ئەو ساڵ لە هەلومەرجێکدا ڕۆژی جیهانی ژن لە ئێران و کوردستان بەرز ڕادەگیرێ کە کۆماری ئیسلامی چلەمین ساڵی دەسەڵاتی دژ بە ژن تێپەڕ دەکات. چل ساڵ لەوەپێش رژیمێک هاتە سەر کار و یاساگەلێکی داسەپاند کە بەوپەڕی کۆنەپەرەستی هەموو مافێکی لە ژن ئەستاندەوە. ئەو دەسەڵاتە لە ماوەی ئەو چوار دەیەدا بە هەموو توانی خۆی حەولی داوە تا کولتورێکی کۆنەپارێزی دژ بە ژن لەناو ماڵ، لە خوێندنگا، لە شەقام و کۆڵان، تەنانەت لە نێو هەموو کۆڕ و کۆمەڵ و ناو هێڵەکانی گواستنەوە گشتیی و، لە شوێنی کاریش پەرە پێبدات و، هەموو ئاسەواری پێشکەوتویی نێو کۆمەڵ بسڕێتەوە. بەڵام لەو دوو دەیەی ڕابردوو ئەو دەسەڵاتە دواکەوتووە بەرەورووی بەرەنگاریی جیددی بزاوتی یەکسانیخوازی ژنان بۆتەوە و بە گشتی بیر و زەینی کۆمەڵگاش گۆڕانی گەورەی بەخۆوە بینیوە و خەباتی ژن بۆ یەکسانی لەگەڵ پێشوازیی جیددی هەموو چین و توێژێک بەرەوروو بۆتەوە. بزوتنەوەی نەتەوەیی و ڕزگاریخوازانەی کوردستان بێ ڕزگاری ژن لە کۆت و بەندی نەریتی کۆنەپەرەستانە ناتوانێ لەو قۆناغەدا سەرکەوتوو بێ.
هەموومان دەزانین کە هاوکات لەگەڵ راونانی ژنان بۆ کونجی ماڵ و دانانی یاسای سەدەکانی ناوەڕاست، رژیم هێرشێکی دڕندانەی بۆ سەر کوردستانیش دەست پێکرد و بەم جۆرە ژنی کورد لەمبارەشەوە کەوتە بەر پەلامارێکی سەربازی دڕندانەش. ئێستا کێ هەیە نەبینێ و نەزانێ ژنانی کوردستان دەورێکی گەورەیان لە خەبات بە دژی کۆنەپارێزی گرتۆتە ئەستۆ بە ڕادەیەک تەنانەت لە بیروڕای گشتیی جیهانیش ناوبانگیان دەرکردووە و لە هەموو بواری خەباتی سیاسی و مەدەنی ڕۆڵ و کاریگەرییان بەرچاوە. لە ناو بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستانیش ئیتر بە هاسان کولتوری پیاومەزنی ناتوانێ مەیدانی بۆ چۆڵ بێ. حەقوایە هێز و حیزبە سیاسیەکانی کوردستان و بە تایبەتی کۆمەڵە، شان بە شانی ئەو پێشکەوتوویی بیر و هزری کۆمەڵگا، گۆڕانی جیددی لە ئاستی ڕێکخراوەییش بۆ پشتیوانی بزوتنەوەی ئەکسانیخوازی ژنان، لە خۆیان دا پێک بێنن و بە بوێریەکی نوی بۆ ڕاماڵینی پاشماوەی کولتوری کۆنەپەرەستانە هەنگاو بنێن. ئـێمە خۆمان داوا لە هەموو هاوڕێیان و ڕێکخستنەکانی کۆمەڵە دەکەین ئەو ڕۆژە بە شکۆوە جێژن بگرن و لە هەموو هەلومەرجێکدا دژ بە نەریتی پیاومەزنی بێ ڕاوەستان تێبکۆشن.
ئێستا کە کۆماری دژە ژنی پەت و سێدارە گڵۆڵەی کەوتۆتە لێژی و لەگەڵ بەربەرەکانێی جەماوەر لە ناوخۆ و، بەرهەڵەستیی دەرەکی بەرەوڕوو بۆتەوە، پێویستە هەم ڕێکخراوەکانی ژنان و، هەم چالاکانی مەدەنی و سیاسی و حیزبەکن دەست لە ناو دەستی یەک بۆ وەدیهێنانی کۆمەڵگایەکی یەکسان بۆ پرسی ژن و پیاو ئیقدامی جیددی بکەن. ئێمە جارێکی دیکە لە هەشتی مارس و ڕۆژی جیهانی ژن بەڵێن نوێ دەکەینەوە بە هەموو شێوازێک، پشتگیری لە بزوتنەوەی فێمێنیستی ژنانی کوردستان بکەین. خۆمان بە هاوسەنگەر و هاوخەباتیان دەزانین.
پیرۆز بێ ٨ ماڕس، ڕۆژی جیهانی ژن
بەرز و بەڕێز بێ یادی گیانبازی هەموو ئەو ژنانەی بۆ یەکسانی ژن و پیاو تێکۆشان
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٣ی مارسی ٢٠١٩ زایینی