەڵگەی ئێران بەرەو ژیانێکی مەمرەومەژی و سەپاندنی نامرۆڤانەترین هەلومەرج بەسەریاندا.لە کاتێکدا کە بە دەیان میلیارد دۆلار لە ساڵدا دەکرێتە تێچووی شەر و مەیلی شێتانە وشەرخوازانەی دەسەڵاتدارانی ئیسلامی و پرچەککردن و پۆشتەوپەرداخکردنی تاقم و گرووپە تیرۆریستیەکان،ئەوە کۆمەڵگەی ئێران بە بوونی دیاردەی بەربڵاوی منداڵانی سەرشەقام،کارتۆن خەوەکان و ئەو هەژارانەی لەناو گۆرستانەکاندا دەخەون،بە هەڵکشان و پەرەسەندنی دیاردەی فرۆشتنی گورچیلە و ئەندامەکانی لەش،بە پەرەسەندنی دیاردەی ئیعتیاد و لەشفرۆشی و بێکاریی روولە زیادبوون،لە راستیدا بۆتە دۆزەخی کرێکاران و زەحمەتکێشان.
ئەو سەدان سەرهەڵدان و راپەرینە کرێکارییانەی چەند مانگی رابردوو،لەراستیدا راپەرین و وەستانەوە لەدژی ئەم نابەرابەری و نادادپەروەرییە کەم وێنەیەیە.راپەرینەکانی ئەم دوایانە تەرازووی هێزی لە قازانجی کرێکاران وگۆریوە و، دەنگی ئازادیخوازیی خۆی وەک پێشەنگی خەباتی کۆمەڵایەتی لە ئێران بەگوێی جیهان گەیاندووە.
لە کوردستانیش لە چەند حەوتووی رابردوودا و لە چەند شارێک مانگرتنێکی بەرین لە لەیەن توێژی زەحمەتکێش و کۆڵبەرانەوە لە ئارادایە وهەتا ئێستاش بەردەوامە.ئەم مانگرتنە و شەپۆلی پشتیوانیکردن لە مانگرتوان لە راستیدا ئاوێنەی باڵانوێنی وەستانەوە بەرامبەر بە ٤٠ ساڵ داگیرکاری حکوومەتی ئیسلامییە لە کوردستان.وەستانەوەیە بەرامبەر بە سیاسەتی بە ئەنقەستی هەڵاواردنی ئابووری و دواکەوتووراگرتنی سیستماتیکی فەرهەنگی و پیشەسازی کوردستان.دەربرینی نەفرەت و بێزارییە لە حاند تاڵان وبرۆی کانە سروشتیەکان و سامانە ژێرزەوییەکانی کوردستانە،کە شانبەشانی لەشکرکێشی و سیاسەتی ملیتاریزەکردنی کوردستان،سیمای راستەقینە و ئاکامی بوونی ئەم رژیمە لە کوردستان دەردەخات.
بێگومان ئەمساڵ شاهیدی خەبات و جووڵانەوەی بەرینی کرێکاری دەبین لە ئێران.قەیران روولەزیادبوونی رژێم،هەلئاوسانی ئابووری و دابەزینی بەهای دراوی ئێران لە بازارە جیهانییەکاندا،شکست و بنبەستی رژیم لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و تێچووی زۆروزەوەندی سیاسەتی شەرخوازانە وهەناردەکردنی شۆرشی ئیسڵامی،ئەوەندەیتر ئەو رژیمە لەگەڵ سەرهەڵدانی نارەزایەتی و نافەرمانی بەرەوروو دەکات.خەباتە کۆمەڵایەتییەکانی چەندمانگی رابردوو کە ئێستا خەبات و جووڵانەوەی کرێکاران و چەوساوەکان بۆتە رابەر و پێشەنگی،بەردەوام دەبێ و،ئەم ئێرانی ئیسلامییەی کە هەتا ئەمرۆ زیندان و ناوەندی تالان وبرۆی ژیان و بژیوی زۆرینەی دانیشتوان بووە دەکاتە گۆرپانی خەبات و تێکۆشانی کرێکاران و زەحمەتکێشان.
یەکی ئەیار رۆژی جیهانیی کرێکار لە هەموو کرێکاران و زەحمەتکێشان و،لە هەموو ئەو کەسانە پیرۆز بێ کە لە پێناو دامەزراندنی جیهانێکی دوور لە چەوسانەوە و هەڵاواردن و ستەم خەبات دەکەن.
بژی ئەوەڵی مانگی مەی،رۆژی هاوپشتی جیهانیی کرێکاران
بژی سۆسیالیزم
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
١٠ی گوڵانی ١٣٩٧