خرۆشی بەرینی یەکسانی و ئازادیخوازانەی ٨ی مارسی ئەمساڵ، گەلێک لە ساڵانی پێشوو جیاوازترە. بەربەستی قایمی دژە ژنی کۆماری ئیسلامی درزی تێکەوتووە. ئەو یاسا و رێسا نامرۆڤانە و دژە ژنانەی کە بەرد بە بەردیان لەگەڵ سەرکوت و هێرشی دڕندانە بۆسەر ژنان و ئازادی و مرۆڤایەتی لەسەریەک هەڵچنیبوو، خەریکە دادەڕوخێ و، تەنانەت کۆنەپەرسترین مۆرەکانی سەربە ویلایەتی فەقیهیش، یان توانا و جوربزەی بەرگریکردنیان لەو یاسا و رێسایانە نییە، یان بێدەنگەیان لێکردوە.
٨ی مارسی ئەمساڵ لە چاو یەکەمین ٨ی مارسی پاش هاتنەسەرکاری کۆماری پیاوانی مەزهەبی کە خەریک بوون بە سەرکوتی خوێناوی رێپێوانی ژنانی ئازادیخواز، بناغەی قۆناغێکی رەش و سەرکوتگەرانەی دادەڕشت، زۆر جیاوازە. ئەوکات کۆماری ئیسلامی کە سەرمەستی سەرکەوتن و ئەو دەرفەتە بوو کە بۆی رەخسابوو، شێتانە بەرەوپێش دەڕۆیشت و زۆر دڕندانە خۆڕاگری و بەربەرەکانێی ژنان و هەموو ئازادیخوازانی تێکدەشکاند. بەڵام ئەمڕۆ لە سایەی خەبات و هاتنە مەیدانی خۆڕاگرانەی ژنان لە چەند مانگی رابردوودا کە پشت ئەستوورە بە ٤٠ ساڵ خۆڕاگری و بەربەرەکانێ، کۆماری ئیسلامی خستۆتە لێواری زەلکاو و ریسوایەکی تایبەتەوە. لە ئاکامی ئەم خەبات و بەرەنگارییە بوێرانەیە لە مەیدان و شەقامەکانی “ئینقلاب”دا، ملهوڕی و باڵادەستی کۆماری ئیسلامی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تێکشکاوە. هاتنەمەیدانی ژنان لەو چەند مانگەی رابردوودا زیاتر لە هەر هۆکاریکیتر ئاسۆ و داهاتووی ئەم رژیمەی لێڵ کردووە. بێگومان رەوتی ئەم خەبات و هاتنەمەیدانەی ژنان بەرەو دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی ئازاد و بەرابەر هەنگاو دەنێ. ئەگەر ئەوکات بەهاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی و زاڵبوونی کۆنەپەرستیی مەزهەبی هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێی نایە تاریکترین و رەشترین قۆناغ بۆ ژنان، ئەوە ئەمڕۆ دەنگدانەوەی ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی خەباتی ژنان سنوورەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بەزاندووە و بۆتە هەواڵی گرینگترین ناوەندە هەواڵنێرییەکان.
بێگومان بە هەڵتەکاندنی ئەم دامودەزگا سەرکوتگەرە مەزهەبییەو، بە هەڵوەشاندنەوەی ئەم سیستەمە ناعادڵانەیە و سڕینەوەی یاسا و رێسا غەیرەئینسانیەکانی و، بە هەڵوەشاندنەوەی ئەم کۆمەڵگا چینایەتییە نابەرابەرە کە تێیدا قورسایی هەژاریی و بێکاریی و برسییەتی و رۆژڕەشی زیاتر لەسەر شانی ژنانە، نەک تەنیا ژنانی ئێران، بەڵکوو پیاوان و هەموو مرۆڤایەتی بە گشتیی رزگار دەبێ و ئاسمانی شینی ئازادی و رزگاربوون لە کۆنەپەرستی بەرووی ژنان و پیاوانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەکرێتەوە.
لە کوردستاندا کە شاهیدی یەکەمین ئێعدامکردنەکانی ژنانی خەباتکار بوو، ئەوکاتەی کۆماری ئیسلامی لە رێگای هێرشکردنە سەر ژنان دەستی کرد بە سەرکوتی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان، ژنانی ئازادیخواز و چەپ و سۆسیالیست شان بە شان و بە پاڵپشتیی پیاوانی ئازادیخواز و بەرابەریخواز، مێژوویەکی چل ساڵەی لێوانلێو لە خەبات و خۆڕاگری و گیانبازی و فیداکارییان تۆمار کردووە.
هەر لە سەنگەرەکانی پێشەوەی خۆڕاگری بەرامبەر هێزی داگیرکەرەوە، لە شەری ٢٤رۆژەی شاری سنە، لە خۆراگریی نێوسیاچاڵ و ئەشکەنجەگاکانی رژیم و، وەستانەوە لە مەیدانی ئێعدام و تیرەبارانکردن، چالاکیی چەکدارانە لە ریزی پێشمەرگەکانی کۆمەڵە و بەشداریکردنی بەرچاو لە زۆربەی هەرەزۆری شەڕ و رووبەڕووبوونەوەکانی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە، هەتا خەباتی مەدەنی و کۆمەڵایەتی لە ناو کۆڕ و کۆمەڵ و ئەنجومەنە ئەدەبییەکان، رێکخراوەکانی ژنان و کۆر و کۆمەڵی جەماوەری و، هەتا قورسایی زیاتری کاری ناو بنەماڵە و دەور و نەقشی ئابووری و، کاریگەری بەرچاو لە بواری ئەدەبیات و مۆسیقا و شانۆ، هەتا رێکخستنی جووڵانەوەی گەورە و بچووک لە دژی ئەو کوشتنانەی بە نێوی “کوشتن لەسەر شەرەف” ناودێرکراون، وەستانەوە لەئاستی خۆکووژییە بە ئەنقەست و داسەپاوەکان،و حوزووری بەرچاو لە خەباتی سیاسی لە کوردستاندا و لە ئاستی رێبەرایەتی حیزبە سیاسییەکان و لە گەلێک بواریتردا، ژنانی کوردستانی کردۆتە جەمسەرێکی گرینگ و حاشاهەڵنەگر. ژنانی کوردستانی ئێران کە ژنانی وشیار و چەپ و سۆسیالیستی کۆمەڵە پێشەنگیان بوون، گەلێک کاریگەری بەنرخ و بەرچاویان لەسەر خەبات و دەورونەقشیان لە هەموو پارچەکانی دیکەی داناوە کە لە “کۆبانی”و ئێستاش لە “عفرین” دەیبینین.
پرشکۆبێت خەباتی ژنانی ئازادیخواز
بەرێز و بەرێز بێت یاد و ناوی هەموو ژنانی گیانبەختکردووی رێگای ئازادی و بەرابەری
بژی ئازادی و سۆسیالیزم
بڕوخێت رژیمی کۆماری ئیسلامی
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٧ی مارسی ٢٠١٨ی زایینی
١٦ی رەشەمەی ١٣٩٦ی هەتاوی