دوێنێ دەستی تیرۆر و تۆقاندن بۆ جارێکی دیکە گەیشتە هەولێر و دەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کردە ئامانج و دەیان کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.
بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرکەوتووانە و دێمۆکراتیکی پەرلەمانی کوردستان لەلایەک سەربەرزیی بوو بۆ کوردستان و لە لایەکی دیکەوە ترسی خستە دڵی نەیارانی و دوژمنانی ئەم ئەزموونەی کورد. تیرۆری پلان بۆ داڕێژراو و بیرلێکراوەی دوێنێ کە ئاشکرایە رێکخراو و مەبەستدار بووە، شێواندنی ئارامی ئەم هەرێمە و بەڕێوەبردنی سیاسەتی گوشار خستنە سەر حکوومەتی هەرێمە.
بە دڵنیاییەوە ئەم پیلانەی تیرۆریستانیش وەک هەموو هەوڵەکانی دیکەیان بە وشیاری و یەکگرتوویی خەڵکی کوردستان پووچەڵ دەبێتەوە. ئەم کردەوە جینایەتکارانەیە تەنیا دەبێتە هۆی بەرز راگرتنی ئەم دەسکەوتانە و پتەوکردنی ئیرادەی هەموو خەڵکی کوردستان بۆ بەربەرەکانێی تیرۆریستان و دوژمنانی کورد.
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
30/9/2013