بەمجۆرە رادەگەیەنین کە بە بڕیاری پلۆنۆمی دهیهمی كومیتهی ناوهندی، له چەند مانگی داهاتوودا کۆنگرەی چواردەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بەڕێوەدەچێت.
ئەم کۆنگرەیە لە هەلومەرجێکدا ئامادەکاریی بۆ دەکرێ کە کوردستان و ئێران و رۆژهەڵاتی ناوەراست لە قۆناغێکی گەلێک هەستیار و تایبەتیدان و بە گشتی ناوچەکە لەبەردەم گەلێک گۆڕانکاریی چاوەڕوانکراو دایە. لێرەدا پێویستە بڵێین کە بێجگە لە ئەرکە دیاریکراوەکانی هەموو کۆنگرەیەک و پەسەندکردنی پێرەو و پڕۆگرام و هەروەها پێشکەشکردنی راپۆرتی کۆمیتەی ناوەندی بە کۆنگرە، کۆمەڵێک بابەتی فیکری و سیاسی و لەوانە پێگەی بزوتنەوەی چەپ و سوسیالیستی له كوردستان، ستراتێژی و رەوتی بزوتنەوەی رزگاریخوازی نەتەوەیی لە کوردستان، بزوتنهوه مەدەنی و جەماورییەکانی کوردستان کە بە تایبەت لەم ساڵانەی دواییدا سەنگ و پێگەی کوردستانی بەچەند قات بردۆتەسەر و ناو و ناوبانگی کوردستانی زیاتر لە پێشوو خستۆتە سەر زاران، هاوکاریی نێوان حیزبە سیاسییەکان و بابەتی بەرەی کوردستانی، پێوەندی بزوتنەوەی کوردستان لەگەڵ باقی بزوتنەوە سیاسییەکانی ئێران و ناوچەکە و کۆمەڵێک بابەتی تر، لەو پرسە گرینگانەن کە دەبێ کۆنگرەی چواردەی کۆمەڵە بەلەبەرچاوگرتنیان و بە بەرچاوڕوونی و شەفافییەتێکی قووڵی فیکری و سیاسییەوە رێبازی داهاتووی کۆمەڵە و رێبەرایەتییەکەی دیاری و ئامادە بکات.
هەیئەتی ئیجرایی کۆمەڵە لە دوایین دانیشتنی خوێدا و لەبەر رۆشنایی راسپاردە و پەسندکراوی پلێنۆمی کۆمیتەی ناوەندی و بۆ ئامادەکاریی بەڕێوەچوونی کۆنگره رێکارە پێویستەکانی دیاری کرد كه بریتین له وەگەڕخستنی بۆڵتەنی باسەکانی کۆنگرە، بەڕێوەبردنی کۆڕو سیمیناری سیاسی لە گەڵ رێکخراوە و بەشە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵە و پێداچوونەوە بەسەر پەیرەوی ناوخۆ و بەرنامەی سیاسی لەو هەنگاوانەن کە خراونەتە ئاجێندای دهستهی ئامادەکاریی کۆنگرەوه.
بەمجۆرە داوا لە هەموو هەڵسووڕاوان و چالاکانی بزووتنەوەی چەپ و سوسیالیستی کوردستان و ئەو تێکۆشەرانەی کە لە پێناو بەسەرکەوتن گەیاندنی جووڵانەوەی رزگاریخوازیی کوردستاندا خەبات دەکەن دەکەین یارمەتیدەرمان بن تا کۆنگرەی چواردەی کۆمەڵە بە بەرچاوروونی و شەفافییەتی زیاترەوە پرس و بابەتە گرینگەکانی بەردەم خۆی تێپەڕێنێ و لەئاست ئەرکەکانی بزوتنەوە وەڵامدەرەوە بێ و زیاتر لە رابردوو ئەم کۆنگرەیە و کۆمەڵەی زەحمەتکێشان لەگەڵ بزووتنەوە جەماوەرییەکان لێکهەڵپێکرێن و ببنەوە بە بەشێکی جیانەکراوە لە ئاوات و ئارەزووی جەماوەری خەڵک.
هەروەها بانگەوازی هەموو هاوڕێیانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان دەکەین هەتا شێلگیرانە و لێبراوانە بەشداری باسەکانی کۆنگرە بن تا تێبکۆشین کۆنگرەیەکی سهركهوتوو بەڕێوەبەرین.
Congress@komala.com
هەیئەتی ئیجرایی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
١٤ی رەزبەری ١٣٩٨ی هەتاوی
٦ی ئۆکتۆبری ٢٠١٩ی زایینی