بە داخەوە شەوی ٢١ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ی هەتاوی، رێکەوتی ١٢ی نوامبری ٢٠١٧ی زایینی، زنجیرەیەک بوومەلەرزەی بەهێز بە شێوەیەکی کەم وێنە و بەربڵاو وڵاتانی ناوچەکەی هەژاند کە زۆر بەداخەوە لە بەشێکی بەرچاو لە کوردستانی رۆژهەڵات و کوردستانی باشوور زەرەر و زیانی گیانی و ماڵی بەرچاوی بە خەڵک گەیاند.
بە پێی ئامارە سەرەتاییەکان لە کوردستانی رۆژهەڵات و بە تایبەت شار و شارۆچکە و ئاواییەکانی پارێزگای کرماشان، بە سەدان کەس گیانیان لەدەستداوە و هەزاران کەسیش بریندار بوون و ژمارەیەکی زۆری خەڵک ماڵوێران و دەربەدەر بوون. لە کوردستانی باشووریش زیانێکی زۆر بەر چەندین ناوچە کەوتووە و بەدەیان کەسیش بوونەتە قوربانی و بە پێی راپۆرت و ئامارەکان بەنداوی دەربەندیخانیش تووشی زیان و خەسارەت بووە و مەترسی داڕمان و کارەساتیکی مرۆیی گەورەی لێدەکرێ.
لەو کارەساتەدا ئەو ناوچانەی کە زۆرترین خەسار و زیانی گیانی و ماڵیان بەرکەوتووە، رێک ئەو ناوچانەی هەرتک پارچەی کوردستانن کە بە هۆی سیاسەتی دوژمنکارانە و هەڵاواردنی بەئەنقەستی داگیرکەران و دەوڵەتانی ناوەندیی ئێستا و پێشووتری ئێران و عێراق، لە هەژارترین ناوچەکانی کوردستانن و لە شەڕی ماڵویرانکەری ئەو دوو دەوڵەتە داگیرکەرەشدا تووشی زۆرترین زیان و ئاوارەیی و ماڵوێرانی بوون.
ئێستاش کە ئەو ناوچانە تووشی ئەو کارەساتە دڵتەزێنە هاتوون و پێویستی زۆر خێرا و دەستبەجێیان بە یارمەتی هەیە، بەداخەوە و بە پێی ئەو زانیارییانەی دەگەن و بڵاودەبنەوە بەهیچ جۆرێک بەدەنگەوە هاتنی حکومەت لەئاستی گەورەیی کارەساتەکەدا نییە.
ئەمەش لەکاتێکدایە کە بە پێی وتەی ئیسحاقی جەهانگیریی، جێگری سەرۆک کۆماری ئێران زۆربەی زیانەکان لە پارێزگای کرماشان بەر ئەوە خانوە ئاپارتمانییانە کەوتوون کە لەلایەن دەوڵەتەوە بەناوی “مەسکەنی مێهر” بۆ خەڵکی کرێچی و بێ ماڵ دروستکراون.
ئێمە وەک کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان وێڕای دەربرینی هاوخەمی و هاودەردیی قووڵی خۆمان لەگەڵ خەڵکی کوردستان بە گشتی و ئەو هاونیشتمانیانەمان کە لەو رووداوەدا زیان و خەساریان دیوە، لە قووڵایی دڵەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری قوربانییەکانی ئەم کارەساتە دەکەین و، هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ بریندارەکان دەخوازین.
داواکارین لە خەڵکی بە ئەمەگ و تێکۆشەری کوردستان بە هەموو هێز و توانایانەوە بە هانای زیانلێکەوتووان و قوربانیانی ئەو کارەساتەوە بچن و، دەرفەتی هیچ چەشنە مانۆر و کەڵک وەرگرتنێک لەم کارەساتە بە رژیمی ئیسلامی ئێران نەدەن.
هەئیەتی ئیجرایی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
١٣/١١/٢٠١٧