٣١ی جۆزەردان، ڕۆژی شەهید بوونی هاوڕێ خانە موعینی لە شەڕ لەگەڵ هێزەکانی بەعس، بە بڕیاری کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵە وەک ڕۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵە دیاریکرا. لە ساڵی ١٣٥٨ هەتاوی بەولاوە هەموو ساڵێ ئەم ڕۆژە لە مەقەڕەکانی کۆمەڵە، لە شار و لە دێ و، لە لایەن دۆستان و لایەنگرانی و بنەماڵەی گیانبەختکردوان کۆمەڵەوە، ڕێزی لێدەگیرێ و بە شێوازی جۆراوجۆر یادی ئەم ڕۆژە دەکرێتەوە. یادی هەموو شەهیدانی تێدا بەرز رادەگیرێ، رێز لە خەبەت و تێکۆشانی هەموو ئەو کەسانە دەگیرێ کە لە سەنگەری بەرگریدا لە ریزی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە خەباتیان کردوە. هەروەها ٣١ی جۆزەردان دەرفەتێکە تا جارێکی دیکە پەیمان نوێ بکەینەوە بۆ وەدیهێنانی ئامانجی رزگاریی خەڵکی کوردستان لە دەست ستەمی نەتەوەیی و چەوساندنەوەی ئینسان بە دەستی ئینسان.
ئەوڕۆ لە هەلومەرجێکدا یادی ٣١ی جۆزەردان بەرز رادەگرین کە گەلی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان، هەم دەسکەوتی گەورەی وەدیهێناوەو، هەم رووبەڕوی هێرش و پیلانی دوژمنانیش بۆتەوە. بۆیە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لەگەڵ پیرۆزکردنی ئەم ڕۆژە، جەخت لەوە دەکاتەوە کە کۆمەڵە بۆ وەدەستهێنانی مافی نەتەوەیی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سورتر لە جاران لە سەنگەری بەرگری دەمێنێتەوەو، وەک هەمیشە قەڵای قایمی دیفاع لە کرێکاران و زەحمەتکێشان دەبێ و بۆ ئەم مەبەستە و بۆ گەورەکردنەوە، یەکگرتنەوە و، هاتنەوە مەیدانی کۆمەڵەیەکی خەباتکاری جەماوەریی، تێدەکۆشێ و هەوڵەکانی تا ئێستای لەم بوارەدا چڕتر دەکاتەوە.
ئێمە لەم هەلومەرجەدا جارێکی دیکە لەسەر راگرتنی هێزی پێشمەرگە و پەرەپێدانی، لەسەر دەوری بەرگری چەکدارانە لە بەرانبەر هێرشی نیزامی و رێگاچارەی ئەمنی و نیزامی مەسەلەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە، پێداگری دەکەینەوە و تا دیکتاتۆری و زەوتکردنی ماف، سیاسەتی داگیرکەران بێ، خەڵکی کوردستان چەک لە شانیان ناهێننە خوار و هێزی پێشمەرگەش دەمێنێ.
ئەوڕۆ روداوەکانی ناو عێراق و بوونی چەندین جۆر هێزی چەکداری ترۆریست لە ناوچەکە و هەڕەشەکانیان لە سەر بزاوتی کورد، دەیسەلمێنن کە تا چ رادەیەک بوونی هێزی چەکداری پارێزگاری دێمۆکراسی لە بزوتنەوەی رزگاریخوازی کورد و پشتیوانی خەباتی مەدەنی و سیاسی جەماوەریی، پێویستیەکی حاشاهەڵنەگرە. کۆمەڵە خۆی ئامدە دەکات لە دەوری داهاتوودا لە باری چەندایەتی و چۆنایەتی بایەخی زۆرتر بەم هێزە بدات و ئامادەی هاوکارییە لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی هەموو هێزە سیاسیەکان بۆ بەرگری لە خەباتی گەلی کوردمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەموو هەنگاوێک باوێژێ.
لەم بۆنە پیرۆزەدا کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان یادی هەموو گیانبەختکردوانی کۆمەڵە بەرز رادەگرێ و سڵاو دەنێرێ بۆ هەموو بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و پەیمان نوێدەکاتەوە کە بە گیان و دڵ پارێزگاری لە دەسکەوتە مێژوییەکانی پێشمەرگەی کۆمەڵە بکات و پەرەیان پێبدات.
بەرز و بەریز بێ یادی کاک خانە موعینی و هەموو کیانبەختکردوانی کۆمەڵە
پیرۆز بێ ٣١ جۆزەردان، ڕۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵە
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٣٠ جۆزەردانی ١٣٩٣ هەتاوی