هەروەک هەموان ئاگادارن و لە مێدیاکاندا بڵاوکرایەوە، شەوی ٧ لەسەر ٨ مانگی ئاگۆست، واتە ١٦ لەسەر ١٧ مانگی گەلاوێژی ١٣٩٤ هەتاوی، بەکرێگیراوێکی کۆماری ئیسلامی کە ماوەیەک بوو خۆی خزاندبووە ناو ریزەکانی کۆمەڵە، لە یەکەم ساتەکانی ڕۆژی شەممە ١٧ گەلاوێژ ویستی لە هەوڵێکی نەزۆکدا هاوڕێ رەزا کەعبی، بەرپرسی دەستەی کارگیڕیی کۆمەڵە تیرۆر بکات، بەڵام بە خۆشحاڵیەوە کردەوەی چەپەڵی ئەم خۆفرۆشە بە وشیاریی پوچەڵ کرایەوە و هاوڕێ رەزا بێ هیچ ئازارێک لەم تیرۆرە رزگاری بوو.
لەو دوو رۆژەدا دۆستان، هاورێیان و نوێنەرانی لایەنە سیاسیەکان بە شێوەی جۆراوجۆرو بە پەرۆشەوە هاودڵی و ئامادەیی خۆیان بۆ هەموو هاوکارییەک دەربڕیوە. ئێمە لە لایەن دەستەی کارگێڕیی و کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵە و هاوڕێ رەزا کەعبییەوە سوپاسی هاوخەمی و بە پەڕۆشی هەموان دەکەین و دڵنیاین ئەم کردەوە دژە ئینسانی و ترسنۆکانە تەنیا دەبێتە هۆی ریسوایی زۆرتری کۆماری سێدارەو تیرۆری ئیسلامی و کاربەدەستانی و، دەبێتە هۆکاری یەکگرتوویی زۆرتری بزاوتی رزگاریخوازی کورد.
بە بروای ئێمە ئەوە سەرەتای دەورەیەکی نوێی کاری تیرۆریستی کۆماری ئیسلامی دژ بە ئۆپۆزیسیۆنی کوردی ڕۆژهەڵاتە کە دەبێ بە هاوئاهەنگی و هاوکاریی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پوچەڵ بکرێتەوە.
سکرتاریەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٩ ئاگۆستی ٢٠١٥ یان ١٨ گەلاویژی ١٣٩٤ هەتاویی