سەرلەبەیانی رۆژی سێشەممە 25ی ئەپریل هێزی ئاسمانیی تورکیا زۆر بێڕەحمانە هێرشیان کردە سەر هەرێمی کوردستانی باشوور و کوردستانی رۆژئاوا کە لە ئەنجامدا کۆمەڵیک شەڕڤان و پێشمەرگە گیانیان بەختکرد.
ئەم کردەوە جینایەتکارانەیە لە کاتێکدایە کە پێشمەرگەو شەڕڤان لە گەڵ جەنایتکارانی داعش لە شەڕێکی سەخت و نایەکساندان و ئەوە سێ ساڵە دەورونەقش و کاریگەرییان لە بەرانبەر داعش دا وێردی زمانی هەموو دونیایەو گەلێک شانازییان بۆمروڤایەتی خۆڵقاندوە. رژیمی تورکیا چاوی بە سەرکەوتنەکانی خەڵکی کوردستان بەتایبەت لە باشوورو رۆژئاوا هەڵنایەو هەوڵ دەدا بە هێرشی دڕندانەی بۆ سەر کوردستان هاوئاھەنگی لەگەڵ داعش بکات و بزاوتی کوردستان تووشی گرفت بێنێ و ورە بە هێزە سەرکوتکەرەکەی ببەخشێ و پێیوایە بەم شێوەیە کە دەیان جار تاقی کراوەتەوەو سوواوە، دەتوانێ ئەو دەسکەوتانەی کە لە ئەنجامی خەبات و بەرخۆدانی خەڵکی کوردستان لە باشوور و رۆژئاوا بە دەستهاتووە لەبار بەڕێ و، دیسانەوە خەلافەتی کۆنی عوسمانی زیندوو بکاتەوە. لە لایەکی دیکەوە ئەم ھێرشە دەریدەخات کە پێویستە بزوتنەوەی کوردستان لە ڕۆژئاوا و باشور بۆ یەکگرتوویی هەوڵبدەن. ئەم کردەوەی تورکیا بیانوو بۆ ئێرانیش دەخوڵقێنێ کە دەستوەردانەکانی لە باشور و ڕۆژئاوا زیاتر بکات، بە تایبەتی ڕۆژئاوای کوردستان پێویستە لە ھەموو کات زۆرتر بۆ تەبایی ناوخۆیی ھێزە سیاسیەکان هەوڵ بدات.
ئێمە وێڕای مەحکومکردنی ئەم کردەوەی تورکیا پشتیوانی خومان بۆ خەڵک و خەباتکارانی کوردستان لە بەرانبەر ئەو هێڕشە دڕندانەدا لە رۆژئاواو باشوور دەردەبڕین و سەری رێز بۆ گیانبەختکردوان دادەنەوێنین و لە بنەماڵەکانیان و لە خەڵکی خۆراگر و خەباتکاری کوردستانی باشوور و رۆژئاوا سەرەخۆشی دەکەین.
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
26/4/2017 – 6/2/1396