بە داخێکی زۆرەوە پاشنیوەرۆی رۆژی پێنجشەممە ٦ی خەزەڵەوەر مامۆستا هێدی(کاک خالیدی حیسامی) ماڵئاوایی لە ژیانی کرد.
مامۆستا هێدی نەک هەر ئەستێرەی گەشاوە و مامۆستای پلەبەرزی ئەدەب و هونەری کوردی بوو، بەڵکوو پێشمەرگەیەکی دێرین و مامۆستای نیشتمانپەروەرییش بوو. ئەو نەک بەشیعر و هەڵبەستی هەژێنەر و بێ وێنە، هەر لە کۆماری کوردستانەوە تا شۆڕشی باشور هەوڵیداو کۆڵی نەدا و سەدان تێکۆشەر و ئەدیبی لە ناو شۆڕش بارهێنا، بۆ ساتێکیش لە بەرخۆدان و وەستان دژ بە داگیرکەرانی کوردستان سڵی نەکردەوە. لە پێناو بزوتنەوەی کوردستاندا بێ دوو دڵی، سەختی ڕێگا و ئاوارەیی هەڵبژارد. جیا لە شیعرەکانی، بیرەوەرییەکانی لە ژیر ناوی “ئاوێنە شکاو”، ئاوێنەی باڵانوێنی ڕاستی و خۆشەویستیی ئەوە بۆ گەل و کوردستان.
ئێمە سەرەخۆشی خۆمان بە هەموو خەڵکی کوردستان، بنەماڵەی حیسامی و بە تایبەتی بە هاوڕێ ناسری حیسامی ڕادەگەیەنین. یادی “هێدی” بۆ هەمیشە لە ئەدەب و شۆڕشی کوردستاندا بەرز و بەڕێزە. نامرن ئەوانەی وا لە دڵی میللەتا دەژین.
کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٢٧. ١٠. ٢٠١٦ – ٦ی خەزەڵوەری ١٣٩٥ی هەتاویی